
وەلید محەمەد
لەمڕۆژانە ڕێکەوتنێک لە نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێز مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی ڕاگۆزەری سوریا ئەحمەد شەرع ئیمزاکرا. رێککەوتنەکە لە 14 خاڵ پێکدێت و بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵاوکردنی تەواوەتی ناسراوەو هێزەکانی سوریای دیموکرات بە شێوەی تاکەکەسی تێکەڵاوی سۆپای سوریا دەکرێن و سەر لە نوێ دادەمەزرێنەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردنشینەکان، پاڕێزگارێکی کورد بۆ پارێزگای (حەسەکە) دادەنرێت و کار بەو لیستە دەکرێت کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەستی حکومەتی ناوەندی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستە سەربازی و ئەمنی و مەدەنیە باڵاکان لەناو دەوڵەتی سوریادا.
ڕێککەوتنە 14 خاڵیەکە لە بەرژەوەندی کورد نیە و پیلانگێڕییەکی تری نێودەوڵەتییە دژی کوردو تەنها داندەنێت بەمافە کلتووری و مەدەنیەکان و دان بە مافە سیاسیەکانی کورد نانێت.
ئایا ڕێکەوتن یان تاکتیک بوو؟
یەکەم: ئەمەی دوێنێ روویدا ڕێکەوتن بوو چۆنکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا پشتیان لە کورد کرد، لەبەرامبەردا پاڵپشتیان لە گڕۆپی ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەکانی کرا و ڕێککەوتنەکە بەسەر کورد سەپێنراو جگە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە هیچ چارەسەرێکی تری باشتر نەبوو.
دووەم: ئەمەی روویدا تاکتیک بوو چۆنکە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (مەزڵوم عەبدی) لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە ئامادەنەبوو تەنها لەلایەن سەرۆکی ڕاگۆزەری سوریاوە ڕاگەیەندرا.
بەبوچوونی من خالی دووەم لە خالی یەکەم بەهێزترە چۆنکە:
أ- فەرماندەی هێزەکانی سۆریای دیموکرات بەڕێز (مەزڵوم عەبدی) کوردی لە کۆمەڵکۆژی پاراست، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری عەرەب دژی هەسەدە هەڵگەڕانەوەو زۆربەی چەکدارە هۆزە عەرەبەکان بیری شۆفێنی و تۆندڕەویان بەسەردا زاڵەو تینووی خوێنی کوردن و ئەوەی بیری لێناکەنەوە بەزەیی و مرۆڤایەتیە و تەنها تاڵانکردن و کاری خراب لێیان چاوەروان دەکرێت.
ب- هێزەکانی دیمەشق کە پێشتر لەناو لیستی تیرۆردا بوون پشتگیری دەرەکیان هەبوو، بەمەش نیازیان وابوو (ڕوژئاوای کوردستان) داگیربکەن و کۆمەڵکۆژی ئەنجامبدەن و هاونیشتمانیانی ناوچە کوردنشینەکان ئاوارە بکرێن و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.
ئەم خالانەی سەرەوە ئەوە دەسەلمێنن کەئەمەی دوێنێ روویدا تاکتیک بوو نەک ڕێککەوتن و بەتێپەڕبوونی کات
ئەنجامەکەی دەبینرێت.
چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پیلانگێڕییەی دژی گەلی کوردستان شکست بهێنێت؟
یەکەم: پێویستە یەکدەنگ و یەکهەڵوێستبین چۆنکە دهرمانی دۆخی ئێستای گهلهكهمانەو ئێستا له ههموو كاتێك زیاتر گهلی کوردستان وهكو ئاو و خۆراك و ههوا پێویستی بە ( تهبایی و برایهتی و یهكڕیزی و یهكگوتاری ...) یە.
دووەم: گشت هێزو لایەنە سیاسیەکان پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن لەناوەو دەرەوە و لە ئاستە جیاوازەکان و لە شوێنە جیاوازەکان لوبی بکەن و هەوڵی جدی بدرێت ئەم قۆناغە سەختە بەسەرکەتوویی تێپەڕێنرێت.
سێیەم: پێویستە هەوڵ بدرێن گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا ئەنجام بدرێن و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە دەستوری نوێی سوریادا بچەسپێنرێن چۆنکە ڕێککەوتنە 14 خالیەکە هەر چەندە خرابە و هەمیشەیی نیەو دەکرێت وەکو ڕێککەوتنی 11 ی ئاداری ساڵی 1970 لێی پاشگەزببنەوەو ئەمەش چاوەروان کراوە.
دڵنیاین ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و داهاتوو بۆ گەلی کوردستانە و گەلەکەمان بەمافە ڕەواکانی دەگات و سەردەکەوێت و ئایندەی گەلی کوردستان گەشەو داگیرکەران و دۆژمنانی کورد وەک هەمیشە ڕوو ڕەش و ڕیسوا دەبن.