نووسینی/ زیرەک کەمال

ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکور و
 باشوور، سەراپای سەرزەمینی وڵاتێکی عەرەبی هەموو هەژابوون. هەژاری و بێکاری هەموو لایەکی تەنیبووە و تەنگی بە گوند و شار هەڵچنیبوو. وڵات لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایشی نیشتمانی و کومەڵایەتی و سیاسی و ئابووری داڕووخابوو. کارەبا چووبووە خانەی نەبووان. خەڵکی شار بۆ پێویستی ڕۆژانەیان  بە دۆلکە و مەسینە ئاویان پەیدا دەکرد. کوشتن و دزی و تاڵانی و ڕێگری تەواوی وڵاتی گرتبووەوە. قەیران بە قەیڕانی دەگوت: جێم کە هەتا ڕێت کەم. مەلیک و حکومەت بە دەست ئەو دۆخە قەیراناویەوە خەریک بوو دەبوونە باڵندەیەکی شکستەباڵ.  ئەوەی دەتبینی لەهەر شوێنێک، جنێوی بە دەسەڵات دەدا. مەلیکی وڵات چەندی دەیکرد و دەکۆشا نەیدەتوانی بەر بەو دۆخە ئاڵۆز و قەیراناویە بگرێت. ڕۆژێک ڕووی لە ڕاوێژکاری دەستە ڕاستی خۆی کرد و پێی گوت: ڕاوێژکار بە ڕای تۆ چی بکەین بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە ڕزگارمان بێت؟ ڕاوێژکارەکەش کە لای مەلیک لەهەموو کەسەکانی دەوروبەری خۆشەویستتر بوو، گوتی: جەنابی مەلیک من تەنها یەک ڕێگا بەدی دەکەم بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە، ئەویش ئەوەیە: سەرەتا لە میدیا و بڵندگۆی مزگەوتەکان هەڵمەتێکی چڕ دژی ئیسڕائیل دەست پێ بکەین، دواتر بەگژ ئەمەریکادا بچین و شەڕ لە دژیدا بەرپا بکەین. مەلیک بە توڕەبوونەوە گوتی: ڕاوێژکار ئەوە قسەیە تۆ دەیکەی؟ ئاخر ئێمە چۆن و بۆچی ئەوە بکەین؟ ئێمە و ئەمەریکا؟ ڕاوێژکار گوتی: مەلیکی وڵات، دیارە ئێمە بە ئەمەریکا ناوێرین و لەم شەڕەدا دەدۆڕێین و دواتر لەشکری  ئەمەریکا وڵاتمان داگیر دەکات٠ دوای سەرسامی و ڕامانێکی قووڵ، مەلیک گوتی: ئاخر ڕاوێژکار تۆ پێم ناڵێی قازانج و دەستکەوتی ئێمە لەو شەڕەی دژی ئەمەریکا چیە؟ ڕاوێژکار گوتی: مەلیکی وڵات، ڕۆحم بە فیدات، وەکوو گوتم: ئێمە لەو شەڕە دەدۆڕێین و ئێ مەلیکی من دۆڕانیش بەرانبەر ئەمەریکا عەیب و شورەیی نیە، بەڵام باپێت بڵێم قازانجی ئێمە لەو شەڕەدا چیە. یەکەم: خەڵکی وڵاتەکەمان ڕقێکی زۆریان لە ئەمەریکایە و بۆیەش شەڕکردن لە دژیدا لای خەڵک دەمانکاتە پاڵەوانی نیشتمان. دووەم:  ئەمریکا وڵاتمان داگیر دەکات و جڵەوی کاروباری حکومی و ئیداری وڵات دەگرێتە دەست و ئێمەش جگە لەوەی لەسەرزەین و وێنای خەڵکی وڵات دەبینە پاڵەوانی نیشتمان، هەروەها لە دەست قاتوقڕی و بێزاری و گلەیی و گازاندەی خەڵکی وڵات ڕزگارمان دەبێت، چونکە ئەوکات کۆمەڵانی خەڵک لەجیاتی ئەوەی بیر لە بێکاری و هەژاری خۆیان بکەنەوە، سەرقاڵ دەبن بە داگیرکاری ئەمەریکا. مەلیک پێشنیارەکەی ڕاوێژکاری پێ باش بوو، بەڵام خەیاڵی بۆ شتێکی تر چوو، بۆیە ڕووی کردە ڕاوێژکار و پێی گوت: باشە ئەو واقیعەی تۆباسی دەکەی لەکاتێکدا دێتەپێشەوە، کە ئێمە لەو شەڕەدا دۆڕاین؟ ئەی باشە ئەگەر ئێمە لەو شەڕەدا لە ئەمریکامان بردەوە ئەوکاتە چی بکەین؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا