
زیرەک کەمال
من و ناسکە زیاتر لە سی بەهار بوو لەناو لۆچ و کونجێکی خۆشی ئەو ژیانە جەنجاڵ و هاروهاجەدا ماڵێکمان بۆخۆمان چێ کردبوو، لە ماڵی ئێمە ژیان بە وێنەی مانگی تابان لە ئەوجی جوانی دەدرەوشایەوە، بڕواکەن سەرمان بچووبا، خۆشەویستیمان نەدەچوو، ئەگەرچی شۆفارو بەکرۆکەی شەیتان بەردەوام لە دژی ئێمە لە کاردابوون، بەڵام فڕوفێڵ و تەڵەکەیان نەیتوانی پەی بە جیهانی ڕەنگاڵەیی من و ناسکە ببەن و گوڵی هاوسەریمان بژاکێن و بەردی ساردوگەرم بهێننە ڕێگامان.
ناسکە پێی وابوو من فەرهادم و شێوەی ئەوم لە بێستوونی دڵم تاشیوە، لای منیش ناسکە شیرین بوو، خوا بە دەستی خۆی نەخش و نیگاری ڕووخساری ئەوی وێناکردبوو، لای من ناسکە بە وێنەی نەوڕەسێکی کەنار ئاوەکانی گۆلاوی ورمێ لە ئاسمانی ژیانم شەققەی باڵی دەهات، ناسکە پێی وابوو من سیامەندی سیپان و مەمی جزیرەی بۆتانم، منیش پێم وابوو ناسکە خەج و خاتوو زینی نازداربوو، بەڵام داخەکەم لەپڕ ناسکەی خێزانم سەدوهەشتا پلە بەرامبەرم گۆڕا، بەبێ ئەوەی هیچم بە خۆم شک بێت، ناسکە لە دژم پێی لە کەوشان گیر کرد و چووە سەر کەلی شەیتانی، کام لوتکە بەرزە لێی گرتم.
ناسکە ڕۆژانە بە قسەی ساردو سڕو زامساز و ڕووخساری مۆنی جەرگ و دڵی بریندار دەکردم و، تاڵاوی دنیای پی دەچێشتم، بەینی خۆمان بێت جارێکیان لینگە پێڵاوێکیشی تێگرتم، جارێکی تریش بە وێنەی مریشکەکورکی سەرهێلکان و کەڵەشێری شامی پەلاماری دام و بە چەپەرۆکان دایپڵۆسیم.
دیارە خۆ ئەوەندە بێ غیرەتیش نیم دەست نەکەمەوە، بەڵام لە ترسی ڕێکخراوەکانی ژنان نەبادا بمکەن بە ژنکوژ، بێدەنگیم هەڵبژارد، ئیدی لە ماڵی ئێمەدا ژیان و خۆشی باریان کرد، ئاگردانی ماڵەکەمان سێ ژەمە ساردوسڕ بوو، گوڵەکانی ناو مەرکان لارەملیان گرت، خەزان دەمی خستە قەدوباڵای درەختەکانی حەوشەمان، ڕۆژانە ناسکە بە جۆرێک سەیری دەکردم وەکو بڵێی لە دەشتی قەراج پشتی و پەرێز دەکات و منیش لەوسەری خۆشناوەتی چوارمەشقی لێی دانیشتووم و ڕەنجی ئەو دەخۆم.
بەداخەوە دواتر بۆم بە دیارکەوت بڕوبووختانی بەکرەشۆفار و قسەوقسەڵۆکی ژنانی گەڕەک دڵی ناسکی ناسکەیان لە من پیس و کرمێ کردبوو، ڕۆژێک بە وێنەی منداڵێکی هەتیوی سەرمابردوو چوومە بەردەمی و پێم گوت: ناسکەگیان هیچم بە خۆم شک نایە، بۆیە تکادەکەم، لەگەڵم ئاشت بەوە؟ کەچی ناسکە مۆڕەی لێکردم، گوتم: گیانەکەم بۆ سەلماندنی ئەستۆپاکی خۆم جەستەم وەکو مۆم پێدەکەم، وەکو سندباد دەریا تەی دەکەم، سیروان لە شەپۆل دەخەم و لافاو لە توڕەیی دووردەخەمەوە، ناسکە لەپێناو تۆدا مانگ لە ئاسمان دادەگرم و بەکۆڵی خۆم سەفاومەڕوای دەورەی کابە و هەموو دنیات پیدەکەم٠ کەچی ناسکە توڕەتر لە جاران وەکو دوژمن سەیری کردم و پێش دەچوو لە دڵی، لەبن زمانی هەزارویەک قسەی ساردوسوڕی پێ گوتبم، گوتم: ناسکە توو سەری تاقە براکەت ئامادەم بۆ ڕەواندنەوەی تەمی گومانەکانت باوەش بە مەرگدا بکەم. لەپڕ ناسکە بە وێنەی تووڕەیی لافاوێکی باڵ گرتوو، پێی گۆتم: زیاتر مەڵێ، چونکە ئەوەی تۆ دەیڵێی لای من فلسێکی قەڵپ و تورێکی قوڕاوی ناهێنێت، من هیچم ناوێ ئەگەڕاست دەکەی، پاسۆردی مۆبایلەکەتم بدێ!گووتم هەی لەمنت نەكەوێ فەرموو ئەوە پاسۆرد، هیچی نەدۆزیەوە کەچی گووتی لیژنەیەک دروست دەکەم بۆپرسی عەفوکردنت !!! ئاخر ئەگەر بەدبەختی من نەبێت بۆچی ناسکە وەکو هەندێک سیاسی وڵاتەکەم بۆخۆدزینەوە لەڕاستی لیژنە دروست دەکات!!