
لە ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی ئایشە گور لە 1988 / 8 / 16
هەندێ جار لە ئاست کردەی رووداوێکی مێژوویی مەزن ، لە ئاست مرۆڤێك و شۆڕە سوارێکی مەزن ، پێنووس بێ توانا ، نایەتە نووسین و زمانیش نایەتە گۆ ، تا تابلۆیەکی شایستە ، پڕاوپڕ لە جوانی و رێز و وەفا ، رازاوە و وێنا بکات .
وەك مرۆڤەکان وەك یەك نین لەکردار ، قوربانیدان ، بەڵێن و هەڵس و کەوت ، ئاواش ژن هەیە و ژنۆکەش ، کە هەرگیز مەحالە تۆزی بەرپێیان بشکێندرێ ، وەك تارماییەك لە هزر و دەرووندا گۆشەگیر دەبن دەچەسپێن ، خاوەن بڕیار ، پڕ شکۆ و سەروەرین .
ئایشە قادر یونس ، ناسراو بە ئایشە گور یا ئایشە گولووکە ، دایکی شەهید حەمە حەلاق ، ژنە خەباتگێڕ ، ماندوونەناس و تێکۆشەر ، باڵاکەی بەرز و سەربەرز بەقەد باڵای نیشتمان ، خۆڕاگر و ورەبەرز وەك چیا سەرکەشەکانی نیشتمان ، قوتابخانەیەك لە وڵاتپارێزی ، دڵسۆزی ، بەخشندەیی ، خۆشەویستی و ....... ، خوێن گەرم ، هەرگیز بێ سرەوتن ، بێ ماندووبوون ، سلینەدەکردەوە لە گەرمای هاوینی پڕووکێن ، سارد و سەرما و شەختە و بەفر و باران ، ساتە وەختەکانی درەنگانی شەو و ئەنگوستە چاو ، پردی بەستنەوەی شاخ و شار ، نهێنی پارێز .
لە 1988 / 4 / 16 دەستگیر دەکرێ ، لە لایەن دەزگا داپلۆسێنەرەکەی بەعسی فاشی ، بەرگەی سەختترین و بە ئازارترین ئازارەکانی زیندان دەگری ، نەڕووخا ، کۆڵی نەدا ، بەڕەنگاری جەللادەکان دەبۆوە ، تا دوا هەناسەی و دوای چوار مانڴی پڕاوپڕی لە ئێش و ئازاری بڕینی مەمکەکانی لە قەسابخانەکەی فەیلەقی پێنجی هەولێر لە 1988 / 8 / 16 وەك ئەمڕۆ گوللەباران دەکرێ .
سیمبولی خۆڕاگری ، ژنی ئازاد و ئازا و تێکۆشەر ، نیشتمانپەروەر ، دایکی هەموو ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی رێگای رزگاری نیشتمان .
دروود بۆ روحی پاکی بەرزەفڕی و سەرجەم پاکڕەوانانی کاروانی نەپساوەی گەلە ستەمدیدەکەمان ، بەژنمان لە ئاستیاندا دادەنوێنین .
ئیدریس سدیق
یەکشەممەی
16 / 8 / 2026
