ستار ئەحمەد

هەشتەمی مارس تەنها وێستگەیەکی کاتی یان یادکردنەوەیەکی سادە نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەڵکو ئەم ڕۆژە هێمایەکی زیندووی هاواری ویژدانی مرۆڤە لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەو نیوەیەی کە بە درێژایی چەرخەکان بڕبڕەی پشتی ژیان و بەردەوامی بووە. کاتێک باس لە ئافرەت دەکەین، باس لە هێزێکی داهێنەر دەکەین، کە لە نێوان چەقی ئازار و تەمتومانی ستەمدا، توانیویەتی مۆمی هۆشیاری داگیرسێنێت و ڕێگەی نەوەکان بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر ڕۆشن بکاتەوە. ئەم ڕۆژە بەرھەمی خەباتێکی بێوچانە کە لە کارگە تاریکەکان و شەقامە پڕ لە دووکەڵەکانی شارە گەورەکانەوە دەستی پێکرد، کاتێک ئافرەتان بڕیاریاندا چیتر لە پەراوێزی مێژوودا نەمێننەوە و ببنە بکەرێکی کارا لە گۆڕینی چارەنووسی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. زۆر کەس دەپرسن هەشتەمی مارس چییە و بۆچی بووە بە سیمبولی جیهانی....؟ 
ڕەگی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، کاتێک ئافرەتانی کرێکار لە کارگەکانی ڕستن و چنین لە شارە گەورەکاندا دژی مەرجە سەختەکانی کارکردن و کەمیی مووچەکانیان ڕاپەڕین. ئەوان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد ،کە مرۆڤن و شایستەی ژیانێکی شکۆمەندانەن، ئەم جووڵانەوەیە بووە سەرەتایەک بۆ زنجیرەیەک خەباتی بەردەوام، کە لە ساڵانی دواتردا بووە هۆی چەسپاندنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ ناسینی مافەکانی ئافرەت و بەگژداچوونەوەی نایەکسانی و ستەمکاری.
لە ڕاستیدا ئازادیی ئافرەت کلیلێکی بنەڕەتییە بۆ ئازادیی تەواوی کۆمەڵگە، چونکە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بە یەک باڵ بەرەو لوتکەی شارستانییەت بفڕێت. ئافرەت وەک پەروەردەکار، وەک بەرهەمهێنەر و وەک پارێزەری بەها باڵاکان، هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو گەیشتن بەم ڕۆژە داوە. لە مێژووی ئێمەی کوردیشدا، ئافرەت پێگەیەکی بێوێنەی هەبووە؛ ئەوان تەنها دایکی دڵسۆز نەبوون، بەڵکو شێرە ژن و خاوەن بڕیار و هزرێکی تیژ بوون کە لە کاتی تەنگانەدا بوونەتە قەڵغانی پاراستنی خاک و زمان و کولتوور. کاتێک مێژووی کۆن و نوێی ئەم نیشتمانە هەڵدەدەینەوە، دەبینین لە هەموو بزاوتە ڕزگاریخوازییەکان و لە هەموو کایە ڕۆشنبیرییەکاندا، ئافرەتان شانبەشانی پیاوان قورسایی ژیانیان هەڵگرتووە و زۆر جار لە پێشەنگی کاروانەکاندا بوون. ئەمڕۆ کە دەبینین کچانی ئێمە لە ناوەندە زانستییەکان، لە کایە سیاسییەکان و لە بوارە ئەدەبییەکاندا دەدرەوشێنەوە، نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ ئەوەی کە پێشکەوتنی نیشتمان بەبێ بەشداریی کارای ئەوان مەحاڵە. پێویستە ئەوە بزانین کە هێشتا ڕێگەیەکی دوورمان لە پێشە بۆ چەسپاندنی تەواوەتیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، چونکە هێشتا لێرە و لەوێ ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم ئیرادەی ژناندا دروست دەکرێت کە سەرچاوەکەیان بۆ نەزانی و تێنەگەیشتن لە بنەماکانی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.
ئافرەت پێویستی بە بەزەیی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و ناسینی وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و سەربەخۆ هەیە. کاتێک کۆمەڵگە دان بە شکۆ و توانای ژندا دەنێت، لە ڕاستیدا ڕێز لە خۆی دەگرێت و زەمینەیەک بۆ ئاشتی و تەبایی ڕاستەقینە دەخوڵقێنێت. ژینگەیەک کە تێیدا کچ و کوڕ بەبێ جیاکاری گەورە ببن و پێکەوە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێن، ئەو ژینگەیەیە کە هەموومان خەونی پێوە دەبینین. ئەم یادە پێویستە، ببێتە هەوێنی ئەوەی کە پێداچوونەوەیەکی قووڵ بە هەموو ئەو یاسا و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییانەدا بکەین کە دەبنە هۆی بچووککردنەوەی ڕۆڵی ئافرەت یان ساردکردنەوەیان لە کاروانە مەزنەکەیان. دەبێت هۆشیاریی نەتەوەیی بەو ئاراستەیە بڕوات کە پاراستنی مافی ئافرەت، ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە پێش ئەوەی تەنها دروشمێکی بێ ناوەڕۆک بێت. شکۆی هەر وڵاتێک لە شکۆی ئافرەتەکانیدا دەبینرێتەوە؛ هەرکاتێک ئافرەت ئازاد و بەڕێز بوو، بزانە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو لووتکەی مرۆیی هەنگاو دەنێت و دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدیانە ببێتەوە کە دێنە پێشی. هەشتەمی مارس تەنها بۆ پیاهەڵدان نییە، بەڵکو بۆ بەخۆداچوونەوەیە، بۆ ئەوەی بپرسین چەندە توانیمانە ئەو ژینگەیە بڕەخسێنین کە کچەکانمان تێیدا هەست بە دڵنیایی بکەن و خەونەکانیان بەهۆی تێڕوانینی چەوتەوە نەپوکێنەوە.
ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی زیندوو، پێویستمان بەوەیە کە ڕۆژانە کار بۆ چەسپاندنی ئەو کولتوورە بکەین کە تێیدا ژن وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە بڕیار و بنیاتناندا دەردەکەوێت. ناکرێت تەنها ساڵی جارێک بە چەند وتەیەک یادی ئەم ڕۆژە بکەینەوە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێکمان هەشتەمی مارس بێت لە ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکاندا. پەروەردەی خێزانی دەبێت لەسەر بنەمای یەکسانی بێت، تاوەکو نەوەیەک پێبگات، بڕوای بە تواناکانی خۆی و بەرامبەرەکەی هەبێت بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز. دەبێت ئەو تێڕوانینە بپوکێتەوە کە ئافرەت تەنها لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا دەبینێت، و لە بەرامبەردا کایەی فراوانتری بۆ بڕیار و داهێنان بڕەخسێنرێت ، هەتا لە هەموو بوارەکانی زانست و هونەر و بەڕێوەبردندا پێشەنگ بێت. هێزی ئافرەت لەو باوەڕە قووڵەدایە کە بە خۆی و  تواناکانی هەیەتی، و کاتێک ئەم باوەڕە دەبێتە بەشێکی پتەو لە هۆشیاریی گشتی، ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە بکات. ئەرکی نووسەران و ڕۆشنبیرانە ،کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە، وێنەیەکی ڕاستەقینە و بەرز لە ئافرەت نیشان بدەن و دژی هەموو ئەو بیرۆکە تەڵخانە بوەستنەوە کە دەیانەوێت پێگەی مێینە دابەزێنن. دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردندا، وانەی ڕێزگرتن و یەکسانی وەک بنەمایەکی ئاکاریی و نیشتمانی دابنرێت، تا نەوەکانی داهاتوو جیاکاری وەک کەمایەسییەکی گەورەی مرۆیی ببینن.
ئافرەت کانگای میهرەبانییە، بەڵام لە هەمان کاتدا کێوێکی سەختە لە ئیرادە و خۆڕاگری. ئەم تێکەڵاوە سەرسوڕهێنەرەیە کە وای کردووە مرۆڤایەتی بتوانێت لە قەیرانە گەورەکان دەرباز بێت و مێژوویەکی پڕ لە شانازی بنووسێتەوە. هەر دایکێک کە نەوەیەکی دڵسۆز بۆ نیشتمان پەروەردە دەکات، و هەر کچێک کە لە ناوەندێکی زانستیدا ماندوو دەبێت، خەریکی نووسینەوەی مێژوویەکی تازەن، کە تێیدا دادپەروەری باڵادەستە. پێویستە دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زەمینەی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن بەبێ ترس لە چەوسانەوە و بێزاری، لە هەموو کایەکاندا ئامادەیی کارایان هەبێت و توانا شاراوەکانیان بخەنە گەڕ. کاتێک ئافرەت ئازاد دەبێت، بیرکردنەوە ئازاد دەبێت و ژیان ڕەنگێکی گەشتر بە خۆیەوە دەگرێت. سڵاو بۆ هەموو ئەو ئافرەتانەی کە لە گوندە دوورەدەستەکانەوە تا نێو جەرگەی شارە گەورەکان، بە بێدەنگی و بە ورەیەکی بەرزەوە خەریکی نەخشاندنی ژیانێکی جوانترن بۆ خۆیان و نەوەکانیان. سڵاو بۆ ئەو نووسەر و بیرمەندە ژنانەی کە بە قەڵەمەکانیان ڕێگەی تاریکی ڕۆشن دەکەنەوە و دژ بە هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەک دەوەستنەوە.
هەشتەمی مارس هێمایەکی هەمیشەیی و زیندووی بەرخودان و هیوایە بۆ هەموو مرۆڤایەتی کە پێمان دەڵێت ژیان بێ یەکسانی و بێ شکۆی مێینە، تەنها ململانێیەکی بێواتایە و بەرەو هەڵدێر دەچێت. نیشتمانی ئێمە کاتێک دەبێتە بەهەشتی ئاواتەکان کە هەموو مرۆڤەکان تێیدا هەست بە ئاسایش و سەرفرازی بکەن و ئافرەتیش وەک جەمسەرێکی سەرەکی و بڕیاردەر لەم هاوکێشەیەدا، لە لوتکەی ڕێز و شکۆمەندیدا بێت. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی داهاتوویەک بونیات بنێین ،کە تێیدا هیچ ژنێک نەکەوێتە ژێر چەپۆکی ناحەزی و نەزانی، بەڵکو بە هێزی هزر و بڕوابەخۆبوون، بەردەوامی بە کاروانی ژیان بدات و ببێتە چرای گەشی ماڵ و نیشتمان. ئەمە تەنها داواکارییەکی ڕەگەزیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ ئەوەی بگەینە کاروانی گەلانی پێشکەوتوو. لەم ڕۆژە شکۆدارەدا، با بەڵێن بۆ خۆمان نوێ بکەینەوە کە ببینە پشتیوان و هاوکاری ڕاستەقینەی ئافرەتان لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا، چونکە سەرکەوتنی ئەوان سەرکەوتنی هەموو مرۆڤایەتییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا