
ئیدریس سدیق
هەینی
25 / 9 / 2026
دەسەڵات : سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەین .
میللەت : نان و سوپاس .
تکایە چیتر لەبەردەم سپلیت بڕیاڕ مەدەن !
هۆشی مین Ho Chi Minh ەی رابەری ڤێتنامییەکان دەڵێ : " اعگنی قلما ، اعگیك پورە " واتە : ( پێنووسێکم پێ بدە ، شۆڕشێکت پێدەدەم ) ، ئاشکراشە شۆڕشەکان پۆلینکراون بۆ شۆڕشی رزگاری ، پیشەسازی ، کشتوکاڵی ، تەندروستی ، کۆمەڵایەتی ، پەروەردە و فێرکردن ، ئابووری و ........ .
کوردیش دەڵێ :
گیانفیدای دەست و قەڵەم بم ، ئەسپ و زینم بۆ چییە
تا قەڵەم هیممەتکا ، بڕنەو کڕینم بۆ چییە !
پرسی پەروەردە ، لە پرسە هەرە هەستیار و ستراتیژی وڵاتانە ، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکی و گرنگی ئاسایشی نیشتمانی کە مافی هەر تاکێکە ، گرنگترین و بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕانکارییەکان ، لە دابینکردنی سەرمایەی پێویست لە بودجەی ساڵانە ، لەروانگەی کرانەوە و وشیاری کۆمەڵگا و بنیادنان و گەشە لە سەرجەم بوارەکان و نۆژەنکردنەوەی ژیان و شارستانێتی ، لە رێگەی سپاردنی ئەو ئەرکە قوڕس و بەرپرسیارێتییە پیرۆز و شکۆدارە ، بە کەسانی ئەکادیمی ، شارەزا ، بە ئەزموون ، پسپۆر ، خەمخۆر و ....... ، لەو روانگەوە دەسەڵاتی نێشتمانی ، پەروەردەیەکی تەندروست فەراهەمدەکات ، واتە کۆمەڵگەیەکی وشیار ، گەنجەکانی تازە نەفەس ، سەرمایەی مرۆیی نیشتمانی و بوونی هێزی کارن ، بە دیدێکی نوێ و بنیادنەر ، گەنجینەیەکی پڕاوپڕ لە وزە و کانیاوێکی هەڵقوڵاو لەزانستین لە سەرجەم بوارەکان .
شارەزایانی پەروەردە ، پرۆسەی پەروەردە وفێرکردن وەك شانۆیەك ، جوانی وسەرکەوتوویی لە هاوئاهەنگی هاوکاری ئەکتەرەکان دەبینن ، وێرانکردنی هەر وڵات و کۆمەڵگەیەك لە وێرانکردنی کەرتی پەروەردە سەرچاوە دەگرێت ، یا پیشەی دارتاشی نییە تا تەختەدارەکان بە سەلیقەی خۆی بتاشێت ، بەڵکو هونەری باخەوانییە ، ناسینی ناخی خاك و شەونخوونی و ئاڕاستەکردن و گەشەکردنی هەر نەمامێکە ، ئاودان و ئاوەدانی بیابانێکە ، کردنەوەی هەر قوتابخانەیەك لە هەر شوێنێ ، واتا داخستنی زیندانێکە .
ڵێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ، رۆژێکی ئاسایی نییە لە رۆژژمێردا ، بەڵکو وەچەرخانێکی شارستانی ، کۆمەڵایەتی ، زانستی و مەعریفییە ، خاڵی دەستپێکی بنیادنانی ئایندەی نەوەکان ، هەوێنی هیوا و بەهابەرزەکانی کۆمەڵگە و شۆڕشە لە سەرجەم بوارەکان . زاناکان ، لە رێگەی داهێنان و دۆزینەوە و پێشخستنی بیرۆکەی زانستی ، لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ ، UNESCO ش ساڵانە ئەنجامی پرۆسەی خوێندنی وڵاتان ئاشکرا دەکات لە رێزبەندییەکاندا .
مێژووی خۆڕاگری ، جوامێری و قوربانیدانی مامۆستایانی هەرێم ، دەبێ بە ئاوی زێڕ ، پڕاوپڕ لە شکۆ و سەروەری بنووسرێتەوە ، هەر ئەو تێکۆشەرانەبوون لەو بارە دژوارەی سەختی ئابووریی دوای راپەڕین ، لە پێناو پاراستنی شکۆی نیشتمان ، سەری بەرزییان بۆ مووچە نەوی نەکرد و پرۆسەی خوێندن پەکی نەکەوت . کۆمەڵگەی وشیار ، پەروەردەیەکی دروستی لە پشتە و مامۆستاش بەردی بناغەکەیەتی ، لە کاتێکا رێکخراو و کۆمەڵە و گرووپە مرۆییەکان ، لە هاوکاری و هاریکاری درێغییان نەکرد ، بەڵام بەشبەشێنە ففتی ففتییەکە حەپەلووشکرا !
بە نیشتمانیکردنی سیستەم ،فەراهەمکردنی ژینگەیەکی متمانە پێکراوی دەروونی سۆزداری ئارام و هێمن ، بژێوی ژیان ، کوالێتی پڕۆگڕامەکان لە پەرەپێدانی تواناکان لە رێگەی بیرۆکەی داهێنەر و گونجاو و بەرهەمدار لە کارنامەی توکمە و فرە رەهەند ، پرسە نیشتمانیییەکان لە ( مافی مرۆڤ ، ژینگە ، تەندروستی ، ئازادی ، دیموکڕاسی ، پێکەوە ژیان و ........ ) ، کارکردنی هەمە لایەنە و دیدگای هاوبەش ، هەڵبژاردنێکی ئازادانە بۆ خەباتی پیشەیی ، کاراکردنی چاڵاکی قوتابخانەکان و ........، .
لە هەموو کۆمەڵگەیەك دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەسپێکی نوێبوونەوەی هیوا و خەون و خواستەکانە ، بەڵام لەم هەرێمۆکە ، ساڵانە شانۆگەرییەکی سارد و سڕی رووماڵکراوی رووکەش بەڕێوە دەچێت ، برینەکان تازە دەبنەوە ، دەمامکە قێزەونەکان دەکەونە خوارێ ، لە شانۆگەرییەکی دروشمێکی بریقەداری بێ کردار و فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆك ، رەنگدانەوەیەکی نەرێنی و بێ هیوایی لێ هەڵدەچنێت ، لەو سەردەمە هیچوپووچییەدا ، گەوجاندن و بەڵێنی درۆ ، ئەستەمە باوەڕ بە دەوڵەتە ئۆن لاینەکە بکرێت .
باڵادەستی حزب لە دامەزراندن شۆڕدەبێتەوە تا بەردەست ، بێ گوێدانە کارامەیی و شارەزایی و ..... ، راکە راکەی
دایکوباوکێکی کرێکار یا فەرمانبەر ، لە دابینکردنی پێداویستییەکان لە قەیرانی بژێوی ، شەق و تێهەڵدانی مامۆستایان لە خۆپیشاندانەکانی 2018 / 3 / 26 - 25 ، شکاندنی شکۆ و بێڕێزی و ناشیرنکردنی پیشەکە ، لەسەر بابەتێکی ناو ئەلف و بێ کۆردییەکەی باڵدار ، دەسەڵات بێتە لەرزە و قەدەغەی بکات ! ، خوێدنگا کۆنەکان ، ژمارەی خوێنکاران ، ئامێرەکانی فێنککەرە و گەرمکەرەوە ، کەشی ناو پۆڵ ، خۆ گرمۆڵەکردن ، هەناسەتەنگی ، برکی ناوپۆڵ ، بۆن گرمخای تاقەتپڕووکێن ، کۆچی گەنجان دوای وەدەستهێنانی بڕوانامە لەبەر نەبوونی ( نان ، کار ، ئازادی ) ، ئەگەر شاگردی ، حەمباڵی ، پاککەرەوە و ........ دەستبکەوێ ، بارگرانی هاتوچۆ ، رێژەی ساڵانەی دەرچوان ، مووچە دزراوەکان ، راگرتنی دەرماڵە ، پلە بەرزکردنەوە ، شایستەکان ، دامەزراندن ، پەراوێزکردنی پێگەی گەورەیی و پیرۆزی مامۆستا و ژیانێکی شایستە ،
بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەت و لێژنە لێژنەکاری تا کوێ بڕدەکات ؟ ، کەموکوڕی میلاك و گواستنەوە و ....... .
دکتاتۆرە شۆڕشگێڕەکانی ناو شاخ ، دەست بەخوێن و جەللادەکان ، نەخوێندەوار و خێڵەکی و نەزانەکان ، لە قەیرانی نەبوونی دەستوورێکی سەردەمییانە ، لە سەرجەم بوارەکان ، سیستەمێکی داڕووخاو ، وێران ، گەندەڵ ، شەرمهێنەر و نەزۆك و ..... یان پیادەکرد ، کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ ، لاواز ، کۆیلە ، تێکشکاو ، سەقەت و ...... دەرهاوێشتەی ئیفلیجکردنی کۆمەڵگە ، خنکاندن و شکست و چەقبەستوویی پاسیڤی پەروەردە بوو ، بۆ ئەوەی زۆرینە ببن بە چەکداری حزبی ، نەهێشتنی هاوسەنگی نێوان ئەخلاق و سیاسەت لەکاتێکا گەنجەکان چرۆ دەکەن و بەرپرسیارێتی ئاوەدانکردنەوە و جوانکرنی ژیانیان لەسەر شانە . لە تاقیکردنەوەی نێو دەوڵەتی بۆ ئاستی زانستی ، لە کۆی 92 وڵاتی بەشداربوو ، پەروەردەی هەرێم لە پلەی کۆتاییدایە !
ئەوەی دوێنێ مایەی گرنگی پێدانبوون فەرامۆش و بێ ئەڕزشکرا ، هەل و مەرجەکان گۆڕاون ، چاوەڕوانی هیچ پێشهاتەیەك ناکرێ بۆ پاڵاوتنی ئەو ئاوەی لەسەرێ بە شێلویی دێتە خوار ، تا دەسەڵاتی حزبی باڵادەستبێ ؛ نەك پەروەردە بەڵکو هەموو سێکتەرەکان ئیفلیج دەبن ، بنیادنانی تەلارێکی نوێ و رازاوە ، بە کەسانی نا نیشتمانی و گەندەڵ و کەرەسەی کۆن ناکرێ ، بەرپرسیارێتی وڵاتپارێزان و دڵسۆزانە .
