نووسینی: ئەنتوان چخۆف
وەرگێڕان لە فارسییەوە :هەژار هەورامی
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خاتوو یولیا ڤاسیلی یونا مامۆستای ماڵەوەی منداڵەكانم بۆ ئۆفیسەكەم بانگهێشت کرد. بڕیار بوو حەق وحیسابی لەگەڵ بكەم وكۆتایی بە كاركردنی بێنم.
وتم ،خاتوون تکایە دانیشە ،با حیساب وكتابمان ڕوون بکەینەوە... ڕەنگە تۆش پێویستت بە پارە بێت، بەڵام ماشاڵا ، ئێوە ئەوەندە بە ڕوومەت وشەرمنن ،هەر باسیشی ناكەیت، باشە... مانگانە بە ٣٠ ڕوبڵ لەگەڵت ڕێکكەوتبووین..
نەخێر، چل ڕوبڵ.
- نەخێر، قەوڵمان سی ڕوبڵ بوو... من نووسیومە... هەمیشە سی ڕوبڵم بەمامۆستای ڕاهێنەری منداڵەكانمان دەدا... باشە... دوو مانگ کارت کردووە ....
نەخێر دوو مانگ و پێنج ڕۆژ.
نا نا ،ڕێک دوو مانگ... نووسیومە... بۆیە كۆی پارەكەت دەكاتە شێست ڕووبل ... نۆ ڕۆژیان بۆ پشووی یەکشەممان دەبڕدرێت... خۆت دەزانی ، کە ڕۆژانی یەکشەممە لەگەڵ کولیا کارت نەدەکردوە.. هیچت نەکردوە جگە لە پشوودان و سەفەرکردن.سێ ڕۆژیش پشووی جێژن بوو كە تۆ نەهاتووی....
لەناکاو ڕووخساری یولیا ڤاسیلی یونا سوورهەڵگەڕا ،بە دەستی ڕاستی پانییەی كراسەكەی گرت وچەند جارێك ڕاتەكاند، بەڵام ورتەی لێوە نات.
بەڵێ سێ ڕۆژیش پشووی جێژن ..واتا دوازدە ڕۆژ نەهاتووی ، چوار ڕۆژیش كولیای كچم نەخۆش بوو و لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو كە تۆ تەنیا لە گەڵ واریا كارت كردبوو ، سێ ڕۆژیش خۆت ددان ئێشەت هەبوو بە خێزانمت وتبوو، تەنیا بەیانیان دەهاتی و پاش نیوەڕۆنەدەهاتی .
دوازدە وحەوت دەكاتە نۆزدە، وایە؟ نوزدە لە شێست لابرین دەمێنێتەوە چل ویەك ڕووبل . راستە، وایە ؟.
چاوی چەپی یولیا واسیلی یونا ئاوی تێزا وسووربوو .چەنەكەی لەرزی و بە قەڵسییەوە كۆخەیەكی كرد،ئاوی لووتی هەڵلووشی ،بەڵام هەمیسان وڕو كاس ورتەی نەكرد.
ئەها شتێكی ترم وەبیرهاتەوە شەوی سەرساڵی نوێ پیاڵە وژێرپیاڵەیەكی قەدیمی كە یادگاری باب وباپیرانمان بوو لە دەستت كەوتەخوار وشكان ،بۆ ئەوەش دوو ڕووبل دەقرسێنین .ئەگەرچی نرخی زیاتر بوو !بەڵام قەیدی ناكات هەرئەوەندەت لێ كەم دەكەم.
ڕاستی شتێكی دیكەم وەبیرهاتەوە ، ڕۆژێكیان بە هۆی كەمتەر خەمی بەڕێزتانەوە كولیا بەداری ناوحەوشەكەدا هەڵگەڕا و جاكەتەكەی دڕا ،بۆ قەرەبووی ئەوەش دە ڕووبلت لی كەم دەكەم ،خەزمەتكارەكەی پێشوومان هەر ئەو ڕۆژە پێڵاوەكە واریای دزی ،ئەوەش بە هۆی كەمتەرخەمی جەنابتەوە ڕوویدا .بۆ ئەوەش دوو ڕووبل كەم دەم . ... نازانم لە بیرتە یان نا ؟ ڕۆژی دەیەمی ژانویەش دە ڕووبلت لێ قەرز كردین .
یولیا بە هێوری وتی نا نا ،
من پارەم لە ئێوە قەرز نەكردووە .!
ئەوەچ دەڵی ؟ خۆ من لە خۆڕا ناڵێم ئەوەتا لە ناو ئەم دەفتەرە نووسیومە ،
زۆر باشە ..باشە.چل ویەك ڕووبل مابووەوە ،بیست حەوتی دیكەی لێ كەم كەین.چەند دەمێنێتەوە ؟چواردە.
ئەم جارەیان هەر دوو چاوی یولیا پڕ بوون لە فرمێسك .ڕندۆك بە تەیشت لووتیدا هاتنەخوار كچۆڵەی بەستەزمان ،بەدەنگێكی لەرزۆك ونەوی وتی:
من تەنیا یەك جارپارەم وەرگرتووە ئەویش لە خێزانت ،تەنیا ئەمە وبەس ،من ئیتر پارەیەكم وەرنەگرتووە.
ڕاست دەڵێ ،من ئەوەمە نەنووسیوە لە بیرم كردووە بینووسم ،كە وابێ سێ لە چواردە كەم كەین دەمێنێتەوە یازدە .فەرمەوو، ئەمەش یازدە ڕووبلەكەتان. ها ئەمە سێ ڕووبل ئەمەش دووسێ ڕووبلی دیكە ...ئەمەش دوو دانە دووڕووبلی . كۆی گشتی یازدە ڕووبل. فەرموون .
یولیا بەدەستە لەرزۆكەكانی پارەكەی وەرگرت وخستنیە گریفانیەوە.
بە هەمان دەنگی نزم ونەوی وتی سپاس، سپاس .
لە جێ خۆم هەڵبەزیمەوە ولە ناو ژوورەكە دەستمكرد بەهاتۆچوون ،تووڕەیی تەواوی تانوپۆی جەستەم داگرتبوو،لە یولیام پرسی؟
بۆچی سپاس ؟بۆ سپاسم دەكەی؟
بۆ ئەو پارەیە كە پێتدام..
ئاخر من كڵاوم لەسەرناوی ،فریومداوی !لەعنەت لە شەیتان ،دزیم لێ كردووی ،تاڵانم كردووی !ئاخر سپاس بۆچی؟
پێشتریش لە هەركوێ كارم كردبێت هەروا زوڵمیان لێكردووم .
زوڵمیان لێ كردووی؟هیچ جێی سەرسووڕمان نییە! تۆ كە دەنگ هەڵنابڕی !تۆكە هاوار ناكەیت ومافی خۆتت ناوێ ! چۆن زوڵمت لێ ناكەن؟
بزانە تا ئێستا من لەگەڵت گاڵتەم كردوە،ویستم وانەیەكی تاڵت فێركەم.هەموو هەشتا ڕووبلی حەق دەستەكەتان لە لای منە ئەوەتا لەناو ئەو پاكەتە بۆتم داناوە،
بەڵام حەیف وموخابن نییە كە مرۆڤ ئەوەندە دەست وپێ سپیلكە ومل كەج بێت ؟بۆچی دەنگت هەڵنەبڕی .ناڕەزایەتیت دەرنەبڕی؟بۆ بێدەنگ بووی؟لەم جیهانەی ئێمەدا چۆن دەبێت زمانی زبر وتاڵ نەزانیت؟چۆن دەكرێت ئەوەندە ترسەنۆك وبێ دەسەڵات بیت؟
بزەیەكی تاڵ كەوتە سەر لێوی.لە ڕۆخساریدا خوێندمەوە :بەڵێ دەكرێت!
بە هۆی ئەو وانە تاڵ وناخۆشەوە كە بۆم دادابووی ،داوای لێبووردنم لێكرد و سەرەڕای سەرسووڕمانی فراوانی ،هەشتاد ڕووبلەكەیم وێدا .بە شەرم وحەیاوە دووبارە سپاسی كردم و پارەكەی وەرگرت ولە دەركەی ژوورەكە وەدەركەوت. لە دەركەكە ڕامام و چوومەناو فكرەوە !بەخۆمم وت :
"لە جیهانی ئێمەدا كە ماف خوراو، دەنگ هەڵنابڕی وناڕەزایەتی نیشان نادات، بەهێزبوون وزۆربێژی چەندە كارێكی سادە وئاسانە".