پ.د. سیروان عارەب *

بەپێی هەموو بیردۆزەكانی جوگرافیای سیاسیی، عێراق بە پردی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دادەنێرێت، شوێنی جیوستراتیجی عێراق لە دێرزەمانەوە جێگای سەرنج و تێڕامانی وڵاتانی داگیرەكەر بووە.

 لۆ چوونە ناو بابەتەكە چەند پرسیارێك دەوروژێنین:

١- ئایا گرنگی ستراتیجی شوێنی عێراق بە درێژایی مێژوو گۆڕانی بەسەرداهاتووە یاخود گرنگی و پێگەی خۆی پاراستووە .

٢- ئایا پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاو هۆكارەكانی گواستنەوە دەبنە فاكتەری كاریگەر بۆ زیادكردنی گرنگی شوێنی عێراق .

٣- ئایا پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، عێراق دەگەریَِنێتەوە ناو بازنەی بازرگانی نێودەوڵەتی .

٤- ئایا كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كوێی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانن .

* رێگای گەشەپێدان

بریتیە لە پرۆژەیەكی ستراتیجی ئابووری و سیاسی بۆ بەستنەوەی رۆژهەڵات بە رۆژئاوا، لە رێگای وشكانی لە رێگای بەیەكگەیاندنی بەندەری فاو بە دەروازەی فیشخابوور بەهێلێكی ئاسنی بەدرێژیی 1175 كیلۆمەتر و، رێگایەكی وشكانی نێو دەولەتی بە درێژیی 1190 كیلۆمەتر، كە ساڵانە بە هەزاران بارهەڵگر و ملیارەها تەن كاڵاو كەل و پەل بەم رێگایە دەگوازرێتەوە  .

لایەنە باشەكانی ئەم پڕۆژەیە

١- ئەم رێگایە بە پاڵپشتی راستەوخۆی وڵاتانی پیشەسازی جیهان و بە تایبەتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدەرێت .

٢- تێچووی پڕۆژەكە نزیكەی ١٩ ملیار دۆلارە، ماوەكەی تا كۆتایی سالی ٢٠٢٨ تەواو دەبێت وەك قۆناغی یەكەم كە سەرمایەكەی وڵاتانی كەنداو ، بەتایبەتی ئیمارات و قەتەر دەیگرنە ئەستۆ .

٢- ماوە و تێچووی گواستنەوە كەم دەكاتەوە كەئەمەش كاریگەری لەسەر بازرگانی و پیشەسازی جیهان دەبێت .

٤- گواستنەوەی كاڵا و كەڵوپەل لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاو، لە كاتی ئێستا نزیكەی ٣٧ رۆژی پێویستە، بەڵام لە رێگای گەشەپێدان ماوەكە دەبێتە ١٥ رۆژ ، مەترسی هێرشی چەتە دەریاییەكان كەم دەكاتەوە.

5-كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی بێكاری دەكات، هەلی كاری راستەوخۆ بۆ نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس و ناراستەوخۆ بۆ ٥٠٠ هەزار كەس دەڕەخسێنێت و داهاتی ساڵانەی بەلایەنی كەم لە قۆناغی یەكەم بۆ عێراق زیاترە لە ٤ ملیار دۆلار.

*گرنگی پڕۆژەكە لە رووی جوگرافیای سیاسی

١- زیاتر لە ٢٥ دەوڵەت بەشێوەیەكی راستەوخۆ سودمەند دەبن لەم پرۆژەیە، بە وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی پیشەسازی و ناڕاستەخۆ زیاتر لە ١٠٠ وڵات سودمەند دەبن، كە ئەمە وادەكات عێراق رۆڵی گرنگی خۆی دووبارە لەسەرئاستی جیهان بە دەستبهێنێتەوە.

٢- دەیان و سەدان كۆمپانیای گواستنەوە و بازرگانی روو لە عێراق دەكەن‌و، هاوكار دەبن بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە.

٣- ناكۆكی سیاسی و ئابووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و توركیا كەم دەكاتەوە بەرەو هاوكاری و هاوبەشی زیاتر دەچن.

٤- پاڵپشتی نێو دەوڵەتی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموكراسی و كرانەوەی عێراق زیاتر دەبێت .

٥- كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی تاكەكەس لە عێراق‌و، كەمبوونەوەی بێكاری و بەرزبوونەوە ی ئاستی رۆشنبیری تاكی عێراقی .

٦- كەمكردنەوەو پشت بەستن بە داهاتی نەوتی و زیادكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی بەردەوام .

٧- زیاد بوونی هاوكاری نێوان عێراق و توركیا بەتایبەتی لە بابەتی ئەمنی و دابینكردنی ئاو‌و، ئاڵوگۆڕی تەكنۆلۆجیاو زانیاری.

* بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكە

١- ناكۆكی زلهێزەكان لە ناوچەكە، بەتایبەتی روسیا و ئەمریكا، چونكە روسیا ئیستاش خەون بە زیندووكردنەوەی رێگای وشكانی ئاوریشم دەبینێ بۆ گەیاندنی رۆژهەڵات بە رۆژئاوا .

٢- پێكهاتەی مەزهەبی لە عێراق كە رەنگە ئێران رۆڵی كاریگەری هەبێت ئەگەر پشكی نە بیت لە پڕۆژەكە .

٣- ئاستی وشیاری تاكی عێراقی كە رەنگە لە گرنگی پڕۆژەكە شارەزا نەبوو بێت تاوەكو ئێستا و گرفتی بۆ دورست بكات، وەك ئاشكرایە پڕۆژەكە بە ١١ پارێزگای عێراق تێپەر دەبێت .

٤- گرفتە ئەمنییەكان بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەكان، هەرچەندە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە ئەنقەرە رێكەوتنی ئەمنی و سیاسی و ئابووری لە نێوان عێراق و توركیا واژوو كراوە. .

* هەرێمی كوردستان و پرۆژەكە

بەداخەوە بەهۆی ئەو بێ سەروبەری و ناكۆكی دەست بادانی یەكترو ناكۆكییە ناوخۆییەكان، ئێمەی كورد لە دەرەوەی پڕۆژەكەین .

 

*مامۆستای جوگرافیای سیاسی

No description available.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا