
هۆشیار جەمال
لەساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا لە باشوری کوردستان بەشێک لەتاکەکانی کۆمەڵگا یاخود دەوڵەمەندان یاخود ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هاوکاری مادی یاخود سەبەتەی خۆراکیان بەسەر بەشێک لە هەژاران دابەشدەکرد، بەڵام ئەمساڵ ئەوەی سەرنجڕاکێشە بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی دروستکراوی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و یاخود بەشێک لەبەرپرسانی حیزبی لەڕێگای میدیا فەڕمی یاخود سێبەرەکانیانەوە، بانگەشەی دابەشکردنی سەدان سەبەتەی خۆراک دەکەن بەسەرهەژاراندا.
لەکاتێدا ئەم بەرپرسە حیزبیانە خۆیان لەناوەندی بڕیاری حیزب و حکومەتدان. زۆرباش دەزانن کە زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لەباشوری کوردستان لەئەستۆی ئەواندایە، چونکە پێش ئەوەی سەبەتەی خۆراک کە لەباشترین حاڵەتدا بە بەهای (50) هەزار پێداویستی خواردنی تێدایە بۆ مەرامی حیزبی و کەسی دابەشبکەن، بەچەندین شێواز خۆیان بوون بەهۆکاری زۆربوونی هەژاری.
بەهۆی ئەوەی لایەنی کەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوونی نییە و هیچ هەلی کارێکی یەکسان لەکەرتی حکومی و تایبەت بوونی نییە، تەنها پێوەری خزمایەتی و حیزبایەتی سەرچاوەی دەستکەوتی کارە.
هەروەها لە سێبەری یاسا و فەرمان و ڕێنماییە حکومیەکاندا چەندین جۆر باج و ڕسومات لە ڕێگای فەرمانگە حکومییەکانەوە لەسەر هاوڵاتی سەپێنراوە، ئەمە جگە لەگرانکردنی نرخی پارەی کارەبای ماڵان بەڕێژەیەکی ڕەها و لاوازکردنی خزمەتگوزاریەکانی تری کەرتی حکومی لەپێناو بازاڕ گەرمکردنی کەرتی تایبەت کە خاوەنداریەتیەکەی بۆخۆیان دەگەڕێتەوە،کە خۆی دەبینێتەوە لە بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و خوێندنی باڵا، کە ئەمەش هەمووی لەسێبەری یاسا دەرکراون و لە ئەنجامیشدا لەدژی هاوڵاتیانی فەرمانبەری مووچەخوراو و کرێکاران و کاسبکاران و هەژارانە کە تێکڕا داهاتی ڕۆژانەیان لە 15 بۆ 20 هەزار دینار زیاتر نییە ئەویش لەکاتی بوونی کار و دەستکەوتی داهاتدا، چونکە بەشێک لەمانە سەرچاوەی داهاتیان جێگری نییە، لەبەرامبەریشدا ئەم سیستەمە سەرمایەداریە کە ڕاوڕوتێکی ئاشکرایە بەسودی چەند کەسێکی دیاریکراو و دەوڵەمەندی هەڵتۆقیو و کەسانی هەلپەرستی چواردەوریانە. کەئامانجیان شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە و ڕازیکردنیەتی بەپاروە نانێک لەبەردەرگای ئەوان بۆ ئەوەی هەردەم بچوک بێت لەئاستیاندا و هیچ کات بیرنەکاتەوە لەوەی مافەکانی لە سەبەتە خۆراکێک زیاترە.