عێراقی ڕابردوو جوانتر بوو
بزانن مەزهەبگەریی و ئیسلامی سیاسی چییان لە وڵات کردووە !
د.سالار تاوگۆزی
لەئەم وێنەی خوارەوە کۆمەڵە عێراقییەکی شیکپۆش دەبینن، کە لەساڵی (١٩٥٠ز) بەجوانی ڕیزیان بەستووە تا کتێب و ڕۆژنامە لە کتێبخانەیەکی گەڕۆک بکڕن و بیخوێننەوە.
ئەم وێنەیەو سەدان وێنەی دیکەی کۆنی وڵات، پێمان دەڵێن: عێراقی ڕابردوو جوانتر بوو.
زۆر جار بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە کە: "عێراق تەنیا وڵاتێکە، ڕابردووی لە ئێستای جوانترە".
بێگومان ئەمە بۆ ئەفغانستان و ئەو دەوڵەتانەش دروستە کە ئیسلامی سیاسی شیعە و سوننە لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵاتیان تیایاندا گرتووەتە دەست.
هەموو ئەو وێنانەی ڕابردووی عێراق کە لە سەر قوڕ و بەرد و دیوار نەخشێنراون، یان ئەو وێنانەی بە کامێرا لەسەردەمی پاشایەتی و دواتر گیراون، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە عێراقی دوێنی لە ئەمڕۆ جوانتر بووە.
جاران دەیانگوت: نووسین لەمیسر و چاپ لە لوبنان و خوێندنەوە لەعێراق.
مخابن، ئێستا ئامارەکان دەریدەخەن، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان، لە پێشیانەوە عێراق، لەسەر تۆپی ئەو وڵاتانەن کەمترین ڕێژەی خوێندنەوەیان تێدایە، ئەو خوێندنەوەیشی دەکرێت، بۆ کتێبە ئاینییە مەزهەبگەرەکانە.
تۆ بڕوانە پێشانگاکانی ئەم ساڵانەی دوایی کتێب لە عێراق، بزانە کتێبی مەزهەبی چەند ڕەواجی هەیە ! .
من ناڵێم کتێبی ئایینی مەخوێننەوە، بەڵام دەڵێم: کتێبی جۆراوجۆری ئایینی و فیکری و فەلسەفی و دەرونناسی و کۆمەڵناسی و ...تد. بخوێننەوە، چونکە ئەوەی لەیەک بواردا دەخوێنێتەوە مێشکی قوفڵ دەبێت و مرۆڤێکی دەمارگیر و توندڕەوی لێ دەردەچێت.
بەداخەوە هێشتا ژمارەیەک مەلا و دیندار و گروپی ئایینی هەن، خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفە حەرام دەکەن. ئەوان لەبیرکردنەوە دەترسن، چونکە بیرکردنەوە بازرگانییەکەیان بە ئایینەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئاخر جاران عێراقییەکان خوێنەری جددی بوون، ڕۆشنبیر و هۆشیار و کراوە و ژیاندۆست بوون و جیاوازی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیدا پەرتی نەکردبوون.
بەڵام کاتێک سیاسەت جیاوازییە ئاینی و مەزهەبییەکان دەقۆزێتەوەو ئیسلامی سیاسی بۆ عێراق هەناردە دەکرێت، ئیتر پێکەوەژیان پاشەکشە دەکات و وڵات وێران دەبێت و وەک ئەمڕۆی لێدێت کە دەیبینن.
ئەوەی لەسەر عێراق گوتم، بۆ باشووری کوردستانیش دروستە، تۆ بەراوردی وێنەکانی سلێمانی کۆن و سلێمانی ئێستا بکە، جا دەبینیت بەهۆی تەشەنەکردنی ئیسلامی سیاسیی سەر بە قوتابخانەی سەلەفی و ئیخوانەوە چی لێ بەسەر هاتووە. ئەمە بۆ شارو شارۆچکەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش دروستە، ئاوها بڕوات ئاییندەمان وەک موسڵ و ڕەققەی ژێر دەسەڵاتی داعش تاریک دەبێت.
May be an image of 8 people and text

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە