دهۆک بەڕۆژی/سۆران

لە عێراق و هەرێمى کوردستان، تائێستا ژنان بە کۆتا دەتوانن ببن بە پەرلەمانتار، وەزیر، ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەریەکان، پۆستە سیاسی و حکومیەکان تەنانەت لە کەرتی تایبەتیش،  ئەمە وایکردوە بەیاسایەکی پیاوانە ژنان کۆتبکرێن.

ئێمەی ژنانیان ناچارکردوە کە بەربەستە یاساییەکان بە خواستی پیاوان تێپەڕێنین، ئینجا وەک لەتە نوێنەرێک بەشداربین لە پرۆسەی حوکمرانی وسیاسی، ئەمە بۆ چونکە سیستەمی پیاوسالاری وایکردوە، دواجار متمانە بە ژن لاوازکراوە، پیاوان کەمتر متمانە بەژنان دەکەن، وەک عەیبەیەک دەیبینن ئەوەش بەهۆی بەربەستە کلتورى و ئاینیەکان.

لە هەرێمى کوردستاندا سەرەڕاى ئەوەى هەڵبژاردن لە قەیراندایە و هێزە سیاسییەکان بە ئارەزوى خۆیان مامەڵە بە رۆژمێرى هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام خراپتر لەوە بۆ ژنان ئەوەیە کە هەڵبژاردن نەبوە بەو دەرگایەى بە ئازادانە لێیەوە بچنە ژورەوە و بەشدارى پڕۆسەى سیاسى بکەن، بەڵکو کراوە بە کۆتا و فلتەری پیاوان، چونکە لە هەرێمی کوردستان وعێراق وێنایەکی وای ژنیان دروستکردوە کە زەعیفەن، بێ توانا، پیاو نابێت بە قسەی ژن بکات، عەیبەیە، هەڵەیە نابێت پیاو بکەوێتە ژێر دەستی ژن، بۆیە لە دەنگدان پیاوان زۆر دەگمەن نەبێت دەنگ نادەن بە ژنان، چونکە وەک بچوک بونەوەیەک دەیبینن.

هەمو ئەو هۆکارانەی وایکردوە، ژن سەربەخۆ نەبێت وهەمیشە چاوی لەدەستی پیاوبێت، چ لە سیاسەت و چ لەحوکمڕانی، تەنانەت لەناو کەرتی تایبەت، ئەمەش دواجار ئابوری سەربەخۆ لە دەستی ژن نابێت و ناچار ژنان دەبنە شوێنکەوتو و گوێڕایەڵی پیاوان.

بە نمونە، ئەگەر سەیری پەرلەمانی ئەوروپا بکەین، ٢٢٨ ملیۆن کەس دەنگی بە ژنان داوە، کە دەکاتە سەدا ٥١ واتا ئەو رێژەیە بە سەدا پەرلەمانتارانی ژنان و هیچیان بە کۆتا نەچون، هاوکات زۆرترین رێژەی دەنگدان بە ژنان لە وڵاتی لاتیڤیا بوە سەدا ٥٢ خەڵکەکەی دەنگیان بەژنان داوە کەمترینیش وڵاتی ماڵتا سەدا ٤٨ واتا کەمترینیان وڵاتی ماڵتاییە کە سەدا ٤٨ خەڵکەکەی دەنگیان بە ژن داوە.

هاوکات زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا لە جۆرێک ژنان ڕابەرایەتی دەکەن کە زیاتر لە نیوەی پۆستەکانی وڵاتیان بەدەستە، چ لە سەرۆک وەزیران، چ لە سەرۆک وڵات، سەرۆکی کۆمپانیا و ڕێکخراوە وسەنتەرەکان و میدیا هەر زۆر ئاساییە و جێگای باس نیە، بەڵام لە کوردستان هێشتا ڕێگا نادرێت ژن ببیتە رۆژنامەڤان چ جای ببێتە سەرۆکی دەزگای میدیای گەورە و سەربەخۆ.

هەریەک لە وڵاتانی سوید، بەلجیکا و فینلەندا جگە لەوەی لە سەدا ٥٥ پۆستەکانی حکومەت وحیزب لای ژنان و ئەوان رابەرایەتی دەکەن، هاوکات زۆرترین نوێنەری ژنیان هەیە لە پەرلەمانی ئەوروپا و ناو یەکێتی ئەوروپا، بۆیە کاتێ دەپرسن دیموکراسی واتا چۆن دەڵێن دەبێت وەک وڵاتانی سوید وفینلەندا و دانیمارک ونەرویج و هۆڵەندا بێت. 

لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هێشتا کار بە سیستەمی کۆتا دەکرێت بۆ ژنان، بۆ نمونە دەڵێن دەبێت لە سەدا ٣٠ کورسی بۆ ژنانە واتا ئەگەر حیزبێک ١٠٠ کورسی بهیێنیت تەنها پیاوەکان دەنگیان هێنابێت، ئەوا دەبێت ٣٠ ژن بە دەنگی کەم بڕۆنە پەرلەمان، کە بەرای من ئەوە هەم سوکایەتیە و هەم هەڵەیە ئێمە نابێت بەیاسا ئەوە سیستەم بەهێز بکەین، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگاو عەقڵی کۆمەڵگا وپیاوسالاریی بگۆڕین.

بەشداریی ژنان لە سیاسەت، واتە پیادەكردنی جەوهەری دیموكراسی لە وڵات، هاوکات زۆرینەی توێژینەوەکانیش ئەوەیان سەلماندووە، کە ژنان وردتر و ئارامتر و وریاترن لە پیاوان لە پرۆسەی سیاسی و حوکمرانی، بۆیە مافەكانی مرۆڤ و پێگەیاندنی ژنان لەناو وڵات پێویستی بە گۆڕینی عەقڵی نێرسالاری و نێرسیاسیەکان هەیە نەک یاساکان.

لە سیاسەت و حوکمرانی کوردستان، ئەو رێگایە بۆ ژنان بە گوڵ نەچێنراوە، بۆیە پێویستە ژنان رچەشکێن بن و روبەڕوى ئەو بەربەستانە ببنەوە کە وەک بۆمب لەبەردەمیانە، لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتودا ئەم كارە ئاسان نییە و ئاستەنگی زۆری دێتە پێش لەلایەن خێزان و كۆمەڵگەوە، بەڵام دواجار هەموان بەیەکەوە دەتوانین ئەو رێگایە بگۆڕین و یەکسانی جێندەریی و مافی ژنان و بەدەستبهێنین لەرێگای گۆڕینی عەقڵی کۆمەڵگا و و روبەروبونەوەی پیاوسالارییەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە