هیوای کفری 


ڕەنگە قورس بێت باسی زۆر ڕەفتار و کرداری نەشیاو و نەگونجاوی کۆمەڵگە بکەین، چی بە تاک یان گرووپ ئەنجام بدرێت؛ باسکردنی بە ڕوونی، واتە بە هێنانەوەی نموونە و کردارەکانی ڕۆژانەی تاک یان گرووپ لە هەڵوێستە جیاوازەکاندا. چونکە تەونی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا هەموو پەیوەستن بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خزمایەتییەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر سەرهەڵدانی قەیران و گرفتی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ناکرێت هەموو ڕەفتار و کردارە نەگونجاو و نەشیاوەکانیش کە ڕوودەدەن بەیەکجار بڕووشێنینە سەر کۆمەڵگە، نەریت، کلتووری باو، سیستەمی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی خزمایەتی؛ چونکە دەیان و سەدان دەردی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار سەرهەڵدەدەن و دواجاریش کاریگەریی درێژخایەنی خراپیان دەبێت لەسەر کۆی هاووڵاتییانی کۆمەڵگە. بە بۆچوونی من، دەبێت کارمان بۆ ئەوە بێت ڕەفتار و کردارە نەشیاوەکان بگۆڕین بۆ ڕەفتار و کرداری شیاو، و ئاستی کردار و ڕەفتارە شیاوەکانیش زیاتر بکەین.
هەرێمی کوردستان گەلێک قەیرانی جۆراوجۆری هەیە. یەکێک لەو قەیرانە پڕ کاریگەرییە خراپ و مەترسیدارانه، قەیرانی ئەندامبوونی تاکە لە حیزبی کوردستانیدا. چونکە ئەندامبوون بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە حیزب وەکو ئامرازێکی خۆگەورەکردن، شوێنی دۆزینەوەی هەلی کار، دابینکردنی پلە و پۆستی داهاتووی خێزانی، و پرسی تاک بۆ دەستکەوت و قازانجەکانی ژیانی ئاسایی لێهاتووە. واتە خەڵک بۆ ئەوە ڕوو لە حیزبیبوون دەکات، تا چاوەڕوانی دەستکەوتێکی گرنگی کەسی یان بنەماڵەیی بکات. کەسێک کە دەبێتە ئەندامی حیزب، یەکسەر دەبێت ژیاننامەی کەسیی بخاتە بەردەستی بەرپرسی ئەو شوێن و جێگە جوگرافییەی کە کاری تێدا دەکات—وەکو ڕێکخستن و پێگەی حیزبی.
بەداخەوە ئێستا لەوەیش خراپتر هاتووەتە ئاراوە؛ بێ گوێدان بە بیروباوەڕ (ئایدیا)، بازدان لە حیزبێکەوە بۆ ناو حیزبێکی دیکەش هەیە بە مەبەستی وەرگرتنی پلە و پۆستی باڵای حکومی. لەوەیش خراپتر ئەوەیە کە بە ناونیشانی "گۆڕینی سەنگەر" و "بڕوانەبوون بەو حیزبەی یەکەمجار ئەندامی بووە"، پاکانەی نالۆژیکی دەهێننەوە بۆ خەڵک و دەڵێن: "من هەر بە ناو لەو حیزبەدا بووم" و دەیان قسەی بێ بنەمای دیکە دەکەن؛ کەچی بنەمای دەستلەکارکێشانەوە لە حیزبێک و پەیوەندیکردن بە حیزبێکی دیکەوە تەنیا بۆ گۆڕینی شوێن و پلە و پۆستەکەیە، و هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیا و بڕوابوونەوە نییە.
مەترسیی گەورە لە ڕێگایە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵسۆزی بۆ ئایدیا و کارکردن بە بنەمای لۆژیکیی خزمەت و دڵسۆزی بووەتە شتێکی بێ پێوەر. خەڵکێک هەیە هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری دەکات تا دەگاتە نانێکی باش (بە بۆچوونی خۆی، ئەگینا نانی شکۆمەندی نییە لە ڕاستیدا)؛ هەر ڕۆژەی لۆگۆی حیزبێکی بەسەر شانەوەیە بۆ ئەوەی پۆستی دەست بکەوێت، یان هەر ڕۆژەی ناونیشانێک لەسەر پۆستەرێک دادەنێت و خۆی تاقی دەکاتەوە. بڕوای بە هیچ جۆرە ئادیایەک نییە، کەچی ئەندامی حیزبێکی تەواو ئایدیۆلۆژییە! لە دانیشتنی ڕۆژی ڕووناک و مەجلیسەکاندا هەزار جار لە ئۆپۆزسیۆن توندتر قسە بە حکومڕانی دەڵێت، و شەو تا بەیانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو مەیدانی ڕەخنەگرتن لە حکومەت و حیزب بەکاردەهێنێت؛ کەچی ڕۆژ دەبێتەوە، ملکەچی بەردەگای ئەو گەندەڵ، مشەخۆر و خاوەن کۆشک و تەلارانەیە کە ئەم میللەت، نەتەوە و نیشتمانەیان هەڕاج کردووە!
دووڕوویی گەیشتووەتە ئاستێک کە جیاکردنەوەی ڕەش و سپی زۆر زەحمەت بووە. شکۆی مرۆڤ نەماوە؛ هەموو وەکو سەردەمی هیچوپووچیی سۆشیال میدیا، مرۆڤ هەڕاجکردنیان لێهاتووە. گورگ پاسەوانی مەڕە و خەڵکیش چاوەڕوانی بەرهەمی ڕانەمەڕە؛ دەبێت چی ڕووبدات؟!
ئەوانەیشی حیزبایەتی بەڕێوەدەبەن، وەکو دامەزراوەیەکی خێزانی مامەڵە لەگەڵ ژیانی تاکدا دەکەن و هەر ڕۆژێک بە بڕیارێک کارێک ئەنجام دەدەن. لە هەموو جیهاندا، حیزب وەکو ئامرازێکی گرنگی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و حکومڕانی پشتی پێ دەبەسترێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان حیزب نەەک ئامراز نییە، بەڵکو وەکو ناوەندێکی بازرگانی خەریکی بەرهەمهێنانی نەوەیەکە کە بێ متمانەیە بە نیشتمان و دەسەڵات، و هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیدا دەبینێت.
حیزب خەریکی بەرهەمهێنانی نەوەیەکە کە پڕە لە قەیران و گومان بەرامبەر هەموو جوانییەکانی ژیان؛ نەوەیەک کە بێ گەڕانەوە بۆ بنەچەی ژیان و ئایدیا، بڕیار لەسەر ژیان، هەڵبژاردن، دژایەتی و توندڕەوی دەدات. نەوەیەک کە گرنگ نییە بەلایەوە کێ حکومڕانیی دەکات، گرنگ ئەوەیە پارەی پێبدات و مووچەی بۆ دابین بکات. نەوەیەک کە گرنگی بە شکۆی خۆی نادات و ملکەچی بڕیارەکانی حیزبێکە کە نازانێت پەیڕەوەکەی چی تێدایە! نەوەیەک کە هەموو شانازییەکی مێژوو بێت، بێ بیرکردنەوە لە ئایندی و بێ ئەوەی هیچ پلانێکی بۆ داهاتووی هەبێت.
نەوەیەک کە ئەوەی بڕوای پێیەتی بە هۆشمەندییەوە نییە، و پێی وایە ئەوانەی باس لە هۆشمەندی دەکەن بە دوای کڵاوی بابردوودا کەوتوون. هۆشمەندی لای ئەوان بووەتە پلەیەک لە تەمەنی منداڵیدا بۆ ئەوەی پارەیەکی باشی پێبدرێت؛ هۆشمەندی واتە گیرفان، ژنی دووەم، ڤێلا، باخ و سەردانی وڵاتان بە ئیفادێکی زۆرەوە! ئەمە مەترسییەکی زۆر زیاترە بۆ سەر نەمان و لەناوچوونی هەرێمی کوردستان، نەک گەشەپێدانی ئەم هەرێمە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا