محمد نبی/سۆران
خانەنشینبوون لە کوردستان جۆرێکە لە دێوەزمە، (کەسی خانەنشینبوو) هەست بە پیری و ترسی مەرگ دەکات، چەمکی (خانەنشینی) بەواتای ( ماڵنشینی و لە ماڵ دانیشتن) دێت، ماڵ لە نەریت و مێنتاڵێتیی کوردی مانایەکی نەرێنیی هەیە، لەسەردەمی باڵادەستیی سیاسەتی کوردییش دەچێتەوە سەر چەمکی چوونەوە ماڵ: «لۆ مارێ»من ئەم دەربڕینە بەتەواوی ڕەت دەکەمەوە، ئەم دەربڕینە ماڵ وەک جەهەننەم، وەک شوێنێکی خراپ و بێ ئەرک نیشان دەدات، ماڵ وەک نابودی و بێ ئیشی و بێ ماڵی نیشان دەدا، بەڵام «ماڵ» ڕەسەنترین چەمکی (نیشتەجێبوون لە جیهان)ە، ماڵ ئارامگای مرۆڤە، پەناگەیە، شوێنی بیرکردنەوەو داهێنانیشە؛ ماڵ بەرزترین داهێنانی مرۆڤ و جێهێشتنی قۆناغی وەحشەت و ئەشکەوتە، ماڵ سەر بە «گەڕانەوە»یە. «خانوو» وەک ماتریاڵ و بلۆک سەر بە «پیاو»ە، بەڵام «ماڵ» وەک ڕەنگینی و پاکی پەیوەندە بە «ژن» بۆیەش پیاوی خێڵەکی حەزناکا لەماڵ دانیشێت. گەڕانەوە پێچەوانەی (دەرچوون)ە، دەرچوون جۆرێکە لە( لەخۆدەرچوون) و ئەمەش دەچێتەوە سەر (لەخۆنامۆبوون) و خۆخستنە بەر «خزمەتکاری»، خزمەتکاریش لەپاڵ ئەو جوانییەی کە بایەخدان و ئاگاداربوونە لە ژیانی ئەوانیتر، بەڵام سەروکارێکیشی دەچێتەوە سەر کۆیلەیی، ڕۆسۆ خزمەتکردنی بە دەستەمۆیی داناوەو باوەڕی بە دەستبەرداربوون لەهەموو ئیلتیزاماتێک هەبووە بۆ ئازادی، بۆیە مانگێک هەموو ئیلتیزاماتێکی جێهێشتووەو چووە لە دوورگەیەکی سویسرا: پاڵی داوەتەوە؛ ئازاد ئازاد ژیاوە، هایدیگەر کۆرسی زانکۆو سەرۆکایەتیکردنی زانکۆ جێ دەهێڵێ و دەچێت لە لادێیەک ئازاد دەژیت و گوێ لە سەداو ئاوازی ژیان و بوون دەگرێت.
بەڵێ (ئاگاداربوون لە ژیانی ئەوانیدی) ئەرکێکی مرۆڤینی و مرۆدۆستییە، لێ لەزۆر باردا دەستبەرداربوونیشە لە خۆ، «ئاگاداربوون لە ئەوانیدی» لەسەر «ئاگادارنەبوون لە خۆ» وەستاوە، بەڵێ (مرۆڤدۆستی) شا ئاکاری ئەخلاقییانەیە، بەڵام پێویستیشە بەرمەبنای ئەمە مرۆڤ ئاگاداری خۆیشی بێ، بایەخ بەخۆی بدا، چێژ لە کۆیلەیی نەبینێ، لایەنی کەم لە تەمەنی خانەنشینی و حەکیمی خەریکی ژیانی خۆی بێ.
«حیکمەتی دێرین» چ لەئاستی دینی، چ لە فەلسەفی، بایەخی دەدا بە «ئاگالەخۆبوون/ بایەخ بەخۆدان/ بەخۆڕاگەیشتن...) ئەمە لە نەریتی فیکری و فەلسەفی و زانستیی دێرین سەرتۆپی مەعریفەداری بوو، بۆیەش لە یۆنانی کۆن ( پزیشکی/ فەلسەفە/ وەرزش) هاوئامانج بوون ئەویش بریتیبوو لە (ئاگاداربوون لە خود) لەپێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە، فۆکۆ زۆر ستایشی ئەمە دەکات. ئاخر «وەرزش» هۆکاری «تەندروستی» بوو، و فەلسەفەش هۆکاری «بیرکردنەوە»: مرۆڤیش بەبێ جەستەیەکی تەندروست نەیدەتوانی خەریکی بیرکردنەوەبێ و خزمەت بە ژیینی خۆی بکات، ژیان ئامانجی فەلسەفە بوو نەک پسپۆرییەتێکی مردووانەی زانکۆیی.
خانەنشینبوون قۆناغێکە پەیوەندیدارە بە «تەمەن»، پێویستە مرۆڤ لەم تەمەنەدا پشوو بدات و نەچێتە ناو ئیلتیزاماتی دەزگاو دامەزراوەکان، ئیلتیزاماتی دەمەزراوە/دامودەزگا پێویستی بە «پابەندبوون/ئیلتیزامات»ە، پابەندبوون ناچارییە، مرۆڤ لەم تەمەنەدا، کە تەمەنی حەکیمبوونە، پێویستە بگەڕێتەوە سەر (سوکنایی بوون/ سێبوریی ژیان)، کەس ئەمری پێ نەکا، ڕێساو یاسا نەبنە مایەی ئەوەی بیبەنەوە ناو ئاقاری «ناچارییەت»، ناچاربوون بە کات، ناچاربوون بە ڕێسای زۆرو زەوەندی پیشە.
لێرەوەیە من پێموایە «خانەنشینی» قۆناغی گەڕانەوەیە بۆ «ئاگاداربوون لە خودو خودپەروەری»،
قۆناغی حەکیمبوون و ڕامانە لە حیکمەتەکانی ژیان.
هیوای ژیانێکی شادو جوان و پڕ لە حیکمەت بۆ خانەنشینان دەخوازم.