به ڕوونی
كاوه مه‌حموود
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی نامۆبوون (ئالیێناسیۆن) له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا
به‌شی یه‌كه‌م/
نامۆبوون/ (ئالیێناسیۆن) (Alienation) ، یه‌كێكه له‌و چه‌مكه سه‌ره‌كییانه، كه له هزری سیاسی‌دا پێش ماركس باسكراوه. فۆیه‌رباخ پێش ماركس له كتێبی (روحی كریستیان) ئاماژه‌ی بۆ به‌كارهێنانی چه‌مكی نامۆبوون كرد بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئایین و سروشته‌كه‌ی، له‌نێوانیاندا عه‌قڵی ڕه‌های هیگلی. فۆیه‌رباخ خۆیییه‌تی ئایينی و عه‌قڵی ڕه‌های هیگلی به‌شێوازێكی سروشتی خه‌یاڵی مرۆڤی بێ‌سنوور ده‌زانی. ئه‌و پێیوایه ئایین، به‌شێوه جیاوازه‌كانی، یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زانینی مرۆڤه له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆك و سروشتی خۆیدا. ئه‌وه شێوازێكه له ئاگایی خۆیی و، مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه گشتییه‌كانی خۆی ده‌خاته سه‌ر بوونێكی خه‌یاڵی، كه له‌سه‌روو، و ده‌ره‌وه‌ی خۆییه‌تی و چه‌مكێك ده‌خوڵقینێ و ده‌یكا به خوڵقێنه‌ر. واته مرۆڤ به‌پێی بۆچوونی فۆیه‌رباخ خۆی له خوڵقێنه‌ره‌وه ده‌كاته خوڵقاو و، مه‌لكه‌چی ئه‌و بابه‌ته ده‌بێت، كه ئایینه و خۆی دروستیكردووه.
ماركس له چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ سیستمی سه‌رمایه‌داری و خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی چه‌وسانه‌وه، په‌ره‌ی به‌م چه‌مكه‌داوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، كه نامۆبوون بریتییه له‌و ڕه‌وشه‌ی مرۆڤ كرۆكی مرۆیی خۆی له كۆمه‌ڵگادا به‌هۆی سیستمی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا له‌ده‌ستده‌دات.
بنه‌مای نامۆبوون بۆ هۆكاری په‌یوه‌ندی دژبه‌رانه‌ی نێوان چینی سه‌رمایه‌داران و چینی كرێكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش له ئاكامی چڕبوونه‌وه و چه‌قبه‌ستنی توانای وه‌به‌رهێنان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سامان و داهاته له ده‌ست سه‌رمایه‌داران و سه‌پاندنی هێزیان به‌سه‌ر چینی كرێكار و، به‌م جۆره كه‌مایەتی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی جۆراجۆری خۆی به‌سه‌ر زۆربه، كه چینی كرێكار و هێزی به‌رهه‌مهێنانی فیعلی ناو كۆمه‌ڵگایه ده‌سه‌پێنێت و، له چوراچیوه‌ی مه‌رجه‌كانی خۆی به مه‌به‌ستی زیادكردنی قازانج و كه‌ڵكه‌ی به‌رده‌وامی سه‌رمایه، چینی كرێكار به‌گه‌ڕده‌خات و، له‌بارامبه‌ریشدا چینی كرێكار به مه‌به‌ستی باشكردنی ژیانی خۆی ناچاری ململانێیه و ئه‌م حاڵته‌ش سه‌رچاوه‌ی ناكۆكی و ململانێی چینایه‌تییه وه‌ك یاسایه‌ك و، سه‌قامگیریش دۆخێكی به‌ده‌ره له یاسای گشتی، كه ناكۆكی و ململانێی نێوان ئه‌م دوو چینه‌یه.
له سایه‌ی ئه‌م ململانێیه‌دا لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی چینی كرێكار و، له ئاكامدا دیارده‌ی بێكاری و هه‌ژاری به‌رۆكی چینی كرێكار ده‌گرێته‌وه.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه دژبه‌یه‌كه له‌لایه‌ن ماركسه‌وه به چه‌مكی نامۆبوون پێناسه‌كرا.
پێناسه‌ی نامۆبوون لای ماركس بریتییه له‌و ڕه‌وشه‌ی، كه مرۆڤ په‌یوه‌نديی خۆی به سروشتی كاره‌كه‌ی و به‌شداریكردنی له به‌رهه‌مهێنان و كارابوونی له كۆمه‌ڵگادا ونده‌كات و، له ئاكامدا هه‌ست به گۆشه‌گیری ده‌كات و، توانای كۆنتڕۆڵكردنی ژیانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. هۆكاری سه‌ره‌كيی نامۆبوون لای ماركس بریتییه له‌وه‌ی مرۆڤ به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌بێته ئامرازێكی به‌رهه‌مهێنان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كارا و ئازاد و داهێنه‌ربێت.
له ده‌ستنووسه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كاندا 1844، ماركس ئاماژه بۆ چوار شێواز له نامۆبوونی كرێكاران له سایه‌ی سیستمی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی سه‌رمایه‌داری ده‌كات.
ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌م بریتییه له نامۆبوونی كرێكار له كاڵا، به‌جۆرێك كرێكار هه‌ر له‌و كاته‌دا، كه كاڵاكه به‌رهه‌مده‌هێنێت، نابێته خاوه‌نی به‌رهه‌می خۆی و، به‌م جۆره‌ش به‌رهه‌م ده‌بێته شتێكی نامۆ و، به‌رهه‌مهێنه‌ر و ته‌نانه‌ت به‌كاربه‌ریش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر به‌رهه‌مدا نییه و، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رهه‌م هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر كرێكار ده‌سه‌پێنێت. هه‌ژموونی به‌رهه‌م بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی چینی سه‌رمایه‌دار، كه ده‌ستبه‌سه‌ر كاری ده‌ستی كرێكار و كاری هزری ئه‌ندازیاران ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر هه‌مان لۆجیگی فۆیه‌رباخ، كه باس له په‌یوه‌نديی خوڵقێنه‌ر و خوڵقكراو له‌بواری چه‌مكی ئایینی ده‌كات، به‌كاربهێنین، ئه‌وا ماركس ئه‌م چه‌مكه‌ی له‌بواری ململانێی چینایه‌تی و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاڵادا به‌كارهێناوه و، په‌یوه‌نديی خوڵقێنه‌ر یان دروستكه‌ر، كه كرێكاره و كاڵا كه خوڵقاوه و دروستكراوه له ئاكامی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ده‌بێته‌وه و، كرێكار په‌یوه‌نديی به خاوه‌ندارێتی ئه‌و كاڵایه‌وه نامێنێت، كه دروستیكردوه و، كاڵا هه‌ژموونی خۆی له‌چوارچێوه‌ی كۆیلایه‌تیدا به‌سه‌ر كرێكار ده‌سه‌پێنێت و، به‌م جۆره په‌یوه‌نديی نامۆبوون دروستده‌بێت.
ماركس باس له نامۆبوون وه‌ك دیارده‌یه‌كی تەجریدی كاركردن و تاكه‌كه‌سی ناكات، به‌ڵكو باس له كاری كۆمه‌ڵایه‌تی نامۆكراوی به‌رجه‌سته‌بوو له سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه سه‌رمایه‌دارییه ده‌كات و، له‌سایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌كانی نامۆبوون دروستده‌بێت.
دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی كاڵا له دروستكه‌ره‌وه، كه كرێكاره بۆ سه‌رمایه‌دار، داهات و قازانج و كه‌ڵكه‌ی سامان و سه‌رمایه لای چینی سه‌رمایه‌دار دروستده‌بێت و، سه‌رمایه بریتی ده‌بێت له كاری كۆمه‌ڵایه‌تیی نامۆكراوی چینی كرێكار.
به‌م جۆره هێزی كار ده‌بێته كاڵا و كرێكار بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان ناچاره بیفرۆشێت و، ئه‌و هێزی كاره له‌چوراچێوه‌ی چه‌مكی چینایه‌تیدا له خودی خاوه‌نه‌كه‌ی كه كرێكاره نامۆده‌بێت و، كاڵا ده‌چێته دۆخی وه‌رگرتنی بتبوون (فیتیشیزم).
ڕه‌هه‌ندی دووه‌م بریتییه له نامۆبوون له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، به‌جۆرێك كرێكار ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر شێواز و مه‌رجه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا نییه و، كاركردن ده‌بێته ڕێگا و ئامرازێك بۆ مانه‌وه‌ی ژیان نه‌ك ده‌ڕبڕینی كارێكی داهێنه‌رانه‌ی خودی خۆی. له‌م حاڵه‌ته‌دا پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌سه‌ر كرێكاردا ده‌سه‌پێنرێت، كه له ئاكامدا كاركردن پرۆسه‌یه‌كی قورس و ڕۆتینی ده‌بێت و، به‌گشتی په‌یوه‌نديی نێوان كرێكار و هێزی كار په‌یوه‌ندییه‌كی نامۆیی ده‌بێت.
له سیستمی كه‌پیتاڵیزمدا سه‌رمایه پێیوایه خۆی سه‌رچاوه‌ی گه‌شه و كه‌شه‌پێدانه و هێزی سه‌ره‌كییه و كۆمه‌ڵگا و مرۆڤه‌كان ده‌جووڵێنێت. كۆمه‌ڵگا به‌هۆی ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی یان تاكه‌كه‌سییه‌كی به‌ئاگا و به‌پێی هۆشمه‌نديی مرۆڤه‌وه ناڕوات، به‌ڵكو به‌هۆی هێز و توانای سه‌رمایه، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری وه‌ك ئامێرێكی ئاڵۆزی گه‌وره و كۆنتڕۆڵی ویست و عه‌قڵی مرۆڤ، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ئاگایی و كرداری ئاگایانه‌ی مرۆڤ، ده‌بێته هێزێكی بیانی، كه دژی مرۆڤه‌كان ده‌وه‌ستێت و، به‌م جۆره نامۆبوون دروستده‌بێت.
ڕه‌هه‌ندی سێیه‌م برتییه له نامۆبوون له خود، به‌جۆرێك كاركردن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆبه‌دیهێنان بێت، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی له‌ده‌ستدانی شوناسی مرۆیی و، كرێكار ئازادی و داهێنان نامێنێت و هه‌ست به‌وه ده‌كات، كه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مێناندا كه چالاكيی ئه‌وه، ڕه‌نجی ده‌دزرێت و به به‌رچاو‌ی خۆیه‌وه تاڵانده‌كرێت.
ڕه‌هه‌ندی چواره‌م بریتییه له نامۆبوون له خه‌ڵك و كرێكاری ده‌وروبه‌ر به‌هۆی گۆڕانكاری له په‌یوه‌ندییه‌كان و دروستبوونی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی ئابووری له‌جیاتی هاوكاری مرۆیيانه. به‌م جۆره پێشبركێ و به‌ربه‌ره‌كانی له‌ڕیزی چینی كرێكاردا ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نامۆبوونیان.
به‌پێی ڕای ماركس هۆكاری سه‌ره‌كيی نامۆبوون بۆ شوناس و سروشتی سیستمی سه‌رمایه‌داری و، خاوه‌نداری تایبه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و، ئه‌مه‌ش بنه‌مای سیستمی سه‌رمایه‌دارییه، كه كرێكار له خاوه‌نداریبوونی هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان داده‌بڕێت و هێزی كاری خۆی ده‌فرۆشێت و، خودی كرێكار وه‌ك ئامرازێك له ئامێری به‌رهه‌مهێناندا ده‌رده‌كه‌وێت و، سه‌رمایه‌داران جه‌خت له‌سه‌ر قازانج ده‌كه‌نه‌وه.