سەرمایەی مەسك، لە ژێر سایەی سیستەمی ناداد و نایەكسان و نامرۆیی سەرمایەداریی، كە دوای نەمانی جەمسەری كۆمۆنیست، كەسانێك لەو خەیاڵ پڵاوییە بوون، كە ئەم سیستەمە دەبێتە بەهەشتی مرۆڤ لە سەر زەوی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دێنێت، گەیشتە یەك ترلیۆن دۆڵار! بێگومان یەك ترلیۆن، هەزار ملیار دۆلارە، یەك ملیار دۆلاریش هەزار ملیۆن دۆلارە. پرسیار لێرەدا ئەوە نییە، مەسك چی لەو پارەیە دەكات، لە سەر مەریخ شارێكی پێ دروست دەكات؟ دەیبەخشێت یان ماس میدیاكەی پێ پێش دەخات؟ چونكە هەرگیز نابێ ئەو پرسیارە بكەین كە سەرمایەدارێك ئەوەندە سەرمایەی هەیە، بەڵكو دەبێ شۆك بمانگرێت و بێ هیچ پرسیار و ڕاڤەیەك دژی ئەو جۆرە مرۆڤانە بوەستینەوە و پرسیار بكەین چۆن دەبێ سەرمایەی تاكە مرۆڤێك یەك ترلیۆن بێت و ملیاران مرۆڤی دیكەش، بە هەژاری و نەداریی لە سەر ئەم گۆی زەوییە بژین؟ بێگومان ئەم سەرمایەی مەسك، زادەی هەبوونی سیستەمی پووچی سەرمایەداریی و بە ناو بازاڕی ئازادە، كە ماهیەت و شوناسی مرۆڤ تەنها لە پارە و كار و سەرمایە دەبینێتەوە و ڕوونیشە هەر كاتێك ئامانجی مرۆڤ لە ژیاندا بووە پارە و سەرمایە خڕكردنەوە، ئیدی لە مرۆڤبوون دەكەوێت و پارە لای دەبێتە هەموو شتێك و چەنێ زیاتری هەبێت، قنیاتی نایەت و هەوڵی بە دەستهێنانی زیاتر دەدات و بەمەش مرۆڤێك دروست دەبێت، خۆی پارەیە بەر لەوەی مرۆڤ بێت! هەڵبەتە پارە پێداویستییەكی سەرەكییە لە ژیان، بەڵام بیرمان نەچێت دەبێ مرۆڤ پارە ئاراستە بكات، نەك پارە مرۆڤ ئاراستە بكات، كە بە داخەوە ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمە وای لێهاتووە. بە بڕوای من، مەسك گەر نیوەی سەرمایەكەشی لە ڕێی كاری خێرخوازی ببەخشێت، هێشتا هیچ بەهایەكی نییە، چونكە هەر لە بنەڕەتدا نابێ مافی ئەوەی هەبێت خۆی ترلیۆلنێكی هەبێت و ملیاران مرۆڤیش هیچیان نەبێت بیخۆن ! كەواتا ئەمە بەرهەمی چییە، بەرهەمی سەرمایەدارییە و بەوەش كۆتایی دێت مرۆڤایەتی هۆشی بێنێتەوە بەر خۆی و بیر بكاتەوە، كە چۆن دەبێت سەرمایەدارێك بە قەد نیوەی جیهان زیاتریش پارە و سەرمایەی هەبێت؟ ئایا لە سۆڤییەتی پێشوو، وڵاتانی چەپ و كۆمۆنیست ئەمە هەبوو؟ مەگەر مرۆڤەكان هەموویان برسی و بێ نان بن، سەربەرزانەتر و شكۆمەندانەتر نییە لەوەی نادادی وا هەبێت؟ گەر هەموومان وەك یەك برسی و ڕووت بین، هیچ نەبێت دادپەروەریی و یەكسانییەك لەو برسیەتییەدا گەر مایەی ئازاریش بێت بوونی هەیە ، بەڵام ئازارەكەی بە قەد سەرمایەكەی مەسك نابێت، كە ملیارەها مرۆڤی لەوسەر بۆ ئەو سەری دنیا پێ بریندار كرد، تەنها بە ڕاگەیاندن و زۆربوونی پارەكانی. ئێمە زۆرجار دەڵێن خۆزگەمان بە ساڵانی نەوەتەكان، كە دەپرسین بۆ؟ لە وەڵامدا دەگوترێت هەموومان وەك یەك وابووین ! جارێكیان كۆنفۆشیۆس، لە ترسی نەیارەكانی هەڵات و لە ڕێگەدا ڕێكەوتی ژنێكی كرد كە لە نێوان سێ گۆڕ دانیشتووە و دەگریت، ئەمیش پرسیاری لێ كرد بۆچی دەگری و ئەم گۆڕانە هی كێن؟ ژنەكەش لە وەڵامدا پێی گوت: ئەمە گۆڕی كوڕەكەمە گورگ خواردی، ئەمەشیان هی باوكمە هەر گورگ خواردی، ئەوەشیان هی هاوسەرەكەمە هەر گورگ خواردی ! كۆنفۆشیۆس پێی گوت مادام ئەم هەموو گورگە لە شارەكەتدا هەیە بۆ ئەوێ جێناهێڵی؟ ژنەكە لە وەڵامدا پێی گوت : ناتوانم چونكە دادپەروەریی لە شارەكەمدا هەیە !
