
موزەفەر فەیلی
مێژووی وڵاتی عێراق پرە لە ئاڵنگاری و ڕوودای جۆراوجۆری سەخت. وڵاتێك كە هاووڵاتی كەمتر وەفا و دڵسۆزی بۆ خاك و نشتیمانی هەیە! بەراستی ئەمە زۆر سەیر و لەهەمان كاتدا ناخۆشە و بە قسە كردن ئاسانە. دوای زیاتر لە سەدەیەك لە بە دەوڵەت بوونی عێراق بە فەرمی لە سەردەمی نوێ، هێشتا هاووڵاتی عێراقی بە كوردستانیشەوە ئەوەندە دڵسۆز نییە كە بەشداربێت لە پاك و خاوێن راگرتنی وڵاتەكەی تەنها بە فڕێ نەدانی زبل و خاشاك لە هەموو شوێن و تەنانەت بە فڕێ نەدانی قووتوی بیبسی و جگەرە لە ئۆتۆمبیلەكەی! هەمیشە هەوڵ دەدرێت كە زیان و زەرەزێك بە شوێنێك وەكو جادە یان تابڵۆی هاتوچوو یان برینی سیم و كێبڵی كارەبا تا برینی دارێك و...هتد. لەوانە گەورەتر بەرپرسانی فەرمی دەوڵەت و هەروەها بەرپرسانی حیزبی و ئەوانی تر لە هەموو شوێن و پێگەیەك، دەست بردن بۆ ماڵ و سامانی گەل و نشتیمان بووە وەكو ئاو خواردنەوە بۆیان و لەوە پیستر و ناشرینتر ئەو كاراە قێزەوەنانە بە سەركەوتن و ئازایەتی دەزانن!
باشە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین كە بۆچی نابێت بیر و باوەرمان راست و دروست نەكەین و بە ویژدان و رەوشت نەژین و هەڵسوكەوت نەكەین؟! كێشە چییە و چی بەربەستە؟! بۆ كاتێك كەسێك شتێك لە ئۆتۆمبیلەكەی فرێ دەدات، ئاگاداری بكەین كە ئەمە هەڵەیە و هەستین بە كۆكردنی ئەو زبل و پیساییانە و فرێدانی لەناو زبلدان بۆ شەرمەزاركردنی خەتابار! بۆ ناكرێت كە كەسێك كاتی شتێكی هەڵە دەكات، بەپێچەوانەی بكەین بۆ ئەوەی بەرامبەر فێربێت! بۆ ناكرێت ئەو بەرپرسانە بیر لە دزی و تاڵان كردن نەكەن و بەپێچەوانە هەمیشە لە بیری دانانی پرۆژەی باش بۆ خزمەتكردنی وڵات و هاوڵاتی بن، یان بۆ ناكرێت ئەو بەرپرسانە بیر لە هاوكاری كردنی خەڵك و گوێگرتن لە بیر و رای جەماوەر ناگرن بۆ ئەوەی بزانن كە بارودۆخی وڵات لە چ ئاستێكدایە؟َ!
هۆكاری ئەو هەموو كارە قێزەوەنانە بێگومان تووشبوون و تێكەڵاوی لەگەل حەرام خواردنە! مرۆڤـ كە تووشی حەرام خواردن بوو واتا وەكو حەرام خۆر دەبێت و ئیتر هیچ شتێك لای گرنگ نابێت و رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر و زیاتر هەوڵی خەراپتر دەدات. هەروەها گەندەڵكاران دەبێت باش بزانن كە هەر پارویەكی حەرام كە بە ژن و منداڵیان دەدەن بێگومان كاریگەری خەراپی لەسەر ماڵ و مناڵیان دەبێت!
عێراق بەگشتی وڵاتێكی زۆر دەوڵەمەند و بەتوانایە بەڵام بەداخەوە دز و گەندەڵكارانی زۆرە و هەر وەكو لەم ماوەیە بینیمان كە چۆن بەرپرسان بەشێوەی بەربەرییانە ماڵ و سامانی خەڵك و نشتیمان تاڵان دەكەن. ئەم ئارەزووی ماددی و هەبوون نموونەیەی خورسكی باڵا دەست بوون و هەژموون بەسەر ئەوانی تر هەر لە مێژە لە ناو ناخی مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام لەلایەن مرۆڤی تەواو كۆنترۆڵ دەكرێت و بە ئاراستەی دروست ڕەوانە دەكرێت. بەراستی ئەم هەنگاوە وەكو بریاری دروست و بوێرانە لەقەڵەم دەدرێت و هیوادارین بەردەوام بێت و تەنها نمایشێك نەبێت بۆ چاوپۆشی كردن لە هەندێ شتی گەورەتر تر. هەروەها لەوە گەورەترە ئایا دەست دەبرێت بۆ سەرچاوەكانی گەندەڵی لە عێراق كە ماوەیەك وەكو داب و نەریت لێی هاتووە! و بێگومان ئەم دیاردەیە لە كوردستانیش هەیە و ئایا ئەم بەرنامەیە كوردستانیش دەگرێتەوە؟ دەستنیشان كردن و دەستگیر كردنی گەندەڵكاران پرۆژەیەكی گەورە و دوور و درێژە و لە ڕاستی دا وەكو ستراتیژییەكی گرنگ دەبێت كاری بۆ بكرێت . یەكی لە هۆكارەكانی گەندەڵی لە ناو هەموو عێراق بە كوردستانیش هەژموونی حیزبەكانە لەناو وڵات، و هەروەها نەبوونی هیچ دەزگایەكی چاودێری و پێداچوونەوە لەسەر حیزبەكانە لە ڕاستی دا! حیزبەكانیش بۆ مەبەستی زیاد كردنی دەنگەكانیان زۆر ئاسانكاری و باڵا دەستییان بە هەندێك لە بەرپرس و سەركردەكانیان داوە بەبێ گوێدان بە ڕابردوو و كەسایەتی ئەو كەسانە و هەروەهاش نەبوونی لێپرسینەوە و لێكۆڵێنەوە لەسەر كاروباریان بەداخەوە! حیزبەكان لە ترسی لەدەستدانی هەندێك دەنگدەر و كەم بوونی ژمارەی كورسییەكانیان ئیتر لەم جۆر شتانە چاوپۆشییان كردووە و تا گەیشتە ئەوەی كە ئەمڕۆ دەبینین كە چی بەسەر ئەو وڵاتە هاتووە. بێگومان ئەمە تەنها و دوایین هەڵەی حیزبەكان نییە كە گەندەڵكاران زۆر بوونە، بەڵكو لە هەموو سێكتەرەكان گەندەڵییان داهێناوە، بۆ نموونە كەرتی خوێندن كە گرنگترین كەرتە لەڕاستی دا بۆ دروست كردنی ئایندەی هەر وڵاتێك، ئەوەش بە دانای هەندێك مامۆستای نادروست لە هەموو ئاستەكانی خوێندن، و هەروەهاش بەگشتی هەندێك كارمەندی باڵا و ئاسایی گەندەڵ لە هەموو دامودەزگاكانی فەرمی. بۆیە و هەمیشە دەڵێن كە پێش هەر شتێك زۆر گرنگ و پێویستە كە ئەو مامۆستا، یان كارمەند، یان بەرپرسە دەبێت و دەبێت پاك و خاوێن بێت و چاوبرسی و گەندەڵكار نەبێت لە هەموو ڕوویكەوە! و ئەمە كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە سەرچاوەی گەندەڵكاری لە بنەرەت ببرێت و چاوپۆشی لە هیچ كەس و لایەنێك نەكرێت لە سەركردایەتی تاكو كارمەندی ئاسایی! لەڕاستی دا ئەگەر دەستی گەندەڵكارە گەورەكان ببرێت ئیتر گەندەڵكارە بچووكەكانیش بزر دەبن و بوێری گەندەڵكارییان نامینێت!
هیواخوازین كە گەندەڵكاران بەگشتی بەخۆیان بچن و هەموو ئەو ماڵ و سامانەی خەڵك و نشتیمانیان كە بە تاڵان بردوویانە بگەرێننەوە و خۆیان دەستپێشخەر بن پێش دەستگیركردنیان و دەبێت بزانن كە لە كۆتاییدا هەموو شتێك ئاشكرا دەبێت و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەرێتەوە.لە هەمانكاتدا گەندەڵكاران جینۆسایدی فەیلی و بارزانی و گەرمیانی و ئێزدی و هەموو كوردستانیەكان و هەروەها كیمیابارانی هەڵەبجە و شار و شارۆچكەكانی كوردستان لەبیر بێت! و وریا بن كە كوردستان بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و هەر لەخۆیەوە نەهاتووەتەدی!
