نەجات خۆشناو


بێڕێزیکردن بە مێژووی نیشتمانی و خەباتی ڕزگاریخوازیی عێراق، و هێرشکردنە سەر حیزبێک کە لە پێناوی مافی گەلان و چینە ستەمدیدەکاندا قوربانیی گەورەی داوە، هەمیشە کارێکی پلان بۆداڕێژراوی لایەنە کۆنەپەرست و دەوڵەتپەرستەکان بووە کە لە دەرەوەی ئیرادەی نیشتمان پەروەردە بوون.
ئەوەی لەم دواییانەدا لە ڕێگەی لێدوانەکانی کەسێک بە ناوی مەحمود چەلەبی (سەرۆکی ئەوەی پێی دەوترێت حیزبی ئیرادەی تورکمانی) لە کەناڵی ئاسمانیی ڕووداو بڵاوکرایەوە، نموونەیەکی زەق و ئاشکرایە بۆ شێواندنی مێژوو و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاریی سیاسی بە مەبەستی ناشیرینکردنی خەباتی حیزبی شیوعیی عێراق و سەرکردە پاکەکانی.
کاتێک ناوبراو بە ئاشکرا درۆ دەکات و دەڵێت: «حیزبی شیوعیی عێراق لە ناو باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا دامەزراوە»، و بێڕێزی بە سەرکردە مەزنەکانی وەک شەهیدان فەهد، حازم و صارم دەکات و بە سیخوڕ و بەکرێگیراویان لە قەڵەم دەدات، بۆخۆی هەڵگری پرسیارێکی جدی و بنەڕەتیی مێژووییە و هەموو فێڵ و چەواشەکارییەکانی ئەوان پووچەڵ دەکاتەوە:
ئەگەر ئەم سەرکردانە سیخوڕ و بەکرێگیراوی بەریتانیا بوون، ئەی بۆچی لە سەردەمی پاشایەتیدا، کە دەسەڵاتێکی تەواو بەکرێگیراو و دروستکراوی خودی بەریتانیا بوو، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کرا؟
مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی عێراق بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕژێمی پاشایەتی، پاشکۆ و بەڕێوەبەری بەرژەوەندییە ئیستعمارییەکانی بەریتانیا بوو و پەیماننامەی کۆلۆنیالیستیی بەسەر وڵاتدا سەپاندبوو، تا ئەو کاتەی شۆڕشی پێشکەوتووخوازی تەممووز بە ڕابەرایەتیی زەعیم عەبدولکەریم قاسم هات و ئەم پەیماننامە و پاشکۆیەتییەی هەڵوەشاندەوە. لەسێدارەدانی فەهد و هاوڕێکانی لەسەر دەستی هێزە هەمه‌جی و سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕژێمی پاشایەتییە، خۆی گەورەترین و حاشاهەڵنەگرترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حیزبی شیوعی لە پێناوی ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتیی بێگانەدا تێکۆشاوە، نەک لە سایەیاندا دروست بووبێت. ئەم جۆرە لێدوان و ئاراستە سیاسییانە تەنها هێرش نین بۆ سەر ڕابردووی حیزبی شیوعی، بەڵکو بەرگریکردنێکی نابەرپرسانەن لە ستەمی کۆن و بەرژەوەندییە لەدەستچووەکانی چەلەبی و ئاغاکانی.
چەلەبی لە درێژەی بوختانە قینەلەبەرییەکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە شۆڕشی پێشکەوتووخوازی تەممووز سیستەمێکی پاشایەتیی نیشتمانیی کردووەتە ئامانج، سیستەمێک کە بە وتەی ئەو دادپەروەریی لە نێوان تەواوی پێکهاتەکانی عێراقدا بڵاوکردبووەوە! لێرەدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ئاراستە سیاسییە دەردەکەوێت، چونکە ناوبراو ناڕەزایەتیی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە شۆڕشی تەممووز زەویی خێزان و خێڵە دەسترۆیشتووەکانی (وەک خێزانی چەلەبی) لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵیدا خۆماڵی کرد (تأمیم) و بەسەر جووتیارە ستەمدیدەکاندا دابەشی کرد.
تەنانەت چەلەبی زۆر شانازیش بەوەوە دەکات کە هیچ ئەفسەرێکی تورکمان لە ناو ڕێکخستنەکانی ئەفسەرانی ئازاددا نەبووە، تەنها لەبەر ئەوەی بە تەواوی پشتگیرییان لە ڕژێمی پاشایەتی دەکرد. ئەمە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو کە خەمی سەرەکیی کەسانی وەکو مەحمود چەلەبی پاراستنی بەرژەوەندیی هێزە چەوسێنەرەکانە، نەک ماف و گوزەرانی پێکهاتەکان.
حیزبی شیوعیی عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە لە ساڵی ١٩٣٤ـەوە تا ئێستا، لە پێناوی بەدیهێنانی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا قوربانیی نەبڕاوەی داوە و هەمیشە وەک هێزێکی نیشتمانیی ڕەسەن ماوەتەوە. مێژووی پاک و خەباتی نیشتمانیی ئەم حیزبە بە دەمی کەسانی وەک چەلەبی و هاوئاوازەکانی —کە هەڵگری ئاراستەی گوماناوین و لە پەنای سیاسەتی دەرەکی و وڵاتانی ناوچەکەوە هاتوونەتە مەیدان بۆ هێرشکردنە سەر خەباتی ڕاستەقینەی گەلەکەمان— ناشێوێنرێت و تەنها وەک دەنگێکی نامۆ دەردەکەون.
خەباتی نیشتمانیی ئەم حیزبە بە درۆی قینلەدڵان پیس نابێت، و مێژووی پڕ لە شانازیشی بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا ئامادەیی کەسانی وەک مەحمود چەلەبی و تێڕوانینە شێواوەکانیان تەنها وەک دەنگێکی نەخوازراو و بێبایەخ لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەمێننەوە و هیچی تر.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا