
لەو ڕۆژانەدا، هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە، كە قایمقامێكی نوێ بۆ قەزای ڕواندز دادەنرێت و چەندین كەس سیڤییان پێشكەش كردووە . بێگومان گرنگە كەسێك بكرێتە قایمقام، كە لە نێو جەرگەی ئێش و ئازار و پێویستییەكانی خەڵكی شار بژیت، نەك وەك فەرمانبەرێك بەیانیان بێت و ئێواران بچێتەوە شارەكەی، بۆیە باشتر وایە لە شار بژیت و كەسێك نەبێت، تەنها بە ناو ڕواندزی بێت و دەیان ساڵ بێت لێرە نەژیابێت ! ئەوەی دەكرێتە قایمقام، نابێ كەسێك بێت پێشتر پۆستێكی حكومی لە شار بەڕێوەبردبێت و ئێستا سیڤی پێشەكەش كردووە كە هەرچی خەڵكی شارە لێی بە گلەیین. قامقامێكمان دەوێت، بتوانێت پزیشكێكی سۆنەر بۆ نەخۆشخانەی ڕواندز كە لە پەنجاكانەوە دروستكراوەو هەر وەك خۆیەتی دابین بكات، كە هەشت مانگ زیاترە بێ پزیشكە، بێ ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش توانای هەبێت كێشەكە چارەسەر بكات تاكو بۆ سادەترین حاڵەت نەخۆش ڕەوانەی نێو ئاپۆڕای نەخۆشخانەی ئاشتی نەكەن. قایمقامێكمان دەوێت، ئاوڕ لە گوندە تێنووەكانی دۆڵی ئاكۆیانی تێكۆشەر و قوربانیدەر بداتەوە، كە خەریكە لە تێنووەتیدا دەخنكێن، وێرای ئەوەی دووساڵە، پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆڕی ئاویان بۆ تەواو كراوە، بەڵام نەخراوەتە گەڕ. قایمقامێكمان دەوێت، هەلی كار بۆ گەنجەكان بڕەخسێنی، لە بەزم و بێزاری و هەراو هۆریای ماتَۆرسكیلەكانی شار نەجاتمان بدات، كە شەو و ڕۆژ خەڵكی هەراسان دەكەن. قایمقامێكمان دەوێت، ڕۆژانە لە خەم و كێشەی هاووڵاتیان بپێچتەوە، نەك سنك دەرپەڕێنی و لە هەموو چاڵاكی و بۆنەیەك قردێڵە ببڕێت و لە ڕێزی پێشەوە دابنیشێت. قایمقامێكمان دەوێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شار جێبەجێ بكات، نەك كردنەوەی هوتێلی سەرمایەدارێك لە نێو پڕۆژە تایبەتییەكەی كە داهاتەكەی دەچێتە گیرفانی خۆی، بە دەسكەوت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی شار بزانێت ! قایمقامێكمان دەوێت، بنكەیەكی تەندروستی بۆ گەرەكی كانیەقوڕ یان بانەزێوك دروست بكات، بۆ ئەوەی منداڵان و ئافرەتەكانیان ئەوە هەموو ڕێیە نەبڕن بۆ نەخۆشخانە. قایمقامێكمان دەوێت، بتوانێت بەرهەمی ماندووبوونی ئاژەڵداران و جووتیارانی گوندەكان، بكاتە دەسكەوت و پڕۆژە بۆیان. قایمقامێكمان دەوێت چاڵاك و لە خۆبردوو بێت، دەسەڵاتی هەبێت كار بكات و گەر كەسێكیش گومانی لە خۆی هەبێت كە ناتوانێت كار بكات، با سیڤی پێشكەش نەكات. قایمقامێك بێت چاودێری بازاڕ بكات، بەدواداچوونی نرخ و جیاوازایی نرخەكان بكات. گەر كێشەیەكی وەك كارەبا یان غاز دروست بوو، بتوانێت لە كون فەیەكونێك چارەسەریان بكات، قایمقامێك بێت، سپۆنسەری چاڵاكییە هونەری و ئەدەبییەكان بكات و باربۆی نووسەران و هونەرمەندان بكات و مێژووی دێرین و كۆنی ڕواندز پیشان بدات و ماڵی حوزنی تەواو بكات. هەلی كار بۆ دەرچووانی شار بڕەخسێنێت. ئەمانە و دەیان كاری دیكەش. دواجار دەزانم حزب وحكومەت، گوێ بە قسەی ئێمە نادەن و كەسێك هەر دادەنێن، بەڵام هیوادارین ئەوەی دایدەنێن لە ئاست ناوی ڕواندزو مێژووی قوربانیدان و داواكاریی و پێداویستی هاووڵاتیانی شار بە گوندەكانیشەوە بێت، چونكە لەوەدا قازانج دەكەن نەك زیان .
