د. كامەران مەنتك

 

هەڵبژاردن ئەو گەمە قێزەونەیە، كە میللەت و خاك و وڵات تیایدا قوربانی یەكەمە.

لە دوا جاردا هەڵبژاردن لە ئێراق و هەرێمی كوردستان گەڕێكی تری بەڕێكرد و جارێكی تر مییلەت و هێزە كارتۆنییەكان و داردەستەكانی ئەملاوئەولا بە هەلەكە سەما خرانەوە. جارێكی تر درۆ لەگەڵ میللەت كرایەوە و كەسێك بوێری ئەوەی نەبوو پەنجە لەسەر ڕاستییەكان دابنێت و ئاماژە بە كرۆكی كێشەكان بكات، هەمووی خۆی وەك وڵاتپارێز، بەرگریكار و هەقبیێژ و ... هتد نمایش كرد و دەكات، و لەژێرەوەش هەوساری هەمووان لە دەستی چەند هێزێكی دیار و نادیاردایە، بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزانە و چەند كەسانێكی هەڵپەرست، كە ناوی پێشمەرگە و سەركردە و سیاسەتمەدار و ئەم و ئەویان لەخۆیان ناوە، لەژێرەوەش بازرگانی بە چارەنووسی وڵاتەكەیانەوە دەكەن. ئەوانیش چۆنیان گەرەك بێت وای هەڵدەسوڕێنن.

هەڵبژاردن پەیوەندی بە ئیرادەوە هەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە پڕۆسەیەكی هەڵبژاردندا بەشداری بكات، دەبێت بەر لە هەموو شتێك مرۆڤێكی ئازاد بێت و خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت، كۆیلەكان هەرگیز ناتوانن لەپێناو خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن، ئەوان تەنیا وەك ئامڕازێك نوێنەرایەتی ئیرادەی خاوەنەكانیان دەكەن، بۆیە كاتێك كۆمەڵێك كۆیلە دەخرێتە ناو گۆڕەپانێكی هەڵبژاردنەوە، ئەو پڕۆسەیەی ئەنجامی دەدەن دەكرێت هەر ناوێكی لێبنرێت تەنیا هەڵبژاردن نەبێت، دەكرێت ناوی بنرێت بازاڕی سەوداگەری بە خاك و میللەت، كە لەرێگەی ئەو گەمە قێزەونەی ناوی دەنێن هەڵبژاردن بەشێك لەخاك بفرۆشێت و شەرعیەت بە داگیركاری بدرێت، ئەوەتا لەرێگەی دوا هەڵبژاردنی ئێراق، كورد لە كەركوك كرایە كەمینە، سەیر لەوەدایە لەكاتێكدا هەولێر، دهۆك و سلێمانی وا خەریكە لە دەست دەچێت، بە فرمێسك بۆ كەركووك ئەو سەوداو بازرگانییەی بە هەرێم واتە باشووری كوردستان دەكرێت، دەشاردرێتەوە، ئەگینا لەمێژە كەركووك فرۆشراوە و شیرینییەكەشی ئاودیوی وڵاتان كراوە!.

كێشەی هەڵبژاردن لە ئێراق كێشەیەكە كەس بوێری ئەوەی نییە خۆی لە قەرەی بدات، هەموو لە بازنەی درۆیەكدا دەخولێتەوە و بەر لە دەوروبەرەكەی درۆ لەگەڵ خۆیدا دەكات و خۆی فریو دەدات، ئەوانەی چەندین ساڵە بازرگانی بەو هەرێمەوە دەكەن، سەر زەمین و ژێر زەمینیان دزی و فرۆشت، چۆن دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بەشداری هەڵبژاردن بكەن و وەك نوێنەری خەڵك بەرگریكار لە كورد بخرێنە بەرچاو، دەبێت ئەوانە وەك دز و چەتە و تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و دادگایی بكرێن. لەگەڵ دزدا چوونە ناو هەڵبژاردن مرۆڤ دەكات بەشەریكە دز، بۆیە مرۆڤی ئازاد ناكرێت نە رێگە بەخۆی بدات بچێتە ناو پڕۆسەیەكی وا، نە رێگە بەو هێز و كەسە ترسنۆك وڵاتفرۆشانەش بدات، خۆیان وەك نوێنەر و بەرگریكار لە مەسەلەی نەتەوەیەكی ستەم دیدە بخەنە ڕوو.

ئەگەرچی لەو هەڵبژاردنە قێزەونە میللەت قوربانی یەكەمە، بەڵام هەمیشە وا وێنا دەكرێت، كە ئەو تاوانباری یەكەم بێت، ئەو دروشم و تۆمەت بەخشینانەوەی دەخرێتە ئەستۆی خەڵك هیچی پەیوەندی بەڕاستییەوە نییە، تەنیا هەوڵێكە بۆ تێكشكاندنی ئیرادە و یارییەكە بۆ ئەوەی وا لە خەڵك بكرێت چیتر متمانەی بەخۆی نەمێنێت، ئەگینا میللەت چی بكات، كە كۆمەڵێك خائین و وڵاتفرۆش لە رێگەی داگیركەران و دوژمنانەوە هەموو شتێكیان خراوەتە بن دەست و بەناوی خەڵكەوە قسە دەكەن، ئەگەر كەسێكیش بێتە دەنگ تیرۆر و شوێنبزری بكەن، چۆن بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بێتەوە، لەكاتێكدا ئەوانەی خۆیان لا دەستەبژێر و رۆشنبیرە، پێویستە پێشڕەوایەتی خەڵك بكەن، بۆ ڕاكردن لە بەرپرسیارییەتی مێژووییان هەمیشە قەوانی تاوانباركردنی میللەت لێبدەنەوە!.

هەڵبژاردن خۆیان دەیكەن، وێنەكان وەك ئەوەی دەیانەوێت دەگوازنەوە، ژمارەكان بەگوێرەی رێككەوتنە ژێر بەژێرەكانی خۆیان ڕادەگەیەنن، لەدواجاردا خەڵك بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە ئەوانن دەنگ بەو حیزبە وڵاتفرۆشانە دەدەن، لەكاتێكدا ئەگەر ڕۆژی دەنگدان كەسێك بە ویژدانەوە سەردانێكی بنكەكانی دەنگدان بكات، بە ئاسانی لەوە تێدەگات، كە ئەو ژمارانەی بۆ بەشداری خەڵك لەو هەڵبژاردنەنانەوە ڕادەگەیەنرێت هیچی پەیوەندی بەڕاستییەوە نییە.

هەڵبژاردن لە ئێراق بە تایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ئەو ئامرازەیە، كە شەرعیەت بەمانەوەی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و كۆمەڵێك خائین و بازرگانی خوێن دەدات، بۆیە ئەوپەڕی ساویلكەییە ئەگەر وا تێبگەین لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری دەكرێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنانە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە نییە گۆڕانكاری بكرێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە درێژە بەداگیركارییەكی دەمامكدار بدرێت، خەڵك خەریك بكرێت و بەتاڵ بكرێتەوە لەو ناڕەزایەتییانەی هەیەتی، سەرباری ئەمەش ئەگەر فشاریشیان لێنەكرێت ئەو هەڵبژاردنە پڕ شەرمەزارییەش ئەنجام نادەن، فەرموو ئەوە هەڵبژاردنی كوردستان چی چارەسەر كرد؟ لەكاتێكدا بە ئارەزووی خۆیان دەنگەكانیان دابەش كرد، ئامادەنین ڕێگە بدەن ئەو پەرلەمانەش دابنیشێت و حكومەت دروست بكات، چونكە ئەوان نایانەوێت دامودەزگە هەبێت، ئەوا لە بێ سیستەمیدا بەرژەوەندییەكانی خۆیان مسۆگەر دەكەن، مرۆڤی خائین خۆی لە پەرلەمان و حكومەت لا گەورەترە، بۆیە دەبێت خەڵكی كوردستان لەوە تێبگات هەڵبژاردن نەك ناتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات، بەڵكو قووڵتری دەكاتەوە، چونكە شەرعیەتێكی ساختە و پڕ شەرمەزاری بەو هێز و لایەنانە دەبەخشێت، كە ئەگەر دامودەزگەكان كەمێك كارابن، نەك نابێت ڕێگەیان پێبدرێت خۆیان هەڵبژێرن، بەڵكو دەبێت وەك دز و خائین و وڵاتفرۆش و تاوانبار بخرێنە بەردەم دادگایی گەل.

ڕەنگ بێت لێرەدا پرسیارێك سەر هەڵبدات، باشە ئەگەر هەڵبژاردن چارەسەر نەبێت، خەڵك چی بكات، پەنا بۆ چەك بەرێت؟ بەر لە هەموو شتێك ئەگەر بمانەوێت بیر لە چارەسەرێ بكەینەوە دەبێت هەموو ئەو چەمكانە تێكبشكێننین، كە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك سیخوڕ و بازرگان بەناوی كوردایەتییەوە خەڵكیان فریوداوە، دەبێت خەڵك بەشێوەیەكی تر بیر لە كێشەكەی بكاتەوە، دوور بێت، لەو كەف و كوڵەی ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی دەیوروژێنێت و بەئاسانی فریو دەدرێت و یاری پێدەكرێت، دەبێت خۆی لەژێر باری ئەو كەلتوورە سەقەتە دروستكراوەی سەد ساڵی ڕابردوو ڕزگار بكات و هەوڵبدات بە دروستی لەكێشەكەی خۆی تێبگات، ئەو بیركردنەوە لە چارەسەر زۆر ئاسانتر دەبێت وەك ئەوەی بیری لێدەكاتەوە.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا