هۆشیاری عەبدولعەزیز

یەکێک لەو بابەت و تێرمە پڕبایەخ و گرنگانەی کە لە چوارچێوەی ئیدارەدانی کۆمەڵگادا بەدی دەکرێ بابەتی دامەزراندن و خانەنشینە ، ئەم بابەتە لەدنیای  ئەمڕۆدا بەشێكە لە سیاسەت و ستراتیژی ئابووری، سیاسی و كارگێڕیی دەوڵەتان و بەخاڵی گرنگی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتی باش دەناسرێ و لە زور ڕووشەوە دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنی حوکمڕانی ، واتا پرۆسەی دامەزراندن و خانەنشینی لە وڵاتانی پێشكەوتوو گرنگیی تایبەتی هەیە و بنەمایەکە بۆ  سەرکەوتنی پرۆسەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە هەرجێەک کەم و کورتی لەو بوارانە هەبێ قەیرانی گەورە سەرهەڵدەدەن و کۆمەڵگا تووشی جۆرێک لە ڕکوود و وەستانی نا سروشتیی دەبێتەوەو وادەکات جۆرێک لە ئاژاوەی ئابوری و سیاسی ڕووبدەن ، بۆ ڕێگری لەم حاڵەتەش لە زۆر لە وڵاتانی خۆرئاوا و وڵاتانی پێشکەوتوو كۆمەڵێك چاكسازیی بنەڕەتی لەم سیستەمە هاتووەتەئاراوە و وایکردوە خزمەتی زیاتر بەم دووتوێژە بکرێ ، بۆیە گەر بە تێڕوانینێکی بابەتیانە و ورد لە دۆخ و هەڵومەرجی كوردستان و پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت و قۆڵکردنەوەی بازاڕ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری بڕوانین و کەمێک بە دیقەتەوە لە پرۆسەی حوکمڕانی کوردی ورد بینەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە ئەوەی لێرە ڕوو دەدا نەك هەر بۆ ئەو ئامانج و مەبەستانە نییە کە لە سەرەتا ئاماژەمان پێکرد، بگرە گرفتەكان زۆر لەوە زیاترن و پەیوەستن بەشکستی  تێڕوانین و فەلسەفەی دەسەڵات و حوكمڕانی و سیستەمی ئیدارەدانەوە  

زۆرجار لە کۆمەڵگا سیاسیە شکستخواردوەکاندا  بازرگانە سیاسییەکان کە بەهەر نرخێک بێت ئیحتکاری سوڵتەی سیاسیان کردوە و خەریکی چنینەوەی دەستەکەوتەکانن ، کار لەسەر ئەو موزایەداتانە دەکەن و هەوڵدەدەن لەڕێگەی کۆمەڵێک بەرپرس و ڕۆشنبیری نمایشکارو فەیکەوە  بەرێگاو ئامرازی جیاواز خەڵک چەواشە بکەن و سەرنجی کۆمەڵگا بەلای خۆیاندا ڕاکێشن ، ئەم بەرخۆرە سیاسیانە هەمیشە وەک هەلپەرستێکی لێزان وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەیبینین لەبۆسەدان بۆ سودوەرگرتن لەهەر ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی، یان تەنگەژەیەکی ئابوری یان کێشمەکێشێکی حزبی. و بێ شەرمانە دەکەونە شاباش کردنی دەسەڵات و ڕەوایەتیدان بەو یاسا و ڕێسایانەی کە کۆمەڵگای پێ لەقاڵب دراوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەت بەهۆی قەیران و تەنگەژە ئابوری و سیاسیەکانەوە توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخەی نیە و دەبێ خەڵک پشوو درێژبێت لەم ئاستەدا 

کەچی سەرەڕای ئەو هەمووبانگەیەش هێشتا لێرە دەسەڵاتی سیاسی وەک هەر  دەسەڵاتێکی بێ موبالاتی ناشی نەیتوانیوە وەك پێویست سەركەوتوو بێت لە وەبەرهێنان و بەكارهێنانی بودجەی گشتی و داهاتەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز و بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ، چونکە  داهاتی ئەم وڵاتە جگە لەوەی كە بۆ ئەو ئامانجەکانی بازرگانی و بەهێزکردنی حزب و بنەماڵە بەکاردێت  و هۆکارێکی باشە وەك ئامرازی راكێشانی وەلائی دەنگدەران و رازیكردنی ئەندامی حیزب و تەخشان و پەخشان کردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی ، دەسکەوتێکی بەهێزیشە بۆ کڕینی سێکتەرە گرنگەکانی دەوڵەت و لە زۆر خاڵدا ئەحزابی حوکمڕانی هەرێم چی لەسەر ئاستی عێراق و چی لە سەرئاستی کوردستان ئەو کارەیان کردوە و توانیویانە لەو ڕێگایانەوە خۆیان بگرنەوە ، بەم خۆگرتنەوەش پرۆسەی دامەزراندن و خانەنشینكردنی فەرمانبەر شکستی پێ هێنراوەو جێ بایەخی کەس نیە و وایکردوە توێژێكی مشەخۆری لەسەر حیسابی بودجەی گشتی و مافی خەڵكانی شایستە دروست كردووە. 

بەداخەوە ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم زۆرباش دەزانن کە دەمەزراندن و خانەنشینی دوو خاڵی گرنگی ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا و زیندوو ڕاگرتنی متمانەی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا لە گەڵ ئەوەشدا خودی دەسەڵات خۆی دەزانێ دامەزراندن زەروورەتی کەمکردنەوەی پەنگخواردنەوەی قەیرانی حوکمڕانیە و خانەنشینیش موچە نیە وەک دەگوترێت بەڵکو پارەیەکە پێشتر خۆت لای حکومەت داتناوە و وەریدەگرێتەوە بەشداری و موساهەمەیەکە حکومەت بەشێک لە موچەکەت لا ئەدا لەو سەری تەمەن کاتێک لەخزمەت ئەوەستی  ئەبێ بیداتەوە، بەکورتی حکومەتە حزبیەکەی هەرێم بە دیدێکی نشتیمانی ناڕوانێتە ئەم دوو خاڵە گرنگە و پێی وایە ئەگەر موچە و قوتی خەڵکی لەژێر دەستدا نەبێت ناتوانێ حوکمڕان بێت و هەمو فەلسەفەی حوکمرانیان لەوەدا کورتکردۆتەوە کە خۆیان موچە و خانەنشینی بدەن و ناشتوانن دادگەرانە و رێک و پێک لانیکەم وەک ئەو بەغدایەی کەوەک جەهەنەم وێنای دەکەن و پڕە لە توندوتیژی و جۆرەها دەمارگیری مەزهەبی و قەومی و ئایدۆلۆژی حوکمڕانی بکەن

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا