گۆران ساڵح
لە وەهمی ئازادی دا ، ئازادی پەیوەندی بە وشیارییەوە هەیە ، ئازادی بۆ تاک بریتیە لە مومارەسەکردن و وێنا کردنی خودێک کە خۆی لە هەموو ئەنگێزەکانی دەرەوەی خۆی ئازاد کردبێت ، تاک لەچەمکی ئازادی دا ئەو هێزە ناوەکییەی لەناو خودی خۆیدا هەیەو بەرهەم هێناوە ، کە قودرەتی ئەوەی هەیە ، وێنای ڕاستەقینەی خۆی بکات و خۆی بێت ، واتە ، دەرەوەی خۆی ناتوانێت بیروو ڕاکانی دەستەمۆبکات ، یان وەک ئەوەی کۆمەڵگا دەیەوێت ، تاکی ئازاد نایەڵێت ئاوا کۆپی بکرێت .
کەواتە بەپێی ئەو لۆژیکەی سەرەوەبێت سەبارەت بە وشیاری تاکی ئازاد ، ئێمەی مرۆڤ چیتر مەحکوم نین بەو یاسایانەی کە سروشتی ئێمەی لەسەر فۆڕم کراوە ، ئێمە تەواو خاوەن پەروەردەکردنی خۆمانین و ئازادین ، وەک ئەوەی سارتەر دەڵێت :من بیر ئەکەمەوە کەواتە من هەم ، بەڵام ئەمە تا کوێ ڕاستە ؟ لەکاتێکدا ، مرۆڤ نەک هەر مەحکومە بە دەوروو بەر ، بەحوکمی ئەوەی گیان لەبەرێکی کۆمەڵایەتییە ، بەڵکوم مەحکومیشە بەوەی کە گیان لەبەرێکی غەریزیشە ، ئیتر چۆن مرۆڤ دەتوانێت تەواو ئازادبێت !؟
ئەمە جگە لەوەی کەتەنانەت ئێمە هەمووان ، سەبارەت بە چەمکی ئازادی ناتوانین یەک تیۆروو یەک دنیا بینیمان هەبێت .بۆنمونە لای مارکسیەکان ، بە پێچەوانەی لیبرالستەکانەوە ، پێیان وایە ، ئازادی کۆمەڵگا دەکەوێتە پێش ئازادی تاکەوە ، بەو مانایەی کە ئەوە ئازادی کۆمەڵگایە ، ئازادی تاک بەرهەم دێنێت ، نەک تاک کۆمەڵگای ئازاد درووست بکات .
هەروەها پێدەچێت ئێمە باوەڕمان بە ئازادی تا ئەو ئاستە ڕۆیشتبێت ، کە پێمان وایە ، ئازادی دەتوانێت مرۆڤ لە گیان لەبەرێکی گۆشت خۆرەوە بکات بە پەپولە ، تا ئازادییەکەی وەها بێت کە ئازادی ئەوانی تر بریندار نەکات ، بەڕاستی ئەمەش زۆر کۆمیدییە .