نەعمان عومەر

گەمەی هەڵبژاردن یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە لەڕێگایەوە هێزە سیاسيیەکان دەگەنە دەسەڵات ،بەڵام دەکرێت بەکۆمەڵێ فرت و فێڵ و دسپلین و ستەمکردن و میکانیزمی ئەمنی و ئابووری و سەربازیيەوە لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە لەهەموو ناوەڕۆکێک بەتاڵ بکرێت و هیچ مانایەکی ئەرێنی بۆ پرۆسەی دیموکراسی و گەشەپێدانی هۆشیاری سیاسی نەبێت و تەنها گەمەیەکی قێزەون بێت بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی ستەمکار و بەردەوامبوون لەسەر حوکمی قەرەقوش و بێیاسایی و سوڵتانی و ئۆلیگارشی بنەماڵە سیاسیيەکان و حاشیەکانیان .

لەکوردستان لە ساڵی ١٩٩٢وە کە من خۆم لە دەنگدان بەشداربووم بۆ یەکەم جار ئەم پرۆسەیە بێنرخ کرا ،ئەم یاریيە بێزەوەرە بەناوی هەڵبژاردن ئەنجامدرا ،بەڵام نەک گیانی دیموکراسی و بەرپرسیارێتی و گەشەپێدانی ژیانی سیاسی و یاسایی پەرەپێنەدا ،بەڵکوو هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بەهۆی بابەتی تەزویر و بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن و هەیمەنەی پایەی سیاسی و حکومی دواتریش هەڕەشەی نانبڕین "هتد"  کارێکی وای کردووە هاووڵاتیيان کە نەک هەر خوێنساردانە بەرەو ڕووی هەڵبژاردن بچن و بێهیوایانە سەیری ئاکامەکانی بکەن، بەڵکو وەک فاکتەری سەرلەنوێ زیاتر خۆسەپاندن و زۆرتر قورسکردنی باری ژیانی خەڵک و لاوازکردنی ڕوحی بەرگری و هیوای گۆڕانکاری بەرەو کرانەوە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری بیبینن ،چونکە لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا یا بەڕێگاری تەزویر و پارە بەخشينەوە و کڕینی دەنگ و هەڕەشەی نان بڕین و چاوسوركردنەوە،  یا بەهۆکاری ئاغاکانیان و دەستێوەردانی دەرەکی جارێکی تر سەرلەنۆێ دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و درێژەیان بەستەمکاری و بەبارمتەکردنی خاک و خەڵکی کوردستان داوە، جار بەجاریش باری ژیانی خەڵکیان سەختکردووە.

ئەم شێوازە چاوبەستەکێیەی بەناوی دیموکراسی و بەشداری سیاسی دەکرێت ئەو بڕوایەی دروستکردووە ،کە ئە مجارە شتێکی تازە لەم گەمە قێزەونەی کە وەک کلتووری لێهاتووە بەرهەم نایەت .من خۆم سەرباری بڕوای تەواوم بەدیموکراسی و میکانیزمەکانی ،بەڵام بەهۆی نەبوونی زەمینەی ئارامی و سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بڕوانەبوونی ئەو هێزانەی دەسەڵات کە هێزی سەرەکی گەمەی هەڵبژاردنن بە دیموکراسی، ئەگەری دەسوەردانی دەرەکی و بوونی هێزی حزبی چەکدار لەلایەک، لەلایەکی تریش بوونی ئەم هێزانە بە ناوەندی بازرگانی ئیقلیمی پارەدار و خاوەن بەرژەوەندی تایبەت و تێکەڵبوونی ئەم بەرژەوەندییانە بە پێگەی سیاسی و بەکارهێنانی بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندیيانە کەوای کردووە گرنگی بە مەسەلە نیشتیمانی و دیموكراتیيەکان نەدەن، گەشبین نیم و بڕوام نیيە نەک هیچ شتێکی ئەوتۆ بگۆڕێ لەهاوکێشەی دیموکراسی و گەشەپێدانی سیاسی ،بەڵکو مەترسی ئەوەشم هەیە کە زەمینەی پێکدادان و پەرتکردنی زیاتر و ناشرینترکردنی سیاسەت و حزبایەتی بەدوادابێت و ئەو ناکۆکیيانەش ببنە فاکتەری مەترسیدار لەسە ر ئایندەی هەرێم و بڕوا و ئیرادەی هاووڵاتیيان و بێبڕوابوونیان بەبەشداری سیاسی، کە پێوەرێکە لە پێوەرەکانی گرنگیدانی خەڵک بە چارەنووسی میللەت و ئایندەی دەسەڵات و حوکمڕانی و شێوازی ئاڕاستەی سیستەمی سیاسی ،کە بەداخەوە لای ئێمە نە سیستەمی سیاسی و نە هیچ دامەزراوە و دەزگایەکی بێلایەن نیيە بۆ سزادانی ئەوانەی گەمە بە ئیرادەی خەڵک و ماناکانی دیموکراسی و ئیرادە و ماف و ئازادی ئینسان دەکەن .

لەبەرئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری تر، پێموانيیە هەڵبژاردانی ئەمجارەش هیچ جیاوازیيەکی ئەوتۆی لە جارانی تر هەبیت و ئاکامی ئیجابی وای هەبێت جێگای دڵخۆشی بێت. بەڵام بڕوای ئەوەم هەیە کە ساڵ بەساڵ و دەنگدان دوای دەنگدان خەڵکی لە سیاسەتی بێناوەڕۆککردنی هەڵبژاردن و دیموکراسی لەلایەن ئەم هێزە ملیتاریيانەوە تێدەگەن و ئەوەیان بۆ ئاشکرا دەبێت ،کە هێزە بەناو ناسێۆنالیستەکانی کوردی چەند خێڵەکی و سوڵتانی و تۆتالیتاریزمن و ،چۆن یاری بە هەست و سۆزی خەڵکی سادە دەکەن و وتاری پۆپۆلیستی، زمانی پیس و تۆمەتی ناشرین و جنێودان ،لەبری وتاری عەقڵانی و دیموکراسی و پرۆژەی سیاسی دەخەنە بازاڕی سیاسیيەوە ،کە ئەمەش ئەو ڕاستیيە دەسەلمێنێ، کە ئەم هێزانە هیچ ستراتیژێکی نیشتیمانی و هیچ پلانێکی دوورمەودای نیشتیمانی و چ بە بەرنامەیەکی زانستی و نەخشەیەکی داڕێژراویان نیيە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵک و گرفتی بەرخۆری کۆمەڵگا و نەبوونی سەرچاوەی جۆراوجۆری تەمویلی دارایی و پلانی ئابووری تەندروستی و پەروەردەیی و هەموو ئەو بوارەنەی تریش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەم بە خەڵک و هەمیش بە بووژانەوەی ئابووری و ئەو قەیرانانەوە هەیە ،کە چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتیيە خەڵک پێوەی گیرۆدەیە .

هه ر بۆیەش ئەم هێزانە هیچ ئامادەنەبوون هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و زەمینەی سیاسی بۆ ئامادە بکەن و بارگرژی ناوخۆيی و پێداویستییە یاساییەکان ڕاستەڕێبخەن .هەرحاڵ پێویستە خەڵکی وشیار بن و بزانن چۆن دەتوانن هاوکێشەکان لەڕێگای دەنگدانەوە بگۆڕن و ڕێگری لە تراژیدیای خۆسەپاندنی ستەمکاران بكەن، کە لەئێستادا یەکێتی پارتی سەرقافڵەین.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا