هۆشیاری عەبدولعەزیز

 2 لە 2

حزب لە كۆمەڵگای كوردیدا بەپێچەوانەی تەواوی دیاردە مەدەنی و دیموكراسیيەكە و لە مەرامی گشتی و پاراستنی دیموكراسی و فرەییەوە بوونەتە دەزگایەكی ئەمنی داپڵۆسێنەر لەپاڵ ئەو دەزگایەشدا حزب و كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكانی وەك نوخبەیەكی ئەرستۆكراتی مشەخۆر، كە هیچ ماهییەت و مانایەكی سیاسی ڕاستەقینە نابەخشنە حزب، بوونەتە پاسەوانی سەرۆك و سەركردە و بنەماڵەی حزب و تەواو دەستبەرداری پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پایەكانی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی دەوڵەتداری بوونە و جگە لە ناشرینكردنی سیاسەت و پرۆسەی حوكمڕانی هیچیتر نابەخشن.

واتا دەسەڵات لای ئەم جۆرە نوخبەیە، بابەتی بازرگانی و دەزگا و موئەسەسەی جاسووسی و میلیشیايی، و خێڵەكییە و بەهاوتای تەمەنی دەسەڵات لە هەرێم خەریكی رووتاندنەوەی كۆمەڵگا و ژێرخانە ئابووریەكەین و جگە لە خزمەتكردنی قەبیلە و هێزە دەرەكی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیيەكان و چەواشەكردنی كۆمەڵگان و بەكەیفی خۆیان یاری بە دەسەڵات و پایەكانی سیستەمی حوكمڕانی دەكەن و وایانلێهاتوە بایەخ بە هیچ حەقیقەتێكی حزب و پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی نادەن گەر لە بازاڕدا یاخود لە دەوڵەت و موئەسەسەیەكی دینی و عەشایەری و سەربازی، یان دەزگایەكی میدیايی پێكنەهاتبن و شوێنێكی بەهێزیان بۆ دەستەبەر نەكرابێت، بەمەش تێدەگەین لێرە هیچ سیاسییەك بە مووچەی حزب و چنگە پۆڕێی خۆی نەبووەتە بازرگان و پارەداری ناوچەكە، گەر لە یەكێك لەو دەزگا ئۆرگانیيە حزبیيانەوە نەبووبێتە كاك فلان و خەریكی دزی و فزی و لەگلەگێتی نەبوبێت لەو بازاڕە بێ ساحێبەدا، كە حزب و دەسەڵات لەپێناو مانەوەی خۆی و دەست و پێكانیدا دروستیكردووە، بەمەش دەگەینە ڕاستیيەك كە كۆمەڵگا لەناو لیتاوی حزب و كارەكتەرە كۆیلەكانیدا، كە خەریكی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگان، تووشی جۆرێك لە دافەتكان و تێكچوونی شيرازەی كۆمەڵایەتی بووە و سەرلەبەر شێواوە، لەپەنای ئەم دۆخەشدا حزب تەنیا بووەتە یەكێك لە كەرەستەكانی كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا و میكانیزمی دزی و تاڵانی و ئیحتكاركردنی سوڵتە و شێواندنی دۆخی گشتی و سەرچاوەی قەیرانی هەمەجۆر.

دەسەڵات و حزب پێكەوە وەك هێزی ترسناكی ناو كۆمەڵگا خەریكی ژەهراویكردنی خەڵكن و بوونەتە شووم بۆ یەكەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و ئەو كاروانی تێكۆشان و قوربانیدانەی كە كوردی گەیاندە ئەم قۆناغە، بەگشتی حزب دەستی خستۆتە نێو هەموو سێكتەرەكان و لەبری ئەوەی بەرژەوەندی گشتی بپارێزن، خۆیان بوونەتە مەترسی و تەواوی ئاسایشی نیشتمانی و خۆراك و تەندروستی لە مەترسیدایە و دەبێ لە دەرهاوێشتەكەی سڵكەینەوە، چونكە ئەم دیاردە و ڕووداوانە حاڵەتێكی مەترسیدارە و لەگەڵ ژیانی سیاسی ڕاستەقینە و دیموكراسیيەت ناگونجێت و پێچەوانەی بنەماكانی ئازادی سیاسین، ئیشكالیەت و گرفتیش لەودایە لە بەرانبەر ئەو بازرگانانەدا كەسانێك كە هەڵگری دیدوتێروانینی بابەتیيانە و نیشتمانین، تەنها لەبەر دیدوتێروانینی جیاوازیان دەردەپەڕێنرێن و دەخرێنە ژێر فشار و دەمكوتكردنەوە، یاخود دەمبەستدەكرێن و بواری قسەكردن و بەشداریيان لەبەردەم تەسكدەكرێتەوە و لە هەندێك جاریشدا دەنگیان دەخنكێندرێت، كەچی پێچەوانە سیاسیيە بازرگانەكان بە ئازادی و دەستكراوەیی لەو كایە كۆمەڵایەتی و سیاسیيەدا مامەڵە و سەودای خۆیان دەكەن و بوونەتە ژمارە و حیسابیان بۆ دەکرێت.

لەسۆنگەی ئەم تێگەیشتنە گشتی و ڕاستیيانەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەحزابی حوکمڕان بەدرێژايی ماوەی دەسەڵاتدارێتیان نەک هەر نەیانتوانی دەوڵەتێکی مەدەنی و هاوسەنگ بە ماف و داخوازیيەکانی هاووڵاتی دروستبکەن، بەڵکوو بوونە مایەی تێکدانی ڕەوشی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگا و سەرچاوەی قۆرخكردن و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سێکتەرە جیاجیاکان و داگیرکردنی موڵك و ماڵی گشتی و وەک میراتی لەسەر خۆیان و نەوەكانیاندا تەخشان و پەخشانیان کردووە و بوونەتە مۆرانە و خۆرکەی کەرتە گشتیيەکان و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و ناوەندی بازرگانی و پارە ساغکردنەوە و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی، بەمەش نەک هەرخۆیان نابووت کردووە، بەڵکوو نەوەیەکیان لەسەر هەمان ریتم و ڕێڕەوی خۆیان بەرهەمهێناوە و مەترسیيەکی گەورەتریان خوڵقاندووە کە دواجار پاككردنەوەی ئەمەش پێویستی بە کاتی زیاتر و وردبوونەوە و خوێندنەوەیەكی نوێ هەیە و دەشێ ببێتە هۆكار بۆ تێکدانی زیاتر رەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا و دەرئەنجام دەسەڵات و سیستەمێكی سیاسی ساغڵەم و تەندروست بەرهەم نەیەت.

چونکە لە سایەی ئەم دەسەڵاتە حزبیيەدا کە بووەتە فاکتەری بەرهەمهێنانی شکست و قڵشی مەترسیداری چینایەتی و برسێتی و هەژاری و بێكاری و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای کوردی بەرەو داڕوخان و هەڵوەشاندنەوەی زیاتر دەچێت و خەریکە وای لێدێ کەس متمانەی بەکەس نامێنێ و لەپەنای ئەمەشدا سیاسەت دەكرێتە مەیدانی بازرگانیكردن و بازرگانیش بە میلەتەوە دەکرێت و خەڵک ملكەچی حزبایەتی و سیاسەتی بە زۆرەملێ دەکرێت لە پێناو مووچە و كار بۆ دۆزینەوە و پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەدا، لەولاشەوە لە قاڵبدانی دیموكراسیيەت و بەرتەسككردنەوەی ئاسۆكانی دواڕۆژ بوونەتە پڕۆژەی ئەحزابی حوکمڕان و لەگەڵ هەموو ئەو بارودۆخەشدا قەیران و گیروگرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتيیەکان لە گەشەکردن و سەرچڵی زیاتردان، بەم هەنگاوەش كۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی مەترسیداری ناهاوسەنگ و ناسروشتی دەبەن و سیاسەت بە هەموو كارلێك و كاریگەریەكانێوە دەخەنە بەردەم پرسی هەمە جۆری چارەنووسساز و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم جۆرە حوکمڕانیيەشدا، ڕەنگە دووچاری كێشمەكێش و قەیرانی زۆر لەوە گەورەتر و مەترسیدارتر بینەوە، کە لەواقعی ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا دەبینرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا