
ئەو کڵێشە باوەى کە دەڵێت «وەرگێڕان پردى نێوان کەلتوورەکانە»، لاى ئێمە وەک خۆى ماوەتەوە. واتە بەو ڕاستییە سەرەتاییە خۆمان قایلکردووە کە وەرگێڕان دوو کەلتوور، دوو ئاگایی، دوو دونیاى جیاواز دەگەیەنێت بە یەکتر. پێناسەى وەرگێڕان وەک «پردى نێوان کەلتوورەکان»، لەسەر ئەو پێشگریمانەیە بنیاتنراوە کە دوو کەلتوورەکە بەبێ هیچ خۆتێکدانێک دەچنە پەیوەندییەوە. دوو جەمسەر هەن کە شتێک دەبەخشنە یەکترى بەبێ ئەوەى بشڵەژێن و ئاڵوگۆڕەکە لاسەنگ ببێت. لەکاتێکدا ئەم ڕاستییە بەس نییە و پێویستى بەوەیە زیاتر هەڵبکۆڵرێت. بۆ نموونە، ئاخۆ هەر بەڕاستى وەرگێڕان بۆ ئێمە دوو کەلتوورى بە یەکتر گەیاندووە ؟ ئاخۆ دوو "ئاگایی" ڕووبەڕووى یەکتر کردووەتەوە؟ ئاخۆ وەرگێڕان چۆن دەتوانێت دوو دونیا بگەیەنێت بە یەکتر کە هەریەکەیان جیاوازن و گەشەى تایبەتیی خۆیان هەبووە و لە زۆر ڕەهەندیشەوە "نا-هاوکات" و ناچوونیەکن؟ یاخۆ ئەوەى لە کەلتوورێکى بێگانە و زمانێکى بێگانەوە دەگاتە ئێمە، لە واقیعى ئێمە و ڕۆشنبیریی ئێمەدا چیی بەسەر دێت؟
ئاشکرایە پێناسەى شتەکان لەسەرەتادا بەگشتى پێناسەى سادە و سەرەتایی و بگرە "بێمیدیۆم"ن. بە مانایەکى تر، پێناسەى گشتى و ئەبستراکتن، و هێشتا دیوى بەرجەستە و کۆنکرێتیى شتەکە ناخوێننەوە. لە پێناسەى وەرگێڕاندا، میتافۆرى "پرد" گوزارشت لەو پێشگریمانە سادەیە دەکات کە دوو کەلتوورمان هەیە لە یەک ئاستدان و هاوکاتن و دەتوانین ڕاستەوخۆ مانا لە یەکێکیانەوە بۆ ئەویتریان بگوازینەوە. واتە ئەو پێچەڵپێچ و گرژییە ناوەکییانەى هەرکام لە کەلتوورەکان و دونیا جیاوازەکان ڕەچاوناکات. ئەو تایبەتمەندییە لۆکاڵى و خۆجێیانە وەرناگرێت کە دەشێت تەنگژە بۆ پێناسە گشتییەکە درووستبکات. دەشێت کەلتوورێک زیاتر مۆدێرن بیت بەراورد بە کەلتوورێکى تر، بۆیە وەرگێڕانیش لە حاڵەتیکى وادا نابێتە پردێکى ڕاستەوخۆ. یان دەقى سەردەمێکى تر، لە سەردەمێکى تردا وەردەگێڕدرێت و لێرەدا دوو سەردەمى ناچوونیەک ڕووبەڕووى یەکتر دەبنەوە. یانژى، مۆدێلێکى بیرکردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کەلتوورێکى تر کە هەلومەرجى مۆدێلەکە لەوێ نییە. گەر بێتو لەو جیاوازییە تەکنیکییشە بگەڕێین کە ئەو دەقانەى وەردەگێڕدرێن، مەرج نییە یەکسەر لە کەلتورى میواندا بخوێنرێنەوە و کاریگەرییەکەیان دەربکەوێت. ئەمانە و زۆر جیاوازیی تر، قەیران بۆ پێناسە باوەکەى وەرگێڕان درووستدەکەن. بەڵام پێدەچێت چارەى تریشمان نەبێت ئەو پێناسە گشتییە نەبێت، چونکە ئێمەى مرۆڤ سەرەتا ڕووبەڕووى فۆرمى شتەکان دەبینەوە و ئەوە دواترە کە ناکۆکى و تەنگژەى ناوەکییان دەردەکەوێت، و کۆمەڵگەى مرۆییش سەرەتا لەو ڕووە هاوبەش و گشتییە تێدەگات.
پەیوەندیی وەرگێڕان و ئاگایی، لە پرسە گرنگەکانە بۆ دونیاى ئێمە. ئاگایی، درکى هەر کەلتوورێکە کە لە کۆمەڵێک ڕەگەزى مێژوویی و کۆمەڵایەتى و مەعریفى و عاتفى و هتد پێکدێت و لە وەرگێڕاندا دژیەکیی ناوەکى و دواییش دەرەکیی ئەم ڕەگەزانە دەردەکەویت. وەرگێڕان خۆى لەبنەڕەتدا، لێکدانى دوو دونیای جیاوازە کە هێشتان نازانین ئاکامى ئەم لێکدانە چییە و چۆن دەبێت. سەرەتا ڕووى دەرەوەى هەردوو دونیاکە بەر یەکترى دەکەوێت، ڕووى دەرەوەى ئەو دوو سیستەمەى کە تا ساتى وەرگێڕان خۆیشیان نازانن چییان لەباردایە. تەنانەت نازانن لە چیدا کورتدەهێنن و لە کوێشدا شتێکى نوێ دەئافرێنن. ئێمە لەو پێناسە باوەى وەرگێڕاندا، بەوەندە بڕیومانەتەوە کە دوو "دونیاى پڕ" بەر یەکترى دەکەون و ئەوەى بەرهەمدێت دەقێکى وەرگێڕدراوە. بەڵام لە میانى وەرگێڕاندا تێدەگەین دوو دونیاى پڕ بوونى نییە و وەرگێڕانیش کردەیەکى سەرڕاست نییە. لەو نێوانەدا کۆمەڵێک گرژى و ململانێ هەن کە ناهێڵن دوو دونیا و دوو زمانى ئاراممان هەبێت.
هەر لە درێژەى ئەو ڕاستییانەى سەرەوەدا، دەتوانین بڵێین وەرگێڕان لە زاتى خۆیدا پرسێکى ئەبەدییە. ناوى ئەو پرۆسە دینامیکییەیە کە دونیا جیاوازەکان دەخاتە ململانێىەکى هەمیشەییەوە. ئەوەى کە وەرگێڕان گەیشتن بێت بە ئاشتیی کەلتوورەکان و لێکحاڵیبوونى هەمیشەیی، خۆى کورتکردنەوەى پرسەکەیە. هەتا تەکنۆلۆژیاى زیرەکیش کۆتایی بە وەرگێڕان ناهێنێت، چونکە وەرگێڕان بۆ ئەوە نیە خەڵک زمان نازانێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کەلتوور خۆى تاقىبکاتەوە. زمان خۆى لەبەرامبەر زمانێکى تردا تاقىبکاتەوە. شتەکە زەروورەت نییە، زەروورەتى ڕووت، بەڵکو چێژە، ڕیسکە، یان وردتر: ئارەزووى سەرکێشییە. زمان دەیەوێت لەڕێى وەرگێڕانەوە لە خۆى دەربچێت. شتێک لە نامۆیی ئەزموونبکات. وەرگێڕان، سەرەتا لەخۆنامۆبوونى زمانە، بەڵام دوایی دەبێتەوە بە خودئاگایی زمان. واتە زمان دواى دەرچوونێک لە خۆى، ئاشنادەبێتەوە بە خۆى، دەگات بە ئاگاییەک لەمەڕ خۆى. زمان بەر لە وەرگێڕان، زۆر خۆى ناناسێت. وەرگێڕان، وەک تەجرووبەى ژیان وایە بۆ زمان. ڕەنگە مرۆڤ بە ویست یان زانیارى زۆر شت بزانێت، بەڵام ئەزموونى ژیان شتێکى ترە. ئەزموونى ژیان هەریەکە لەو زانیارییانە تاقیدەکاتەوە. دەیدات لە پاڵێوگە، دیوى ناوەوەى پیشانى خۆى دەداتەوە، خۆیەتیی خۆى پێ دەناسێنێت کە بەر لەوە مت و نوستوو بووە. ئەویتر وادەکات، شتانێک لە خۆماندا بدۆزینەوە و بناسین کە هەستمان پێ نەکردووە. ئەم ئەویترە، بۆ مرۆڤ هەر ژیان خۆیەتى لە زیمنى ئەزموونکردندا. بۆ زمانیش، ئەم ئەویترە بریتییە لە وەرگێڕان- خاڵێک کە کۆمەڵێک بیریارى ناو سەدەى بیست وردتر لەسەرى دواون. کۆى ئەم ڕستانە لەو پێناوەدا بوو بڵێین وەرگێڕان پرۆسەیەکى ئاڵۆزى خۆناسینى زمانە.
لەسەرەتاوە ویستمان بڵێین، ئێمە هەژمارێکى ئەوتۆمان لەسەر ئەو ناکۆکى و گرژییەى پرۆسەکە نەکردووە بۆ دونیاکەى خۆمان. بۆ نموونە کاتیک دەقێکى فیکریی خۆرئاوایی وەردەگێڕین، ئاگایی مەیلەو سرووشتیی ئێمە چیی بەسەردا دێت و چەندە لەو دەقە تێدەگات و چۆنچۆنى وێناى دەکات؟ ئاخۆ ئاگاییە کوردییەکە، تووشى جۆرێک لە بەدحاڵیبوون نایەت؟ وێڕاى ئەو ڕاستییەى کە هەندێجار بەدحاڵیبوونەکە، بەدحاڵیبوونێکى داهێنەرانەیە و شتێکى نوێى لێ دەکەوێتەوە کە لە دەقە میوانەکەدا نییە. تەنانەت ئەم ئاگاییە چۆنچۆنى مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقە نووسراوانەى خۆیشیدا دەکات کە لەژێر کاریگەریی وەرگێڕان یاخۆ مەعریفەى خۆرئاواییدا نووسراون؟ کام لەو ڕەگەزانە فڕێدەداتەدەرەوە و بۆى هەرس نابێت؟ کامیشیان ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە و دەیکاتە بەشێک لە پێکهاتەى خۆى و بە تێپەڕینى کات دەبێتە بەشێک لە دونیا کوردییەکە. ئەوە چۆنە کافکا کە بەگشتى گوزارشت لە بیرۆکراسییەتى خۆرئاوایی دەکات، لێرە وەک هێماى پووچى وەردەگیرێت؟ یان "زەردەشت"ـەکەى نیچە، لە هەموو شوێنەوارە مۆدێرنەکانى ناو مێژووى خۆرئاوا دادەماڵرێت و چەشنى کۆمەڵێک حیکمەت دەیخوێنینەوە. یاخۆ گرێى ئۆدیب، کە لانیکەم بۆ پرسى پەروەردە چارەنووسسازە، ناگاتە ئاستێکى ڕەگەزێکى هۆشیارى و ئەم زەینە فڕێى دەدات و ونیدەکات. ئایا هەر پشتئەستوور بەم پرسیارانە، ئێمە لەبەردەم دوو دونیادا نین کە بەتەواوى وەرناگێردرێنە سەر یەکتر؟
وەرگێڕان بەپێى دوو زاراوەى سەرەکیی وەک گڵۆباڵ و لۆکاڵ، یان گشت و بەش، دیسان شیاوى تێڕامانە. وەرگێڕان، لە فراوانترین ماناى خۆیدا، لێکدانى هەردوو ڕەهەندى گڵۆباڵ و لۆکاڵە. هەر دەقێک کە لە جیهانەوە بەر کەلتوورى کوردى دەکەوێت، واتە بەر "لۆکاڵ" دەکەوێت. وەرگێڕان، وەرگێڕانى پرسى گڵۆباڵە بۆ لۆکاڵ، ئەویش هاوشان بەو هۆشیارییەى کە دەزانین شتاێک دەمێننەوە مایەى وەرگێڕان نین. بۆ نموونە، هەندێک تایبەتمەندیی کەلتورى "ئەویتر" هەن دواى وەرگێڕانیش هەر وەک غەریبەیەک دەمێننەوە. هەندێک بەها هەن، لە پێش و پاشى وەرگێڕانیشەوە وەک شتێکى گەردوونى دەمێننەوە و پێدەچێت بەبێ وەرگێڕانیش بگەنە مرۆڤەکانى تر. بەڵام دیوە گرنگەکە، ئەو بەرکەوتنە پڕ گرژییەى نێوان گڵۆباڵ و لۆکاڵە کاتێک لۆکاڵ دەکەوێتە بزووتن چۆنچۆنى پەسەندى بکات. بۆ نموونە، یاخیبوون لاى ئەلبێر کامۆ یاخیبوونێکى میتافیزیکییە و ئەو پرسیارە بنەڕەتییە دێنێتەوە گۆڕێ ئاخۆ بەرگەى ژیان بگرین یان نا؟ کەچى ئەم یاخیبوونە کە لە گڵۆباڵەوە دێت و لەڕێى وەرگێڕانەوە بەر کەلتوورە لۆکاڵییەکەى ئێمە دەکەوێت بارگۆڕانێکى بەسەردا دێت و وەردەگەڕێت بۆ "یاخیبوونێکى کۆمەڵایەتى". خوێنەریکى گەنج کە "مرۆڤى یاخى" دەخوێنێتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە چەندە لە خێزان یاخییە. واتە پرسێکى میتافیزیکى لەڕێى وەرگێڕانەوە وەردەگەڕێت بۆ پرسێکى کۆمەڵایەتى. کەلتوورى ئێمە کە هەڵژەنراوە لە کەلتوورى ئیسلامى، کێشە میتافیزیکییەکەى نییە و ژیان بە بنەڕەت قابیلى قبوڵکردنە و خۆکوشتنیش هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. بۆیە ئەم وەرچەرخانە لە میتافیزیکەوە بۆ کۆمەڵگا، بە نێوانگریی وەرگێڕان ڕوودەدات کە پتر وەرگێڕانى دوو کۆنتێکستى کەلتوورى و شارستانییە تا وەرگێڕانى سادەى دوودەق.
وەرگێڕانى گڵۆباڵ بۆ لۆکاڵ، تاقیکردنەوەى ئەو ڕەهەندە نوستووانەى ناو لۆکاڵیشە کە لەڕێى لۆکاڵ خۆیەوە بێدارنەبوونەتەوە. ئەم ڕەهەندانە پێویستیان بە ڕەگەزێکى دەرەکى و بێگانەیە بێت و بیانخاتە بەراوردێکى تاڕادەیەک توندوتیژەوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا شوێنە مێژووییە دێرینەکەى بلەقێنێت. عادەتەن لەم بەرکەوتنەدا، دوور نییە جێگۆڕکێى فۆرم و ناوەڕۆک ڕووبدات. ئەمەش پتر وەک فێلێک و میکانیزمێکى بەرگرى ڕوودەدات بۆ ئەوەى دیاردە کۆنە لۆکاڵییەکە خۆى نەگۆڕێت. لەم ئەگەرەدا، لۆکاڵ لە ناوەڕۆکدا خۆى بە کۆنى دەهێڵێتەوە و فۆرمێکى گڵۆباڵ دەکات بەسەر خۆیدا تاوەکو نەناسرێتەوە و نەگۆڕێت. کەلتورى ئێمە ئەم گەمەیە دەرهەق بە مۆدێرنە و بەمۆدێرنبوون زۆر بەکاردەهێنێت. وەرگێڕان، بەمانایەکى تایبەت، بریتییە لەم جەنگە کەلتوورییە ناوەکییە. سەرەتا پانتاییەکانى ڕۆشنبیرى لەڕێى وەرگێڕانى دەقەوە بەر یەکترى دەکەون، بەڵام بڕیارە کۆمەڵگاش لە جێیەکەوە لەم گواستنەوەیە بەئاگابێتەوە. هەتا ئەو ساتانەشى کە وەرگێڕان وەک شتێکى تەرفیهى (سەرگەرمکەر) وەردەگرین، ئەم بەراوردە کەلتوورییە کۆتایی نایەت و لۆکاڵ لەناوەوە لە کرژبوون و فراوانبوونەوەیەکى بەردەوامدایە.
بەم پێیە، وەرگێران پرۆسەیەک نییە یەکجار ڕووبدات و ببڕێتەوە؛ بەڵکو پرۆسەیەکى بەردەوامى نێوان دونیاکان و کەلتوورەکانە. فشارێکە لە دەرەوەڕا کە لۆکاڵ تووشى قەیران دەکات. مێژووش بۆ ئەو پرس و دیاردە و چەمکانە درووستدەکات کە لە لۆکاڵدا مێژوویان نییە. ئەم خاڵە خاڵێکى گرنگ و چارەنووسسازە. لۆکاڵ فریا نەکەوتووە بیر لە هەموو شتێک بکاتەوە و مێژوو بۆ هەمو شتێکیش بخوڵقێنێت و بگرە لە زۆر جێگەشدا نەیویستووە. بۆیە وەرگێڕان دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا جێگا و شوێنى نوێ بئافرێنێت و مێژوویەکیش لەپاڵەوە بۆ ئەو شتانە درووستبکات کە پێشتر نەبوون. ئەم مێژووە چەندە کارى پێ دەکرێت و چەندە پیادە دەبێت، شتێکى ترە. ئەم مێژووەش، پتر لە شێوەى گوتار، درووشم، گوزارەدا خۆى دەردەخات. بۆ نموونە، هەر کەلتوورێک مەحکومە بەوەى مامەڵە لەگەڵ چەندین گوتارى نوێدا بکات کە ڕیشەکەى بەتەواوى لە خۆیدا نین یاخۆ بەشى دونیاى مۆدێرن ناکات. بۆ وێنە، گوتارى فێمینیستى لەو گوتارانەیە کە ئێمە لە مێژووى خۆماندا بەو مانا مۆدێرنە نیمانە، بەڵام گوتارەکە لەڕێى وەرگێڕانەوە هاتووە. کەلتورە لۆکاڵە کوردییەکە چەندە لەگەڵ ئەم گوتارەدا ڕادێت، بەر بەو ڕاستییە ناگرێت کە گوتارەکە لە گڵۆباڵەوە پەڕیوەتەوە و هاتووە. پرسى ژندۆستى لە مێژووى لۆکاڵدا، بەشى ئەوە ناکات جێى گوتارى فێمیسنیستى بگریتەوە. وەرگێڕان ئەم زیادەیە، ئەم ئیزافە هەرسنەبووە زەقدەکاتەوە و کات و شوێنى نوێى بۆ دادەهێنێت. هەر ئەمەش دیوە داهێنەرەکەى وەرگێڕانە، چونکە داهێنان بە زاتى خۆى شوێن داگیرناکات، بەڵکو بە شێوەیەکى دینامیکى، شوێنیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت: داهێنان، خۆى شوێنى تایبەت بە خۆى دادەهێنێت و جێیەک ناگرێت کە پێشتر گیرابێت. ئەمە ئەو کاتەیە کە لۆکاڵ لەبەرامبەر شتى نوێدا دەستەپاچەدەبێت.
