
هاوکار قادر
بابەتێکی بەڕێز دکتۆر کامەران جەمال بابانم خوێندەوە کە هاوڕێیەکی ئەزیز بۆی ناردبووم. خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی دەقەکە، درک بە ڕاستییەکی تاڵ دەکات کە نووسەر بە پەرۆشییەوە ئاماژەی پێکردووە. سەرەڕای ئەوەی بەڕێزیان لە بابەتی ڕەچاوکردنی ئەرکە ئاینییەکانی وەک نوێژ و ڕۆژوو ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە — کە زیاتر پەیوەندیدارە بە هۆشیاریی گشتیی جەماوەرەوە — بەڵام ئەوەی شایانی هەڵوێستەسەرکردنە، ڕەگوڕیشەی کێشەکە و هەڵوێستی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرییە.
هەروەک لە زاری هاوڕێیان دکتۆر کاوە و زیرەک کەمالیشەوە ئاماژەی پێکراوە، حەقیقەتێکی بەهێز لەم باسەدا هەیە. مێژووی پەیوەندیی خێزانی ئێمە لەگەڵ بیرۆکەی چەپ بۆ ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە، و نزیکەی (٢٢) ساڵیشە خۆمان بەکردەیی لە پەروەردەی سەرەتاییەوە هەتا ئاستی کادیر و بەرپرسیاریەتی ڕێکخراوەیی تێیدا تێکۆشاوین. لەم ئەزموونە درێژەدا، نە کەس پێی وتووین پەیڕەوی لە بڕوا ئاینییەکانی خۆتان مەکە، نە ئێمەش بە کەسمان وتووە پەیڕەوی مەکەن. تێگەیشتنی ئێمە هەمیشە ڕۆشن بووە: گرفتەکانی ئێمە لەسەر (زەوی)ن و تێکۆشانمان بۆ پرسە نیشتمانی و چینایەتییەکان، بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەمانی چەوسانەوەیە؛ هەرگیز ڕێگامان نەداوە بڕوا و پیرۆزییە ئاینیەکان بەلاڕێدا بەرێت. وەک کورد دەڵێت: "شوان و شێخ بزێن، ئەوە دەزانن."
لە شوێنێکی تردا نووسەری بەڕێز دەپرسێت: جیاوازی چییە لە نێوان پرسەی سەرکردەکانی تری کوردستان لەگەڵ پرسەی هاوڕێیان (عەزیز محەمەد، کەریم ئەحمەد و کەمال شاکر)؟ چۆنە هاوڕێیانی شیوعی بەشداریی پرسەی سەرکردەکانی تر دەکەن، کەچی ئەوان نایەنە پرسەی سەرکردەکانی شیوعی، کە خاوەنی گەورەترین خزمەت و قوربانیدانن بەم نیشتمانە؟
ئەم پرسیارە ڕاستییەکی زەق دەردەخات: نەهاتنی ئەوان بۆ پرسەی ئێمە، پەیوەندی بە بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندیی سیاسیی ئەمڕۆوە هەیە.
لەو قۆناغەی حزبی شیوعی خاوەنی هێزی چەکدار و پێگەی کاریگەری جەماوەری بوو، هەموو لایەک دەهاتنە پرسەمان و بەشداری خەمەکانیان دەکردین. بەڵام ئەمڕۆ کە هاوکێشەی هێز، دەسەڵات و پشتگیری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لای ئەوانە، بە لاچاوێکیش ئاوڕ لە پرسەمان نادەنەوە. بەشێک لە جەماوەریش، بەهۆی کاریگەریی پڕوپاگەندەی میدیایی دەسەڵات و هەستی کۆمەڵایەتی، پاشکۆیەتیی هێز دەکات.
ئێمە گلەییمان لە جەماوەری گشتی نییە، بەڵکو ڕووی قسەمان لەو حزب و سەرکردانەیە — بەتایبەت هەردوو هێزی دەسەڵات — کە گەر ڕۆڵی نێوانگیری و فیداکاریی حزبی شیوعی نەبووایە لە ڕاگرتنی خوێنڕێژیی شەڕی ناوخۆدا، و گەر ئۆتۆمبێلە شلە خەجەکانی شیوعییەکان نەبووان بۆ پاراستنی جەستەی فەرماندەکانیان لە نێوان هەولێر و سلێمانی، ئێستا زۆریان ناویان لە مێژوودا نەمابوو.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: زۆربەی سیاسییەکان و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی دەسەڵات، ماسکپۆش و بەرژەوەندپەرستن. کاتێک قسە لەسەر پاکی، دڵسۆزی و دەستپاکی دەکەن، دان بەوەدا دەنێن کە کەس لە شیوعییەکان دڵسۆزتر نییە بۆ خاکی ئەم نیشتمانە، بەڵام لە کاتی وەفا و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەدا، پشتی تێدەکەن. بەپێچەوانەوە، ئەگەر دەستڕۆیشتوویەکی ڕق لە دڵ و دەستسووربوو بە خەڵک و خاکی ئەم نیشتمانە کۆچی دوایی بکات، گوڵی ماتەمینی بۆ دەبەن و جلی ڕەش دەپۆشن، چونکە ئامادەبوونیان لەوێ بۆ بەرژەوەندیە، نەک بۆ بەها.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە شیوعییەکان پیاچوونەوەی جدی بە جۆری پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا بکەن لەگەڵ ئەم نوخبەیەدا و بەهای ئامادەبوونی خۆیان بپارێزن. کاتی ئەوە هاتوو کە مامەڵەی هاوتا بکەین: ئەوەی ڕێز لە خەبات و مێژووی ئێمە ناگرێت و لە خەم و خۆشیماندا بەشدار نابێت، شایستەی ئەوە نییە ئێمەش بەشداریی لە کۆڕ و پرسەکانیدا بکەین.
کوردبوون و فیداکاری بۆ ئەم نیشتمانە لە شار، شاخ، زیندان و سەنگەردا تەنها بە ناوی ئەوانەوە تۆمار نەکراوە. هیچ سەنگەرێکی شەرەف و نیشتمانپەروەری نییە کە شیوعییەکان لە ڕیزی پێشەوەیدا نەوەستابن. بۆیە با وەک دکتۆر ئاماژەی پێکردووە، سنوری ڕاستەقینەی جیاکاریی مرۆڤەکان کردار و هەڵوێستەکانیان بێت، نەک دروشم و فرمێسکی دەستکردی ناو پرسەکان.
