ڕِێواس بانیخێڵانی

پێشەکی 

لە ماوەی ئەزموونی زیاتر لە بیست ساڵی مامۆستایەتی لە سوێد و دوو ساڵ تێکەڵبوون بە پرۆسەی پەروەردە لە کوردستان، ئەم لایەنەی پەروەردە سەرنجی ڕاکێشاوم و بەردەوام لە ڕەهەندی تێروانینێکی ڕەخنەگرانە شیکردنەوەم بۆ ئەم بابەتە کردووە و بەپێی توانای خۆم لەگەڵ هەموو ئەوانەی کارم لەگەڵ کردوون ئەم دیاردەم بەرپەرچداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنە بوومەتەوە کە من زۆر نەرمم و ئەم نەرمییەم بەکەڵکی کوردستان نایەت، بەڵام ئەزموون نیشانیدا کە نەرمی پەروەردەیی مرۆڤەکان دەخاتە سەر ڕێگەیەکی دروست و بەوردبینییەوە لە هەڵسوکەوتەکانی خۆیان دەڕوانن. لەم زنجیرە وتارەمدا هەندێ لایەنی کاریگەری شێوازی کارکردنی شکانەوە و شێوازەکانی توندوتیژی دەخەمە بەر باس و هیوادارم گفتوگۆیەکی پەروەردەییانەی ئەنجامدار لە نێوان پەروەردەکاران و لایەنی بەرپرس دروستبکات. 

بەشی یەکەم 

پەروەردە و فێرکردن دوو کۆڵەگەی بنەڕەتین لە پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکدا، هەربۆیە دەڵێن کە بتەوێت کۆمەڵگەیەک پێشبخەیت و بیگۆڕی، دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێبکەیت. لەم سیستەمەی کە  گۆڕانکاری تێیدا دەستپێدەکات، مامۆستایان و بەڕێوەبەران دوو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. پەیوەندی ئۆرگانی  نێوان ئەم دوو لایەنە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو گۆڕانکارییە دەبێت. مەبەستم لە پەیوەندی ئۆرگانی ئەو پەیوەندییەیە کە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزی دوو قۆڵی دامەزرابێت، هەردوولا لە جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا وەک یەک تیم کاربکەن و بەردەوامیش ئالوگۆڕی بیروڕا پێشنیارەکان بکەن. بۆیە لێرەدا  بەڕێوەبەر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی ئەم جۆرە پەیوەندییە. یەکێ لەو فاکتەرانەی ئەم جۆرە پەیوەندییە ئۆرگانییە دەسڕێتەوە لە بواری پەروەردە و فێربووندا، شکانەوە و بەکەم سەیرکردنی مامۆستایانە، یان بەکارهێنانی ڕەخنەیەکی ڕوخێنەر کە زۆر جار لە کوردستان بە شۆردنەوە ناویدەبەن. 

پێناسەی شکانەوەی بەڕێوەبەر بۆ مامۆستایان

شکانەوەی بەڕێوەبەر بۆ مامۆستایان: لێرەدا ئاماژەیە بۆ ئەو ڕەفتارە نەرێنییانەی بەڕێوەبەری قوتابخانە پەیڕەویدەکات، ئەویش لە  بەکارهێنانی ڕەخنەیەکی ناپەروەردەییانە، شکانەوەی کەسایەتی مامۆستا وەک کەسێکی پێگەیشتوو و خاوەن بڕوانامەیەک، زۆرجاریش خاوەن ئەزموونێکی درێژ، زۆر جاریش لە بەراوردکردنێکی نابەجێ لە نێوان مامۆستایان بێ ڕەچاوکردنی توانای تاکی و هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانە. ئەم دیاردەیەش لە چەند ڕواڵەتێکی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە: 

- بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی ناشیرین لە پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایاندا" توندوتیژی دەروونی".

- بە کەم سەیرکردنی تواناکانی مامۆستایان و کارەکانیان.

- ڕەخنەگرتنی زۆر لە مامۆستایان لەبەردەم کەسانی تر (قوتابی، دایک و باوک، یان کادری تر)، یان پشتگیرینەکردنی بڕیارەکانی مامۆستا لەبەردەم قوتابییاندا.

- سووکایەتیکردن بە مامۆستا لە کۆبوونەوەکان یان لە کاتی گفتوگۆکاندا، نەبوونی ڕێزگرتن لە سەرنج و ڕاوبۆچوونەکانیان.

- ڕێزنەگرتن لە پێگەی شایستەی مامۆستا لە سیستەمی قوتابخانەدا، نەبوونی پشتگیری کاریگەر لەلایەن بەڕێوەبەر و نەبوونی دەرفەتی گەشەپێدانی پیشەیی. 

بێشک ئەم ڕەفتارانە بەشێوەیەکی زەق و بینراو یان نەبینراو و پەردەپۆش ئەنجامدەدرێن. جا لێرەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر کاریگەری ئەم ڕەفتارانە بۆ سەر مامۆستا و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان. لێرەدا سەرنجتان بۆ چەند خاڵێک ڕادەکێشم:

یەکەم : متمانە بەخۆبوون

• مامۆستایانی بێ پشتگیری پەروەردەیی کەمتر متمانەیان بە تواناکانی خۆیان دەبێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مامۆستایانی بێ پشتگیری کەمتر متمانەیان بە تواناکانی خۆیان دەبێت. 

• مامۆستایان دوودڵ دەبن لە تاقیکردنەوەی شێوازی نوێی وانەوتنەوە، مامۆستایان توانای داهێنانیان کەمدەبێتەوە و زیاتر پەنا دەبەنە بەر شێوازی نەریتی وانەوتنەوە.

• مامۆستایان کەمتر ئامادەن بۆ وەرگرتنی ئەرکی زیاتر یان بەشداریکردن لە چالاکییە هاوبەشەکاندا.

دووەم: کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی پۆل

• شکانەوە یان توندوتیژی بەڕێوەبەر کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر توانای مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی پۆل، کاتێک قوتابییان هەستدەکەن بەڕێوەبەر پشتگیری مامۆستاکەیان ناکات، ڕێزی کەمتر لە مامۆستاکە دەگرن.

• ئەگەر ڕێنمایی و پشتگیری پێویست نەبێت، مامۆستایان زیاتر تووشی کێشەی بەڕێوەبردنی پۆل دەبن، نەبوونی ڕێوشوێنی یەکگرتوو لە قوتابخانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ڕەفتارییەکاندا کار بۆ مامۆستایان قورستر دەکات.

• لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا، مامۆستا تووشی دڵەڕاوکێ  دەبێت چونکە دەزانێ کە  پشتگیریی ناکرێت، ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی لە پۆلدا و کەمکردنەوەی کاتی وانەوتنەوەی کاریگەر.

سێیەم:  کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابیدا

یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی شکانەوەی بەڕێوەبەر، کار لەسەر پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی دەکات.

• مامۆستایانی بێ پشتگیری زیاتر لە ڕووی سۆزەوە سنووردار دەبن و کەمتر پەیوەندی پۆزەتیڤیان لەگەڵ قوتابییەکانیان دەبێت.

• ئاستی خۆشەویستی و متمانە لە نێوان مامۆستا و قوتابی کەمدەبێتەوە.

• مامۆستا ناتوانێت بەتەواوی خۆی بۆ یارمەتیدانی قوتابییە تایبەتەکان تەرخانبکات.

• مامۆستایانی بێ پشتگیری، کەمتر پەیوەندی دروست لەگەڵ دایک و باوکی قوتابییان دادەمەزرێنن، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ قوتابییەکان دەبێت.

چوارەم: کاریگەری لەسەر ئاستی فێربوونی قوتابییان

شکانەوەی بەڕێوەبەر لە کۆتاییدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی فێربوونی قوتابییان دەبێت:

• توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە قوتابخانەکانی بێ پشتگیریی بەڕێوەبەر، ئەنجامەکانی قوتابییان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە.

• کەمبوونەوەی ڕەزامەندی قوتابییان لە سیستەمی فێرکردندا.

• کەمبوونەوەی ئامادەبوونی قوتابییان لە قوتابخانەدا.

• کەمبوونەوەی بەشداریی چالاکانەی قوتابییان لە پۆلدا و هەوڵدان بۆ پێشخستنی خۆیان و قوتابخانە.

پێنجەم: کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی مامۆستایان

شکانەوەی بەڕێوەبەر کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی دەروونی مامۆستایان هەیە.

• زیادبوونی هەستی گوشاری دەروونی و بارگرانی.

• زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە هەستی بێتوانایی یان بێزاربوون لە کاردا (burnout).

• زیادبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی پەیوەست بە کار.

• کەمبوونەوەی ڕەزامەندی پیشەیی و خۆشەویستی بۆ کارەکەیان.

• زیادبوونی ئارەزووی جێهێشتنی پیشەی مامۆستایەتی.

٦- کاریگەری لەسەر کەشی گشتی قوتابخانەدا

شکانەوەی بەڕێوەبەر تەنها کاریگەری لەسەر مامۆستایانی تاک نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشی گشتی قوتابخانە:

• دروستبوونی کەشێکی نەگەتیڤ لە قوتابخانەدا.

• کەمبوونەوەی هاوکاری لە نێوان مامۆستایاندا.

• زیادبوونی ململانێ و ناکۆکی لە نێوان مامۆستایانی قوتابخانە و دروستبوونی گرووپی کارکردن دژ بەیەک.

• کەمبوونەوەی هەستی بەرپرسیارێتی هاوبەش بەرامبەر بە پەروەردەی قوتابییان.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا