تیۆدۆر ئادۆڕنۆ

فەیلەسووف و سۆسیۆلۆگی ئەڵمانی “تیۆدۆر ئادۆڕنۆ” لە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانیدا بە قوڵی لەبارەی(کەلتووری بەرخۆریزمەوە) دواوە. بەدیدی ئادۆڕنۆ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی (پیشەسازی کەلتوورییەوە) پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کەلتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت.

ئادۆڕنۆ پێ وایە، بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، پێویستە بەوردی لە کاتەکانی چینی کرێکاران بنواڕین. ئادۆڕنۆ بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی داهێنا، ئەویش [ ژەهراویکردنی کاتی پشوو – Les loisirs deviennent toxiques] ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتەکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کەلتوورییەوە کاتەکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتەکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نیە، بەڵکو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە ئیدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نمونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وابوو، کاتەکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کەلتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین،[سینەما، فیلمەکان، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا] بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.

لەساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانى [چۆن لە تەلەڤیزیۆن بنواڕین How to Look at Television] لێکۆڵینەوەى لەبارەى لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێى وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نمونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دوونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگیەک بە ژیانی واقیع نادات.

” تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر” لە کتێبی (دیالێکتیکى رۆشنگەریدا Dialectic of Enlightenment) پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکى کەلتوورى بوو بۆ ئازادکردنى عەقڵ لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکى بونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان.

لە چەمکی پیشەسازی کەلتووریدا، رەخنە لە میدیای جەماوەری و کەلتووری جەماوەری دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەری، ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی کۆمەڵەکیدا، بە ناوەڕۆکێکى خالی لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەڕۆکێکى دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: (سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.)

بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازی کەلتووریدا، داگیردەکات. پیشەسازی کەلتووری پێمان دەڵێت؛ گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین. پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنهاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە هیچ کات مۆتیڤە دەرونییەکانی تۆ خالی ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆتۆ فەراهەم ناکات.

ئاراس سەعید

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە