نووسینی/ زیرەک کەمال

 سەمەد چاوبەرەک خەڵکی گوندەکەی  ئێمەبوو، زۆر حەزی لەخواردن بوو، یاخود کورد گوتەنی تابڵێی چڵێس و خۆرابوو. سێ ژەمە کە سفرە ڕادەخرا بە وێنەی دەڕاسە دروێنەی خواردنی سەر سفرەی دەکرد. قوڕ بە سەری ئەو کەسەش دەبوو، کە لەگەڵ سەمەد خواردنی بۆ دادەنرا. سەمەد لە چەندین بۆنەی

 کۆمەڵایەتی و لای چەندین برادەر خۆی گوتبووی من لە ژیانمدا هەرگیز تێرم نەخواردووە و بەڵکوو لە کاتی نانخواردنیش، کە دەست  دەکێشمەوە  لەبەرئەوە نیە کە تێربوومە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە ئەوەندە دەخۆم هیلاک دەبم و ئارەقەی ڕەش وشین دەکەم و توانای جووڵەم نامێنێت.

دەڵێن ڕۆژێکیان سەمەد چاوبەرەک لەسەر تاشەبەردی بەرماڵان دانیشتووە و زۆری برسی دەبێت، بۆیە دەست دەنێتە بناگوێی و بەدەم حەیرانەوە دەڵێت: خۆزی بە خۆزی دنیایێ، بریاوسەدبریا بەحری بیتوێنێم ماستاو بوایە و گردی بەرماڵانم سەلکە پیازبوایە و دەشتی قەراجم نانی تیری بوایە و ئەوجا منیش بکەوتبامە سەری و تێرم خواردبا.

دوای ئەوەی سەمەد چاوبەرەک ماڵی لەگوند نەما و هاتە شار، ئیدی سەمەد سێ ژەمە نانی لە چێشتخانە دەخوارد. ئیدی وایلێهاتبوو هەموو کارمەندانی چێشتخانەکانی شار سەمەدیان دەناسی، بۆیە کە لەسەر کورسی دادەنیشت بەبێئەوەی پرسی پێ بکەن قاپێک تشریب، پیتزایەک و چوارشیش کەباب و دووشیش جگەر و دوو تکەی مریشک و قاپێک ستێک و سکالوب و چوارقاپ شلەیان بۆ دادەنا. ڕۆژێک کارەمەندێک پێی دەڵێت: کورد نەبوای لەبەر زۆرخۆری دەبوایە ناوت بچێتە کتێبی(گینس)، نازانم ڕاستەیان نا ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەو کەسەی کە بۆی گێڕامەوە، دەڵێن: جارێکیان سەمەد بەدەم دەنانی دەبڵەوە عەلەشیشێکی بەخڕی خواردبوو، لە هەمووی سەیرتر شەوێک لەو شەوانە لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان سەمەد چاوبەرەکم بینی وەکو بەڕێوەبەر و پسپۆڕی بواری خواردن و چالاکوانی بواری مەدەنی خۆی ناساند و بەدەنگێکی بڵند و دەست ڕاوەشاندنەوە، باسی مەترسییەکانی زۆر خواردنی دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد، سێ ژەم زۆرە، مرۆڤی بە ئیرادە ژەمێکی بەسە و زیادیشە. کاکی بێژەریش بە سەرسامیەوە گوێی لێ گرتبوو. ڕۆژی دواتر تەلەفۆنم بۆ کرد و پێم گوت: سەمەد تۆ لەبەر زۆرخۆری، کێشت سەدوچل کێلۆیە، دەستت دەڵێی خاکەناسە، سەرت بە قەد سەری گاجووتێکە، گۆشتی چەناگەت بستێک شۆڕبۆتەوە، بەس پێم بڵێی چۆن بووی بە پسپۆڕی بواری خواردن؟  سەمەد بەدەم پێکەنین و جۆرێک لە ڕابواردن، پێی گوتم: بەخوا بێعاقڵی، ئەی نازانی لە ئێستا دوو شت بکە دەبیە هەمووشت، گوتم دوو شتە کەچیە؟  گوتی: فێربە چۆن ماستاو دەگریەوە و چۆن لە میدیا بە دەنگی بڵند قسە بکەی، دواتریش خۆت فڕێبدە ناو سیاسەت... تێگەیشتی؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا