
هیوا عومەر
یەک: لە دۆخێکی زۆر تایبەتدا باسی سیاسەت، حوکمڕانی، گەشەی دیموکراسی و هەڵبژاردن دەکەین. کاتێک باسی هەڵبژاردن دەکەین، مرۆڤ دەبێت بیر لەوەش بکاتەوە: بەڕاستی ئێمە ئازادین لەوەی چی هەڵدەبژێرین، یان خۆمان ئازاد کردووە تا بتوانین هەڵبژێرین؟
ئەو پرسە بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرین، بەڵام لە دۆخێکداین کە لە لایەک سەرچاوەکانی داهات، نەوت، هێزە چەکدارەکان و هەموو جومگەکانی حوکمڕانی لەلایەن دوو هێزەوە دەستی بەسەرداگیراوە! لە لایەکی تر، زۆرینەی سەرچاوەکانی زانیاری، میدیا و بیرکردنەوەی خەڵکیش لەبەردەم هەڕەشەی دەست بەسەرداگرتن و هەیمەنەی دەسەڵاتدان. ئێمە لەم ژینگە سەختەدا باسی هەڵبژاردن و کەناڵەکانی تری بەشداریی سیاسی دەکەین، بۆیە دەبێت زۆر بە هێمنی و لەسەرخۆییەوە بیر لە سبەینێش بکەینەوە.
دوو: لە کاتێکدا لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا ئەوان سڵیان نەکردووەتەوە لە کۆنترۆڵکردن، هاککردن و بردنی داهات و جومگەکانی حوکمڕانی، وەهمێکی گەورەیە پێمان وابێت ئەگەر بۆیان بلوێت، سیستەمێکی هەڵبژاردن تەزویر و هاک ناکەن. پێشتریش بە جۆرێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، وەهمێکی وەهایان لا دروست کردین کە کۆمیسیۆنی ئەم جارە بە بەراورد بە جارانی پێشوو جیاواز دەبێت، بەڵام هەموومان وەک ڕۆژی ڕووناک دۆخەکە دەبینین چۆنە! دەشزانین چۆن پێشتر لەسەر چی و لەسەر دیزاینەکەی ناکۆک بوون، دواتریش چۆن ڕێککەوتن لەسەر دیزاینێکی سێگۆشەیی.
سێ: سەرەڕای بابەتی تەزویر و هاککردن، دیقەت بدەن سەرچاوەکانی داهات، هێزە چەکدارەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چ ناوچەیەکە و چۆن دابەش بووە. هەروەها دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانیان لەو شوێنانە دەستی بەسەردا گیراوە. ناکرێت وا بە ئاسانی ئەوە وەک سەرکەوتن و ئیرادەی دەنگدەران تەماشا بکرێت؛ ئەوە درێژەی شکستی حوکمڕانیی ئەوانە.
چوار: لەگەڵ ئەو ڕایەش نیم کە ئەم دۆخە دەستکاری ناکرێت و قابیلی گۆڕانکاری نییە. گۆڕانکاری پرۆسەیەکی کەڵەکەبووی تێکۆشانی پەیوەندیی دیالەکتیکی نێوان تیۆر و واقیعە. بێگومان ئەم هەڵبژاردنە یەکێک بوو لە ئەزموونەکان و زۆر شتی فێرکردین. هەروەک مۆرگان دەڵێت: "تیۆر خۆڵەمێشییە و داری ژیانیش هەمیشە سەوزە."
پرسی گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، پرسێکی مێژوویی و پرۆسەیەکی کەڵەکەبووی بەرئەنجامی بوونی دیدگا، پرنسیپ و بزووتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەرییە. پەرلەمان یەکێکە لە کەناڵەکانی هێنانەدی ئەو گۆڕانکارییە، هاوکات لەگەڵ گرێدانی بە تێکۆشانی جەماوەری، شەقام، کاری بەیەکەوەیی و تەحزب... هتد.
لەو ڕوانگەیەوە پەرلەمان یەکێکە لە کەناڵەکانی هێنانەدی گۆڕانکاری، نەک تاقە کەناڵ. کەناڵێکە لەپاڵ کەناڵەکانی تر، بەو مەرجەی گرێ بدرێت بەو تێکۆشانە جەماوەرییەی کە هەڵگری ئایدیایەکی ڕوون و جێگرەوەیە. ئەگەر لە ئەمڕۆدا ئەوان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەست هێنابێت، بە مانای ئەوە نایەت کە ئەوە کۆتایی مێژوو بێت و کەناڵی تری بەشداریی سیاسی و گۆڕانکاری نەبێت.
پێنج: یەکێک لە ئیشکالیەتەکانی دونیای زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنی ئێمە، کورتکردنەوەی سیاسەت، بەشداریی سیاسی و هێنانەدی گۆڕانکارییە تەنها لە پەرلەمان و بچووککردنەوەی ڕۆڵی هاووڵاتییە لە چوار ساڵ جارێک دەنگدان لە میانەی چەند خولەکێکی دەنگداندا، بەبێ بوونی هیچ ئایدیایەکی ڕوونی جێگرەوە و گرتنەبەری کەناڵەکانی تری بەشداریی سیاسی و بەستنەوەی پەرلەمان بە کاری جەماوەری.
ئەم دیدە لە کۆتاییدا، لە جێگای دروستکردنی هاووڵاتیی کارای کوردستانی و هێنانەدی بەشداریی کاری سیاسیی هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەی دەسەڵات - کە کاری لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەکاربەری پەراوێزخراو کردووە - کۆمەڵگایەکی پاسیڤ، ناکارا، لاواز و بێئومێد دروست دەکات.
شەش: ئەم تایپە لە کاری ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، پێویستی بە بوونی دەهۆڵێکی گەورەی گوتاری پۆپۆلیستی (شەعبەویەت)ـە، کە بە ئاسانی و بە خێرایی ئومێد و جۆش و خرۆش لە ناخی جەماوەر دروست دەکات و دەتوانێت بیانوروژێنێت، بەڵام هەروەها بە خێرایی و بە ئاسانیش ڕووبەڕووی نائومێدیان دەکاتەوە، هەروەکو لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و جیهانیشدا دەیبینین.
ئەم دیدە لە ئەمڕۆدا هەم لەناو دەسەڵات و هەمیش لەناو زۆرینەی ئۆپۆزسیۆندا دەبینین. دیقەت بدە ئەوەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر جەماوەر بوو (دروشمی زاب خودێ، جەمال لۆمارێ، وەری دەگرینەوە، یان ناتوانن) و زۆرانی تر... هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی دروستکردنی کاریگەریی کاتین لەسەر زاکیرەیەکی سادەی لاوازی دونیای ئەمڕۆمان، کە هاوکارە بۆ خواردن و وەرگرتنی ئەو جۆرە گوتارە شەعبەوییە.
کێشەی ئەم گوتارە وەک خواردنی فاست فوود وایە؛ بە کاتی و بە خێرایی چێژێکی ساختەت پێدەدات، بەڵام لە دوورمەودا تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و زەخت دەکات، کە بە دیوە سیاسییەکەی نەخۆشیی نائومێدی و ناکارایی لێدەکەوێتەوە.