سامی المالح

 

هەموو تیۆرییەکان و ئەنجامی توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینەوەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ڕۆڵی مامۆستا و وانەبێژ یان مامۆستای زانکۆ، لەگۆڕاندایە. چی تر مامۆستا وەک تاکە خاوەنی مەعریفە و دەسەڵاتدار بەسەر ڕاستییەکان لە ناو قوتابخانەکان یان زانکۆکان نەماوە. ئەو ڕۆڵە کلاسیکییە چیتر قبووڵ ناکرێ، لەبەر ئەوەی لەگەڵ پێداویستی و هەمەلایەنەی پرۆسسی فێربوون ناگونجێت.

لەم سەردەمەدا و لە زۆر وڵاتانی جیهاندا، ڕێکەوتنێکی پەروەردەیی لەسەر ئەوە هەیە کە ئەرکی سەرەکی مامۆستا لە گەڵ گۆرانکارییەکاندا گۆڕاوە و پەرەی سەندووە. مامۆستا لە فێرکەرو گواستنەوەی ڕاستیەکان بەیەک ئاراستەوە، بۆتە پەروەردەکارێک کە دەبێت ژیرانە و بوێرانە و بە تواناکانی زانستی و مەعریفی و پەروەدەیی، هەموو شتێک بکات بۆ یارمەتیدان و چالاککردنی پاڵنەرەکان و هاندانی منداڵان و فێرخوازان لە پرۆسەی فێربوونیاندا.

مامۆستای سەردەم دەبێ تێگەیشتنی باشی بۆ دوو بنەمای سەرەکی هەبێت:

یەکەم - لەسەر فێربوون وەک پڕۆسەیەکی هەمالایەن و ئاڵۆز.

دووەم - دەبێ ئاگای لە پێشهاتەکان و ئاڵنگەریەکان و پێداویستییەکانی گۆڕنکاریەکانی ناو کۆمەڵگا و پەرەسەندنی تاکدا هەبێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە سەردەمی پەرەسەندنی خێرای دروستکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکردە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بە قوتابخانە و زانکۆ و پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکان و ژیانی ڕۆژانەی تاک.

مامۆستای کاریگەرو باش

مامۆستایەکی باش و سەرکەوتوو، کە ئامانجی فێربوونی باش بێت، پێویستە هەوڵ بدات: ‌

- بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی سروش و ئیلهام، هانده‌ر بۆ بیرکردنەوە و پاڵنەرەکان و لێکۆڵینەوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی فێربوون و دۆزینەوە.

- بۆ ئەوەی ڕێبەر و یاریدەدەر بێت، لە ڕێگەی پلاندانان و پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی ئامانجە دەستبەجێیەکانی هەر وانەیەک و ئامانجە گشتییەکان بۆ هەر ماده‌ و بابەتێک.

- بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بیت بە پێشکەشکردنی فیدباک لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی پێكهاته‌یی بۆ کار و چالاکیی و دەستکەوتەکانی قوتابییان، بە شێوەیەک متمانە بەرز بکاتەوە و کۆڵنەدان و سه‌رچلی و خۆشەویستی بۆ زانین و فێربوون هان بدات.

- هەمەچەشنکردنی شێوازەکانی وانەوتنەوە و پێشکەشکردنی مادەی زانستی، هەمەچەشنکردنی چالاکیی تاکەکەسی و گروپییەکان.

 

- گرنگیدان بە پێکەوەژیان و پراکتیک و کاری تیمی و چارەسەرکردنی کێشە و پڕۆژەکان و هاندانی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پێناسەکردنی هەڵوێستەکان. پەندێکی چینی هەیە دەڵێت؛

"ئەوەی پێم دەڵێیت دەیبیستم، ئەوەی نیشانم دەدەیت دەیبینم، ئەوەی ڕێگەم پێدەدەیت لەگەڵیدا بژیم"

ئەزموونی بکەم تێدەگەم.

- هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە و پێدانی نمرەی کۆتایی بکاتە بەشێک لە پرۆسەی فێربوون، بیکاتە کارێکی پەروەردەیی یارمەتیدەر لە فێربوونی زیاتر و چارەسەرکردنی هەڵەکان و پێشکەشکردنی پێشنیارەکان و پەرەپێدان.

پێشنیار:

لێرەوە، بۆ پێشخستنی پەروەدە و فێربوون و فێرکردن، لە هەرێمی کوردستان و لە عیراق و ئەو وڵاتانەی وەک ئێمەن، بەگرنگی دەبینم جەخت لەسەر دو شتی گرنگ وەک پێشنیار بکەم:

یەکەم - چەمکی فێربوون ( فێربوون نەک فێرکردن و وانە وتنەوە) ببێتە بابەتێکی گرنگ بۆ دیراسە و گفتوگۆ لە هەموو دام و دەزگاکانی وەزارەتی پەروەدە و خوێندنی باڵا، لە ناو قوتابخانە و زانکۆ و خولەکانی پەروەردە بۆ مامۆستاکان و پەروەردەکاران.

دووەم - دانانی هەردوو بابەتی فێربوون لە گەڵ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لە ناو پرۆگرام و مەنهەجی خوێندنی قوتابیان لە کۆلیجی پەروەدە و مەعهەدەکانی پێگەیاندنی مامۆستا.

مامۆستای ئەم سەردەمە، وەک مافێکی ڕەوا و هەرە گرنگ، پێویستە ئەو دەرفەتەی پێبدرێ کە زانیاری باش بەدەست بێنێ لەسەر فێربوون لەلایەک و، لەسەر پەیوەندیەکانی فێربوون بە فێرکردن و پەروەردە و ئەرک و ئامانجەکانی قوتابخانە و کۆی سیستەمی پەروەردە لە لایێکی ترەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا