عه‌دنان ساڵح

" ١ "

مرۆڤایەتی بە ڕووە ڕاستەقینەکەیەوە لە سوریا پیاسە دەکات:

ململانێکان لەسوریا گەرمتر دەبن!

گەر چاوی خەواڵوومان بکەینەوە، دەبینین مرۆڤ لە سوریا بۆ دۆخە ڕاستەقینەکەی خۆی گەڕاوەتەوە:

دڕندە بێئەخلاقە ئەشکەوتنشینەکەی چاخی بەردین.....

ھەنووکە لەسوریا، مرۆڤ دوور لە ھەموو بەھایەک، لەجەنگێکی دراماتیکی - تراژیدی قەشمەربازاڕیدایە. ڕووسیا، ئەمریکا، تورکیا، ئێران، سعودیە و قەتەر سپۆنسەری سەرەکی ئەم جەنگەن... 

ئێمە دەتوانین لە سوریا مرۆڤ بەڕووتی ببینین، لەوێ چیتر دەمامکەکان بەکارنایەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ دڕندەکەی ناخی مرۆڤ خۆی ئاشکراکردووە و شێتانە مەیدانەکانی جەنگ بەخوێنی ژن و منداڵ سووردەکات. جەنابی شەیتان ھەنووکە لەئاست ئەم کائینە دوو پێیەدا دۆشداماوە. 

شەیتان چییە؟!  داماوێکە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو خراپەکاری و کارە پیسەکانی خۆی پێداھەڵواسیووە، نیتچە ھەرچەند سەرنجی مرۆڤی دەدا و ئەو ھەموو غەریزە و حەزی دەسەڵاتداری و حەزی خۆدەرخستن و ھەوەسی سێکسییەی تێدادەبینی، دەیگوت: 

ناکرێت پێمانوابێت ئەم کائینە ئاشتی خوازە..!!؟

بۆیە نیتچە وتی: جەنگ دۆخی ئاسایی مرۆڤایەتییە!!!

تۆماس ھۆبز دەیگوت: زاتی مرۆڤ خراپەکارییە!

بۆچی؟!

مرۆڤ ھەڵگری حەزی سێکسییە

ھەڵگری حەزی خاوەندارێتییە

ھەڵگری ئایدیای بەرژەوەندیخوازییە

ھەڵگری حەزی دەسەڵاتگرتنەدەستە

ھەڵگری حەزی خۆدەرخستنە...

ئێ کە مرۆڤ، ئەم کائینە ئەشکەوتنشینە شارستانییە، ھەڵگری ئەم ھەموو ڤایرۆسە بێت، ئاشکرایە بەرەو دۆخی ململانێ ملدەنێت لەگەڵ ئەوانی تردا، لەدۆخی ململانێشدا، ناخی ئەم کائینە دڕندەیە پڕ دەبێت لە ڕق و بوغز و کینە و حەسادەت. ئەم ھەستانەش ئەم کائینە بەرەو ھزری ئەھریمەنی پاڵ پێوەدەنێن. کەواتە زاتی مرۆڤ پۆخڵەواتە، بەڵام بۆچی بۆگەنی ئەم پۆخڵەواتە نامانخنکێنێت؟! 

چونکە مرۆڤ تاکە کائینی خودایە کە ھونەرێکی باڵای لە نمایشکردن و دەمامک پۆشینی ھەیە..  

 مرۆڤ فێرە ناخە بۆگەنەکەی لەژێر دەیان دەمامک و سەدان نمایشدا بشارێتەوە..!؟

جەنگ لەپێناو خودا

جەنگ لەپێناو نیشتمان

جەنگ لەپێناو ئازادی

جەنگ لەپێناو ئاشتی

ئەمانە ھەموو ئەو نمایش و دەمامکانەن کە مرۆڤایەتی ھەوەسی شەڕانگێزی و خواستی دەسەڵاتویستی خۆی لە ژێریاندا شاردۆتەوە.

 دەزانی لەم نمایشەدا کێ زیاتر بێئەخلاق و کەللـەپووتە؟! ئەوانە نین کە نمایشەکە دەکەن، بەڵکو ئەوانەن کە فریوی ئەم نمایشە دەخۆن و ھەر بەڕاستییەوە پێیانوایە خودا و نیشتمان و ئازادی و ئاشتی پێویستیان بەوەیە سەدان ھەزار کەسیان لەپێناودا بکوژرێت!!!

مرۆڤایەتی شکستیخوارد لە بوونیادنانی جیھانێکی جوان، بەھا و ئەخلاق و عورفە مرۆییەکانیش شکستیانھێنا لەوەی دڕندەکەی ناخی مرۆڤ ڕام بکەن، نیتچە پێشبینی ئەم شکستە گەورەیەی کردبوو، بۆیە ھاواری کرد: مرۆڤ شتێکە دەبێت تێیپەڕێنین و کۆی بەھا و نەریتەکانیشی فڕێبدەینە ناو تەنەکەی خۆڵەوە..! نەک ھەر ئەوەندە، بەڵکو نیتچە وتیشی: دەبێت ئاوی ھەموو دەریا و ڕووبارەکان بکەین بە تف و بەتوڕەیی ئاوڕێک لەڕابردووی مرۆڤ بدەینەوە ئەو ڕابردووەش تفباران بکەین. لای نیتچە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی حەماقەتە گەورەکانە.

ھەر لەبەر ئەمە بوو نیتچە پێیوابوو تاکە بوونەوەری مەترسیدار لەسەر زەوی، مرۆڤە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە