هۆشیاری عەبدولعەزیز

وەک دەوترێ سیاسەت لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا بریتییە لە بەدەستهێنانی پلە و پۆست و دەسەڵاتخوازی و هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی دەوروبەر و چنگکەوتنی سەروەت و سامان و هاوبەشی بازرگانی و بزنس و تێکەڵاوبوون بە گەندەڵی. لەم جۆرە کۆمەڵگە سەرەتاییانەدا سیاسەت هاوتەریب دەکرێ بەو پاشخانە عەقڵیەوە کە پێیوایە ستەمکاری و خۆسەپاندن باشترین بژاردەی بردنەوەی دەسەڵات و بەهێزکردنی پایەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و تاکەکانێتی لە چوارچێوەی پرۆسەی حوکمڕانیدا، دەروازەکانی ئەم کردارەش کە کەسانی سیاسی دەست بەکردنەوەی دەکەن، بریتییە لە بووژاندنەوەی خێڵپەرستی و داگیرکاری زەوی و زار و خۆنواندنی هێز و چەسپاندنی جۆرێک لە ترس، کە بتوانێ ببێتە هۆکاری بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر بەهەر ڕێگایەک بێت .

ئەم جۆرە لە مامەڵەی سیاسی دەچێتە خانەی چەواشەکاری و تێکدانی ژینگەی کۆمەڵایەتیەوە و سەردەکێشێ بۆ درۆ بەمانا گشتییەکەی، چونکە لەهەندێک لە کانتۆنە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا درۆ و سیاسەت وەک دوو چەمکی لەیەکدراو، دەتوانێ  بێ هیچ بەربەستێک کۆنترۆڵی ژینگەی گشتی بکات و لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێ بەئاسانترین شێوە لەژینگەی گشتییەوە شۆڕبێتەوە بۆ ژینگەی خێزان و تاک و بەمەش مەترسی کۆنترۆڵکردنی بەئەنقەست گەشەدەکات و دەبێتە هۆکارێکی وا، کە کەس نەتوانێ پشتبەستوو بە فاکتەرە بابەتییەکان کار لەسەر تێکشکاندنی ئەو ژینگەیە بکات.

لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، گرووپە مرۆییە جیاوازەکان بەردەوام لە ڕوانگەی کۆنترۆڵکردنی ئەویتر و  دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵاتەوە یەکتر دەبینین و مامەڵەی یەکتر دەکەن، هەر بۆیە کاتێک ئەمە عەقڵیەتی ئیدارەدانی گرووپگەلێکی مرۆیی جیاواز بێ، دەبێت بەردەوام دەرهاوێشتەکانی ململانێ و ناکۆکییەکانیش دەرهاوێشتەی ڕێککەوتن لەسەر داهات و سەرچاوەکانی دارایی و خۆدەوڵەمەنکردن بێت. ڕەنگدانەوەی ئەم جۆرە سیاسەتکردن و گەمەیە هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبینرێت و هیچ گەشەی نەکردووە، گەشەنەکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە خێڵگەرییەی کە بڕوای تەنها بە مانەوەی خۆی و شوێنە دیاریکراوەکەی خۆیەوە هەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا دەسەڵاتی خێڵەکی نەک هەر موڵکی گشتی، بەڵکو عەقڵی گشتیش کۆنتڕۆڵ دەکات و دەیەوێ خۆی خاوەنی هەموو بێت، بۆیە لە ژینگەیەکی وادا سەیر و سەمەرە نییە کە کۆمەڵگەی کوردیش بەهەمان ئاواز و لەسەر هەمان بونیادی داگیرکاری و بردن گەشەبکات و گەورەبێت و هەڵگری هەمان دید و تێڕوانینی کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی بێت، کە ناهۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک کۆلاجی چارەسەر و هاوشێوەی ڤاکسینی درمە مەترسیدارەکان لە ڕێگەی میدیا و هەزاران پەیج و ئەکاوەنتی سۆشیالمیدیاوە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێت و چەواشەکاری و گەوجاندن دەکەنە مێشک و بیرکردنەوەی خەڵک و هەر ئەمەشە وایکردووە گەورەیی بینای ماڵی بەرپرسێک  لە بوونی قوتابخانەیەک بەگرنگتر بزانرێت، لەکاتێکدا بینای بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە لەقوتابخانەوە دەکرێت و قوتابخانەیە دەتوانێ گرووپە مرۆییەکان دوورخاتەوە لە مەترسی لەناوچوون و چەوساندنەوە. ئەم تێگەیشتنە نالۆژیکییە بۆ سیاسەت، کۆمەڵگەی کوردی لە بنەوەڕا داغانکردووە و بووەتە خۆرکەی پووکانەوەی هەموو بیرکردنەوەیەک و ئەوەی کە پێویست نییە و کەس ئاوڕی لێناداتەوە، بیرکردنەوەیە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون، چونکە لێرە بیرکردنەوەی سیاسی، بیرکردنەوەی حزبە، حزبیش وەک لە وتەی کادیرانیدا دەبینرێت بریتییە لە خەیاڵی توندوتیژی و ئیستغلاکردن و هەڵپەی بەتاڵانبردنی کۆمەڵگە و پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت و چۆنیەتی سەرکەوتنی خود و لەناوبردن یان دەستەمۆکردنی ئەوی تر.

بەکورتی لێرە لەکۆمەڵگەی کوردیدا ئەوکاتە دۆخەکە خراپتربوو، کە حزب وەک یەکەیەکی پیرۆز کەوتە ناو مێشک و بیرکردنەوەی خەڵکەوە، کە ئەمەش ڕوویدا، حزب بووە هەموو شتێک و ئیتر گرنگ نییە چی ڕوودەدا و بەردەوام هەڵپەی دەسکەوت و تاڵانی دەبێتە جێگرەوەی بەرژەوەندی گشتی و هەرچی توانای سیاسەت و خزمەتکردن بێت تیایاندا بەدی ناکرێ و هەموو دەکرێتە قوربانی حزب، بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەم تێگەیشتە ئەوەیە کە لێرە لەم کۆمەڵگەیەدا، ژینگەی گشتی و ژینگەی خێزان و تاک کۆنترۆڵکراوە بە سیاسەت، هەموو مەجلیس و دانیشتنێک قسەکردنە لەسەر سیاسەت و ئابووری و مووچە و کەس بیر لە گۆڕانکاری و تێکشکاندنی ئەو دۆخە ناکاتەوە، کە بووەتە هۆکاری بەرجەستەکردنی ئەو بونیادەی، کە وایکردووە هەموو هێزی ئابووری وڵات لەلای حزب و بنەماڵەکان بێت و مووچە و بودجەش بەدەستی ئەوانەوە یاری پێبکرێ و لەگەمەی سەرکەوتنی خۆیاندا خەرجی بکەن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا