
لە یادەوەریی زۆرینەماندا وێنە گەورەکە بە جۆرێک نمایش دەکرێت، کە گوایە هێزەکانی دەسەڵات لێرە و لە بەغداش براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون؛ بەمەش شەرعیەتێکی میللیی زۆرینەیان بەدەست هێناوە و مافی خۆیانە بە براوە و هێزی سەرکەوتوو ناویان بەرین. ئەم وێنەیە وەک حەقیقەتێکی ڕەها بەسەر فەزای گشتیدا سەپێندراوە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە خوێندنەوەیەکی وردی بۆ بکەین، وێنەکە پێچەوانە دەردەکەوێت.
یەکەم: لە ڕووی چۆنایەتییەوە (وەهمی دیموکراسی)
بۆ ئەوەی لە وێنە گەورەکە باشتر تێبگەین، دەبێت لە تێگەیشتنی دەسەڵاتداران بۆ دیموکراسی وردبینەوە. ئەوان لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە هەژموونێکی ساختەیان دروست کردووە بۆ ئەوەی "دیموکراسیەت" تەنها لە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن و دەنگداندا کورت بکەنەوە. لەوێشەوە زیادکردنی ژمارەی دەنگەکان دەکەنە تاکە پێوەر، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی ژیانێکی دادپەروەرانە، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و مافی بەشداریی سیاسی.
هەموومان دەزانین حزبی دەسەڵاتداری زۆنێک، لە زۆنێکی تردا -سەرەڕای بەخشینەوەی پارە و دەنگکڕین- ناتوانێت تەنانەت ٪١٠ی دەنگەکانی ئەو ناوچەیە بەدەست بهێنێت. بگرە ئەگەر گوشار و هێز و توانای حکوومەت بەکار نەهێنن، ناتوانن لە سنووری خۆیشیان ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنن کە ئەمڕۆ خۆیان پێوە کردووە بە هێزی براوە.
دووەم: لە ڕووی چەندایەتییەوە (ڕاستیی ژمارەکان)
ئەگەر ژمارەی دەنگەکان بکەینە پێوەر، دەنگی ئەو هێز و پاڵێوراوانەی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق کورسیی پەرلەمانیان نەهێناوە، زۆر زیاترە لە دەنگی ئەو هێزانەی کە ئەمڕۆ زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیان بردووە. ئەمەش پەیوەندی بە کەموکورتییەکانی سیستەمی هەڵبژاردنی عێراقەوە هەیە کە وەک کاڵایەک پڕ بە باڵای حیزبە دەسەڵاتدارەکان دوریوە.
نموونەی زیندوو لە هەرێمی کوردستانە؛ هەردوو هێزی دەسەڵات پێکەوە تەنها توانیویانە نزیکەی ٪٣١ی دەنگی گشتیی هاووڵاتییان بەدەست بهێنن، بەمەش واتە ٪٦٩ی خەڵکی کوردستان (لەوانەی دەنگیان نەداوە یان دەنگیان بە لایەنی تر داوە) متمانەیان بەم دەسەڵاتە نەداوەتەوە.
سێیەم: ئەرکی هێزە چەپ و دیموکراتەکان
بۆ هێزە چەپەکان، وێنەکە جیاوازە. سەرەڕای کەمیی ژمارەی دەنگەکان، بەڵام ئەو هەزاران دەنگدەرەی هەیانە، لە جیاتی دەنگدان بە خێڵ، بنەماڵە و هێزی پارە، لەناو ئەو زەلکاوەدا دەنگیان بە بەرنامە و دیدگای سیاسی و فکری داوە. ئەوان نەچوونەتە ژێر کاریگەری ئەو بازاڕەی بۆ بە کاڵاکردن و بێ بەهاکردنی دیموکراسی، کە ئەمڕۆ لە دونیای سەرمایەداری و نیۆلیبراڵیزمی سەپێنراو دروست کراوە.
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: «بۆچی نەمانتوانیوە ببین بە هێزی یەکلاکرەوەی هەڵبژاردن؟»
ڕاستە ئێمە خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەریین لە تێکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر، داتاکانیش دەریدەخەن هێشتا بنکەیەکی فراوانی جەماوەری لە عێراق و کوردستان پاڵپشتی ئەم هێزانەن، بەڵام نابێت ئەمە وامان لێ بکات لە مێژوودا قەتیس بمێنین.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، پێویستیمان بە بەخۆداچوونەوە و ڕەخنە لە خۆگرتن زیاتر دەبێت. دەبێت لە دەرەوەی میکانیزمە کۆنەکان کار بکەین و تێبگەین کە "دڵسۆزی" مانای خۆبەستنەوە نییە بە ڕابردوودا. دڵسۆزی و چەپبوون لە ئەمڕۆدا بریتییە لە توانای خۆنوێکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی قاڵبگرتوو (دۆگمایی). بۆ گەیشتن بەمەش، پێویستمان بە زەمینەسازی و گفتوگۆی کراوە هەیە، نەک سەنگەر لەیەکگرتن و بریندارکردنی ئیگۆ و کەسایەتی یەکتر.