
مرۆڤ و پەروەردە
لەتیف ئەمین
بەشی دوانزە
زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ، سەلمێنەری مرۆڤبوونی مرۆڤە، خالی جیاکەرەوەی مرۆڤە لەگەڵ ئاژەڵ. باشترین ئامراز بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی ژیان و جوانترکردنی ژیان لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەی کۆمەڵگە، هەر گفتوگۆیە. ئەم کلتووری گفتوگۆیەش لەڕێگای پەروەردەوە نەبێت، دروستبوونی ئەستەمە. پێویستە لە سەرەتای قۆناغەکانی خوێندنەوە، تەنانەت لەناو پەروەردەی خێزانەکانیشەوە، بناغەی ئەم کلتوورە دابنرێت و منداڵ لەسەری باربهێنرێت.
(فێرکردنی ستەملێکراوان) ناونیشانی کتێبێکی پەروەردەیی گرنگ و بەهاداری نووسەر و فەیلەسووف و پەروەردەکاری ناوداری بەرازیلی(پاولۆ فرێری)یە، کە لە ساڵی(۱۹۷۰) چاپ کراوە. نووسەر لەم کتێبەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مرۆڤ بۆ سەلماندنی مرۆڤبوونی خۆی و بۆ تێگەیشتن لە کێشەکان و لە جیهان بە گشتی، ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین و بەرهەمدارترین ڕێگایە. ئەم کتێبە بانگەشە بۆ پەروەردەیەک دەکات، کە مرۆڤ ئازاد بکات، ڕێگایەکمان پیشان دەدات، کە بەهۆیەوە لە توونێلی تاریکی و لە زەلکاوی نەزانین و لە دۆلی دواکەوتوویی و بێئاگیی ڕزگاربین.
فرێری لەم کتێبەیدا باس لە دوو جۆر میتۆدی وانەگوتنەوە لە خوێندنگاکان دەکات، ئەوانیش میتۆدی بانکی و میتۆدی گفتوگۆیە. فرێری پێیوایە مرۆڤ لە سیستەم و میتۆدی بانکیدا تەنها بینەری ڕووداوەکانی جیهانە، دەستی لە دروستکردن و داهێنانەکاندا نییە. مرۆڤ لەم جۆرە فێرکارییەدا مرۆڤێکی خۆگونجێنەرە لەگەڵ ئەو واقیعە خراپەی کە تێیدا دەژیت. فرێری پێیوایە، فێرکردنی بانکی مرۆڤ بۆ کەرەستە، شت دەگۆڕێت، وەک شتێکی میکانیکی و بێگیان. فرێری دەپرسێ، مرۆڤ چۆن بوونی خۆی دەسەلمێنێ، بێئەوەی بپرسێ و بێئەوەی کار بکات؟ پێمان دەڵێت، زانست و زانیاری ڕاستەقینە و داهێنان، لەدایکبووی ڕاڕایی و گومان و گەڕان و پرسیارکردنی بەردەوامە، زادەی چاڵاکی و بەشداریکردنە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. ئەوەی پاولۆ فرێری لەم کتێبەدا سەبارەت بە میتۆدی بانکی باسی دەکات، ڕێک ئەوەیە کە لە واقیعی ئێستای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت. ئەو متۆدی وانەگوتنەوەیەی ئێستا لە قوتابخانەکانی ئێمە هەیە، میتۆدی بانکییە بۆ وانەگوتنەوە، کە شێوازی(تەلقین)یشی پێ دەگوترێت. لەم شێوازەدا، قوتابی چەق و سەنتەری باس و بابەتەکان نییە، بەڵکو تەنها گوێگرێکی عاقڵە. بۆیە بەم شێوازی وانەگوتنەوەیە دەگوترێت تەلقینی، چونکە هەر مامۆستا قسەکانی دەکات و فەرمان بەسەر قوتابی دەردەکات و پێی دەڵێ وا بکە و وا بڵێ. قوتابی وەک مردوویەکی ساردوسڕ و بێ هەست و بێ هۆش سەیر دەکرێ و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، نەک وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند. قوتابی لەم شێوازەدا تەنها گوێ دەگرێ، قسەی نییە، ڕا و بۆچوون و پرسیار و گومانی نییە، بەشداری نییە. لەم جۆرە میتۆدەی وانەگوتنەوەدا، مێشکی قوتابی بە دەفرێکی بەتاڵ دەچوێنرێت، ئەرکی مامۆستا ئەوەیە ئەو دەفرەبەتاڵە بە کۆمەڵێک زانست و زانیاری وشک و ڕەق پڕکاتەوە. وەک پاولۆ فرێری لە(پێداگۆگی ستەملێکراوان) دەڵێت" لە میتۆدی بانکیدا، مەرج نییە قوتابی وانەکەی بزانێ و لێی تێبگات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بەبیری بێتەوە و لەبەری کردبێت. لەکۆتاییشدا وانەکە موڵکی مامۆستایە نەک بابەتێک بێت کە مایەی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بێت لەنێوان مامۆستا و قوتابی"
ئەم شێوازە لە وانەگوتنەوە، وەک فرێری باسی دەکات، تواندنەوەی تواناکانی منداڵە، کپکردنەوە و پەکخستنی هێزی عەقڵ و حەزی داهێنانە. لەم ڕێگایەدا، قوتابی وەک ماددەیەکی بێگیان و بێهەست و هۆش سەیر دەکرێت.
مەرج نییە ئەو قوتابییەی کە هەموو وانەکانی تووتی ئاسا لەبەرکردبێت، لێیشی تێگەیشتبێت. لەبەرکردنی بابەتەکان و گوتنەوە و نووسینەوەیان بۆ مامۆستا، با نمرەی تەواویشی پێ وەرگرێ لە تاقیکردنەوەکان، ئەمە پێی ناگوترێ زیرەکی و چاڵاکی، بەڵکو دەرچوونێکی بێ فێربوونە، تەمبەڵکردنی قوتابییە. بەهۆی پەیڕەوکردنی ئەم سیستەم و میتۆدە بانکییە لە قوتابخانەکانی ئێمە بۆ پەروەردە و فێرکردن، ساڵانە هەزاران قوتابی ناتوانن دەربچن لە قۆناغەکانی خوێندن و دواجار ڕەنگە بەیەکجاری واز لە خوێندنیش بێنن. لە هەمان کاتدا زۆریشن ئەو قوتابییانەی دەردەچن و نمرەی بەرز و نایاب بەدەست دێنن و لە زانکۆکان وەردەگیرێن و لەوێش بە بڕوانامەیەکی بەرز و باڵاوە دەردەچن، بەڵام بە ئاستێکی نزمی زانستی و مەعریفی، بە عەقڵێکی لۆک و داخراو و کارپێنەکراو، بە بیرێکی تەسک و تەنگ و تەنک، بێئەوەی توانای داهێنان و دۆزینەوە و تەنانەت شیکاری ئەو بابەتانەشیان هەبێت کە لە تاقیکردنەوەکان وەکو خۆیان بۆ مامۆستاکانیان نووسیویانەتەوە.
میتۆدی بانکی، تەنها بڕوانامە دەداتە قوتابی، بەبێ زانست. ئەوەی کە دیار و بەرچاوە و خالی جیاکەرەوەیە لەنێوان ئەم میتۆدە و شێوازەکانی دیکەی وانەگوتنەوە، وەک پاولۆ فرێری دەڵێت"زمانە باڵاکەی و نەبوونی توانایەتی بۆ گۆڕانکاری" ئەم میتۆدە مرۆڤی پاسیڤ و ناکارا دروست دەکات. مرۆڤێک لەم کارخانەیەوە بێتە ناو کۆمەڵگە، بێگومان توانای چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و ئاڵنگارییەکانی نییە. مرۆڤێک کە ئەم سیستەمە بەرهەمی هێنابێت، بڕوای بە گفتوگۆ و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیان و جیاوازی نییە. ترسی لە گۆڕانکاری و دەقشکاندن هەیە. چونکە قوتابی هەر فێری ئەوە کراوە گوێ بگرێ و وەربگرێ، نەک گفتوگۆ بکات و بەشداری بکات لەگەڵ ئەوانی دیکە.
لەبەرامبەر ئەم میتۆدەی وانەگوتنەوەدا، پاولۆ فرێری میتۆد و ڕێگایەکی دیکەی وانەگوتنەوەمان پیشان دەدات، ئەویش میتۆدی گفتوگۆیە(حواري)، یان ڕێگای خستنەڕووی کێشەکان(طرح المشكلات) و چارەسەرکردنیان بە گفتوگۆ. ئەم ڕێگایە یەکێکە لە ڕێگا هەرە باش و پێشکەوتووەکان بۆ وانەگوتنەوە. بە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایە، دەتوانرێ مرۆڤێکی چاڵاک و بیرکەرەوە و داهێنەر پەروەردە بکرێت.
لەم شێوازی وانەگوتنەوەیەدا، بە پێچەوانەی میتۆدی بانکی، ڕۆڵی قوتابی تەنها لە دانیشتن و گوێگرتن و لەبەرکردنی بابەتەکان کورت ناکرێتەوە، بەڵکو قوتابی لەم میتۆدەدا بەشداری دەکات، پرسیار دەکات، شیکاری و شرۆڤە و ڕا و سەرنج و دید و تێڕوانینی تایبەت بەخۆی هەیە. لەم شێوازی وانەگوتنەوەیەدا، قوتابی لەگەڵ مامۆستاکەی گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە بابەتەکان. قوتابی لێرەدا، بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەگرە.
لەم جۆرە وانەگوتنەوەیەدا، وەک پاولۆ فرێری دەڵێ: ئەوەی نێوەندگیری دەکات و ئەوەی دەسەڵاتی هەیە، مامۆستا نییە، بەڵکو ئازادییە. چونکە ئەگەر قوتابی ئازاد نەبێ لە دەربڕینی ڕا و سەرنج و بۆچوون و گفتوگۆ و ڕەخنە و شیکاری و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن، ئامانجی ئەم میتۆدە نایەتەدی. لەبەرئەوەی بناغەی ئەم میتۆدە گفتوگۆیە، گفتوگۆش بەبێ ئازادی ڕوونادات. بۆیە فرێری سەرەتا باس لە تێکۆشان دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی مرۆڤ.
فرێری پێمان دەڵێت"گفتوگۆ پێویستی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە، هەر گفتوگۆش دەتوانێت بیرکردنەوەی داهێنەرانە بخوڵقێنێت. بەبێ گفتوگۆ، پەیوەندی دروست نابێت، بەبێ پەیوەندی، فێربوونیش ڕوونادات".
لەئێستادا کۆمەڵگەی کوردی وەک ئاو و ئۆکسجین پێویستی بەم میتۆدەی گفتوگۆ(حواري)یە هەیە. لەوەتەی خوێندنی فەرمی و خوێندنگە لەم بەشەی کوردستان هەیە، منداڵ لەسەر ئەوە پەروەردەکراوە، کە بێدەنگ بێت و قسە نەکات، زۆر پرسیار نەکات، شەرمین بێت. مرۆڤی کورد وا ڕاهاتووە، خۆی لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنێت، ئەگەر بارودۆخەکە خراپیش بێت، نەک هەوڵی گۆڕانکاری بدات بۆ گۆڕینی واقیعە خراپەکە. ئەو سیستەمە پەروەردە بانکییەی کە باسمان کرد، وای لە مرۆڤی کورد کردووە، کە قسەی جیاواز و ڕای جیاواز بە شەرم و شوورەیی بزانێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و گومان و گەڕان و پرسیار، مرۆڤ لەم کۆمەڵگەیەی خۆمان تووشی کێشە و سەرئێشە دەکات. بۆ چارەسەری ئەمانە و بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هۆشیارمان هەبێ و مرۆڤەکانی بڕوایان بە ئازادی و پێکەوەژیان و ڕای جیاواز و دیدگا و دونیابینی جیاواز هەبێ و هەوڵ بۆ داهێنان و گەڕان و بنکۆڵکاری زانستەکان بدەن، پێویستە لەپەروەردەوە دەست پێ بکرێت و کۆتایی بەم میتۆدە کلاسیکی و تەلقینییەی وانەگوتەنەوە بهێنرێت.