لە پەراوێزی پێنجەمین دانیشتنی بیستەمین کۆمسیۆنی ناوەندی حزبی شیوعی چین

لەسەر پلانی ١٥یەمی پێنج ساڵە بڕیاردراو

نووسینی : نەبەز مستەفا

کاریگەریی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەی رۆژی دووشەمەی سەرۆکی چین (شی جینپینگ) سکرتێری گشتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پێنجەمین دانیشتنی بیستەمین کۆمسیۆنی ناوەندی، لەسەر پلانی ١٥یەمی پێنج ساڵە ئەوەیە کە حزبی شیوعی چین دەیەوێت "نەشتەرگەریی ناوخۆیی" ئەنجام بدات پێش ئەوەی بچێتە ناو ساڵی ٢٠٢٦، بۆ ئەوەی دڵنیابێت ئامێرە کارگێڕییەکەی چین بە تەواوی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە نێودەوڵەتییەکان و گەیشتن بە ئامانجە ئابوورییەکانی کۆتایی ئەم دەساڵە.

شی جینپینگ کار بۆ گۆڕانکاری فەرهەنگی کارگێڕی دەکات و دەیەوێت   "سیستمی سزادان" بگۆڕێت بۆ "سیستمی خۆپاراستن". مەبەست لە "تێگەیشتنی قووڵتر" ئەوەیە کە بەرپرسان تەنها لەبەر ترس لە سزا گەندەڵی نەکەن، بەڵکو سیستمەکە بە جۆرێک بێت کە دەرفەتی گەندەڵی تێدا نەبێت. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێکی نوێ لە بەڕێوەبەران کە کارامەترن لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئاڵۆزەکانی پلانی ١٥یەم. بۆیەش تەواوی سێکتەرە ستراتیژییەکان دەکات بۆ:

- دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی بۆ پلانە ئابوورییەکان 

پلانە پێنج ساڵەییەکانی چین تەنها نەخشەی ئابووری نین، بەڵکو گوزارشت لە دیدگای سیاسی حیزب دەکەن. شی جینپینگ دەزانێت کە بۆ سەرکەوتنی پلانی ١٥یەم، پێویستی بە یەکدەنگیی ڕەها هەیە لەناو حیزب و حکومەتدا. چەسپاندنی دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی "سیستماتیک"دا واتە کەمکردنەوەی ڕێگرییە سیاسییە ناوخۆییەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە بڕیارەکانی پەکین لە ئاستی پارێزگاکان و شارۆچکەکاندا بەبێ لادان جێبەجێ دەکرێن.

- پاراستنی سەرمایە و ڕێگری لە بەفیڕۆدان

پلانی ١٥یەم (٢٠٢٦-٢٠٣٠) لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە چین دەیەوێت "پەرەپێدانی کوالێتی بەرز"  بچەسپێنێت. گەندەڵی لە پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان و تەکنەلۆژیادا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیاران دۆلار. بەتوندکردنەوەی چاودێری، چین دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە ئەو بودجە زەبەلاحەی بۆ داهێنان، تەکنەلۆژیای سەوز، و پیشەسازییە پێشکەوتووەکان تەرخان دەکرێت، ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت گەشەی ئابووری نەک گیرفانی بەرپرسان.

- چاککردنی ژینگەی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی متمانە.

یەکێک لە ئامانجەکانی پلانی داهاتوو، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی جۆری و بەهێزکردنی متمانەی کەرتی تایبەتە. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە شێوازێکی "دامەزراوەیی" (Institutional)، سیگناڵێکە بۆ بازاڕەکان کە چین خەریکی دروستکردنی سیستمێکی یاسایی و شەفافترە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە متمانەیەکی زیاترەوە بەشداری لە پلانە ئابوورییەکانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠ بکەن.

بۆیە گرنگیدان بە سێکتەرە ستراتیژییەکان، هەڵمەتێکی نوێیی پشکنین و چاودێریە، زیاتر جەخت لەسەر ئەو سێکتەرانە دەکاتەوە کە بڕبڕەی پشتی پلانی ١٥یەمن، وەک: وزە  بۆ گەیشتن بە ئامانجە ژینگەییەکان. دارایی بۆ ڕێگری لە قەیرانی بانکی و دارایی. تەکنەلۆژیا بۆ سەربەخۆیی لە بەرامبەر فشارەکانی ڕۆژئاوا. کە هەر گەندەڵییەک لەم بوارانەدا دەبێتە هۆی شکستی تەواوی پلانی پێنج ساڵەی وڵاتەکە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا