
لەژێر سایەی ڕێکخستنێکی دەسەڵاتدارێتی داڕزاو و کەرتی گشتیی پەککەوتوودا، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت تەنیا تەنگژەیەکی ئابووریی ئاسایی، یان گرفتێکی کاتیی دارایی نییە کە بە هۆی هەڵلووشینی کەناڵەکانی داهات یان لێکەوتەی دۆخی هەرێمایەتییەوە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕوون و ڕاشکاوە لە بێباکییەکی پێکهاتەیی و بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەسەڵاتی ڕامیاری لە بەرامبەر ژیان، ئابڕوو، و گوزەرانی ڕۆژانەی هاوڵاتییاندا. ئەم دۆخە داڕماوەی کە سەرانسەری کۆمەڵگەی گرتووەتەوە، نە بەرهەمی ڕێکەوتە و نە دەرئەنجامی ئاڵۆزییە ڕامیارییە ناوچەیییەکانە بەتەنیا، بەڵکوو بەرهەمی ڕاستەوخۆ و مەبەستداری دەیان ساڵ لە بەکارهێنانی سامانی گشتییە بۆ بەرژەوەندیی تەسک و تایبەتی، دەستبەسەرداگرتنی ژێرخانی ئابووری، و پەراوێز خستنی یەکجارەکیی پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خەڵک. کاتێک دەسەڵاتێک لەبری خزمەتکردنی هاوڵاتی و دابینکردنی سەقامگیری، ئامرازی گوشار و ڕامکردن بەرامبەر بژێویی خەڵکەکەی بەکاردێنێت، ئیدی پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و سەروەریی ڕامیاری کۆتایی پێدێت و جۆرێک لە نامۆبوونی گشتگیر و مەترسیدار شوێنی دەگرێتەوە.
دیارترین و ڕاستەوخۆترین شێوازی ئەم بێباکییە، بە بارمتەگرتنی بژێوی ڕۆژانەی خەڵک و ، پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و کاسبکارانە. مووچە لە هەر وڵاتێکدا مافێکی سەرەتایی و دەستوورییە و شادەماری جووڵەی بازاڕ و ژیانی ملیۆنان کەسە، کەچی لە هەرێمدا کراوەتە کارتێکی فشار، ئامرازی مانۆڕی ڕامیاری و کەرەستەی گەمەکردن بە چارەنوسی خێزانەکان. ئەم سیاسەتە تەنیا زیان بە کەسی فەرمانبەر ناگەیەنێت، بەڵکو بەپێی زنجیرەیەکی بەستراوە، تەواوی کەرتەکانی بازاڕ، بازرگانیی بچووک، کڕین و فرۆشتن و تەنانەت توانای دارایی خێزانەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ئاسایی ژیانی پێشێل کردووە. کاتێک خێزانێک لە ڕووی ئابوورییەوە نەتوانێت پلانی یەک مانگی داهاتووی دارایی خۆی دابنێت و بەردەوام لە دڵەڕاوکێی بڕین یان دواکەوتنی بژێوییەکەیدا بژێت، ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تەواوی کۆمەڵگە هەڵدەتەکێت و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژیی خێزانی، تاوان، و داڕمانی ڕەوشتی کار و بەرهەمهێنان.
لە پاڵ سڕکردنی ئابووریی هاوڵاتییاندا، پەککەوتنی بەمەبەست و تێکدانی ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ڕوویەکی دیکەی توندی ئەم بێباکییە نیشان دەدات. لە سەردەمێکدا کە جیهان بەرەو پێشکەوتنی کەرتی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە هەنگاو دەنێت، هاوڵاتیی هەرێم لەناو تۆڕێک لە جەنگی بەردەوامدا دەژێت بۆ دەستکەوتنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک ئاوی خواردنەوە، کارەبای نیشتمانی، بەنزین و گاز. بەکارهێنانی موەلیدە تایبەتەکان بە نرخی گران و بەپێدانی کارەبای پچڕپچڕ، بازرگانیکردن بە ئاوی خواردنەوە لە رێگەی تەنکەرەکانەوە، و سوتەمەنیی بێئاست و گرانبەها، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی دەسەڵاتدارێتی نەک هەر عەوداڵی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە نییە، بەڵکوو خۆی بووەتە خاوەن و بەشدار لەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانەی لەسەر بنەمای بەردەوامیی ئەم قەیرانانە سەرمایە و قازانجی ڕەش پێکەوە دەنێن.
یەکێک لە مەترسیدارترین سیاسەتەکانی دەسەڵات، وێرانکردنی بەمەبەستی کەرتە گشتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردەیە. پەکخستنی نەخۆشخانە حکومییەکان، نەبوونی هەتوان و ئامێری پزیشکی، و ناچارکردنی پزیشکان و نەخۆشەکان بۆ ڕووکردنە نەخۆشخانە تایبەتەکان، پرۆسەیەکی بەتایبەتکردنی زۆرەملێ لەسەر گیرفانی هەژارانی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت. بە هەمان شێوە، پشتگوێخستنی قوتابخانە حکومییەکان، دابین نەکردنی کەرەستەی خوێندن، نۆژەن نەکردنەوەی باڵەخانەکان و زەوتکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان، لە کاتێکدا قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکانی سەربە دەسەڵاتداران ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندان، ڕاستییەکی تاڵ و ڕوون دەسەلمێنێت: دەسەڵات دەیەوێت خوێندن و چارەسەری پزیشکی تەنیا بۆ توێژێکی کەمی دەست ڕۆیشتوو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگەش لە نەخوێندەواری و بێچارەییدا بهێڵێتەوە.
ئەم بێباکییە هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و گەیشتووەتە ئاستی سڕینەوەی هیوای نەوەی نوێ و دروستکردنی قەیرانی بێکاریی گشتگیر. دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دوای ساڵانێکی درێژ لە ماندووبوون و خوێندن، بەردەم دەرگای داخراوی دەرفەتەکانی کاردەبیننەوە، لە کاتێکدا بازاڕی کار لەلایەن کۆمپانیا حبزبی و قۆرخکارەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و کەرتی تایبەتی سەربەخۆش بەهۆی باج و ڕێگرییە جۆراو جۆرەکانەوە توانای ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی نییە. ئەم دۆخە پڕ لە بێئومێدییە، گەنجانی خستووەتە بەردەم هەڵبژاردنێکی سەخت: یان ملکەچبوون بۆ بێکاری و ئازاری دەروونی، یان ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ڕێگەی دەریایی و کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو هەندەران. کۆچی گەنجان تەنیا چۆڵبوونی وڵات نییە لە هێزی کار و مێشکی بەپێز، بەڵکوو لێدانێکی کوشندەیە لە ئایندەی دیموگرافی و ئابووریی کۆمەڵگە، کە دەسەڵات بە تەواوی بەرامبەری بێدەنگ و بێباکە.
لە کوێدا جیاوازیی قووڵ و بێئەندازە لە نێوان ژیانی زێدەڕۆیانەی چینێکی سەردەستی حوکمڕان و دۆخی کولەمەرگیی زۆرینەی خەڵکدا هەبوو، لەوێدا کۆمەڵگە ڕووبەڕووی درزێکی زۆر ترسناکی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. لە کاتێکدا هاوڵاتیی ئاسایی بۆ دابینکردنی پاروویەک نان، کرێی خانوو، یان کڕینی دەرمانێک لە ململانێیەکی ڕۆژانە و شکێنەردا دەژێت، دەسەڵاتداران و دەوروپشتیان سەرقاڵی نمەک حەرامی و نمایشکردنی سامان، دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی گرانبەها، کڕینی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، و بردنی سەرمایەکانیانن بۆ دەرەوەی وڵات. ئەم بێباکییە بەردەوامە و جیاوازییە چینایەتییە زەقە، هەستی دادپەروەری لەناو ناخی تاکەکاندا دەکوژێت و چەمکی هاوڵاتیبوون و نیشتمانپەروەری بەتەواوی بێناوەڕۆک دەکات، چونکە نیشتمانێک کە نەتوانێت شکۆ و ژیانی هاوڵاتییەکەی بپارێزێت، تەنیا دەبێتە زیندانێک بۆ هەژاران و سەیرانگایەک بۆ دەسەڵاتداران.
ئەنجامی بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە بێباکەی دەسەڵات تەنیا بە زیانی ئابووریی یان داڕمانی خزمەتگوزارییەکان کۆتایی نایەت، بەڵکوو تەواوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاییندەی سەرانسەری هەرێمەکە دەخاتە سەر لێواری بەڵا و داڕمانی ڕیشەیی. کاتێک هاوڵاتی هەست بکات سیستەمی ڕامیاری بەتەواوی گوێچکەی ئاخنیوە و بەرامبەر ئازارەکانی بێباکە، ئیدی متمانە بە دەزگا فەرمییەکان، یاسا، و دادگاکان نامێنێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت. بۆ ڕێگریکردن لەم ئاراستە مەترسیدارە، بە هیچ شێوەیەک بەڵێنی بێناوەڕۆک و چاکسازیی ڕووکەش سوودی نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاریی جەوهەری و ڕیشەیی هەیە لە ڕێگەی چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەڕاندنەوەی سامانی گشتی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، ڕوونی تەواو لە داهاتە ڕاستەقینەکان، و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی حیزبی لەسەر هەموو سێکتەرەکان. بەپێچەوانەوە، بەرەودواچوونی ئەم دۆخە، دەرگایەکی گەورە بەرەو پشێویی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی ڕێژەی تاوان، و داڕمانی تێکڕای ژێرخانی ڕەوشتی و ڕامیاریی کۆمەڵگە دەکاتەوە کە چاک کردنەوەی لە ئایندەدا مەحاڵ دەبێت.
