ڕۆمانی " ئەننا کەرێنینا" ی لیۆ تۆلستۆی یەکێکە لە شاکارە هەرە گەورەکانی ئەدەبیاتی جیهانی، تۆلستۆی لە نیوان ساڵانی ١٨٧٣ بۆ ١٨٧٧ سەرقاڵی نووسینی بووە. لە ساڵی ١٨٧٨ بە تەواوی وەک یەک پەڕتووکی سەربەخۆ چاپ  و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی و خیانەت نییە، بەڵکو شیکردنەوەیەکی قووڵە بۆ کۆمەڵگەی ڕووسی سەدەی نۆزدەهەم و بەتایبەتیش ڕۆڵ و چارەنووسی ژن لەو چوارچێوەیەدا. ئانا کارێنینا، وەک کارەکتەری سەرەکی، دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ململانێی نێوان ئارەزووی تاکەکەسی و کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش گرنگییەکی بێوێنەی پێدەبەخشێت وەک کەسایەتی ژن لە ئەدەبی ئەو سەردەمەی ڕووسیا.  

ئاڵۆزی کارەکتەری ئاننا
زۆربەمان ڕۆمانی "ئاننا کەرێنینا" خوێندووەتەوە یان هیچ نەبێت فیلمەکەمان بینییوە. لە هەردوو حالەتدا وێنەی ئەم ژنە لە پێش چاومانە. 
وەک ژنێکی قەشەنگ، زیرەک و بەسۆز  وێنامان کردووە. کە لە سەرەتادا لە ژیانێکی هاوسەرگیری سارد و بێ ڕۆحدا لەگەڵ ئەلێکسی کارێنین، بەرپرسێکی حکومی، دەژی. ئاڵۆزی کارەکتەرەکەی لەوەدایە کە ئەو تەنها قوربانییەکی بێدەنگ نییە، بەڵکو ژنێکە بەدوای بەختەوەری و خۆشەویستیی خەونەکانیدا  دەگەڕێت.  کەچی هیچ یەکێک لەم فاکتەرانە لە ژیانی هاوسەرگیرییدا نادۆزێتەوە. بۆیە بۆشاییەکی ڕۆحی لە دەروونیدا دروست دەبێت. پاش ماوەیەک کوڕێکیان دەبێت. لە سەفەرێکیدا بە شەمەندەفەر ڤرۆنسکی دەبینێت و ئاشقی ڤرۆنسکی دەبێت. پەیوەندییەکی وا لەدەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری بوێرییەکی دەوێت چونکە  دەبوو دژی هەموو یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوەستێتەوە.  ئەم هەڵوێستە، کە لە لایەکەوە نیشانەی هێز و ڕاستگۆییە بەرامبەر دڵ و هەستەکانی خۆی، لە لایەکی ترەوە دەبێتە سەرەتای تراژیدیا و ململانێیەکی دەروونی. لە کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسیادا، خیانەتی هاوسەرگیری لەلایەن پیاوانەوە (وەک ستیڤا ئۆبلۆنسکی، برای ئاننا) بە ئاسایی سەیر دەکرا و لێی خۆشدەبوون، بەڵام بۆ ژنێک، ئەمە تاوانێکی گەورە بوو کە سزاکەی دوورخستنەوەی تەواو و پەراوێزخستنی  بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەمە جگە لەو سوکایەتییەی تانە وتەشەنەیی  پێدەکرا لە لایەن دەوروبەرەوە. 


ململانێ لەگەڵ کۆمەڵگەی پیاوسالاری

لەو کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە پیاو سەرچاوەی ئابووری خێزان بوون. هەر بۆیە خێزانەکان  بەدوای پیاوێکی پاردەدار و خاوەن ساماندا دەگەڕان وەک مێرد بۆ کچەکانیان.  ئەلکسێی هاوسەری ئەننا  کەسایەتییەکی ناسراوە و  پیاوێکی بیورۆکرات و سارد بوو؛ ئەو وەک هاوسەر یان مرۆڤێکی خاوەن هەست سەیری ئەننای نەدەکرد، بەڵکو وەک "موڵکی خۆی" و پاشکۆیەکی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی تەماشا دەکرد . ئەننایەکی هەست ناسک و گەنج ناچاردەبێت خەونەکانی بنێژێ. بەڵام  هەستکردن  بەو  جیاکارییە کۆمەڵاتییە دەبێتە کۆتی ژیانی. وا دەزانی ئەو پەیوەدنییە سۆزدارییەی لەگەڵ ڤرۆنسکی دەرگای جیهانێکی ئازادی بۆ دەکاتەوە. بەڵام مخابن ئەم پەیوەندییە تازەیە دەبێتە زیندانێکی تر،  دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەموو شتێکی تر لە ژیانیدا. کاتێ داوای جیابوونەوە دەکات ، کەرێنین ڕازی نابێت، لەو سەردەمەی ڕووسیادا ژن مافی داواکردنی جیابوونەوەی نەبوو، بەڵام وەک سزایەک ڕێگەی پێنادا سریۆژەی کوڕی ببینێت .  لە کۆتاییدا، ئاننا لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی و گومان و نائومێدی لە پەیوەندییەکەیدا، خۆی دەکوژێت. ئەم کۆتاییە تراژیدییە وەک "سزایەکی ئەخلاقی" لەلایەن تۆلستۆیەوە سەیر دەکرێت بۆ ئەو ژنەی کە لە ڕۆڵی دایکی و هاوسەری لادەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک "قوربانییەکی کۆمەڵگە"ش دەبینرێت کە نەیتوانی ئازادی و دڵخۆشی بەدەست بهێنێت.
بەڵام لێرەدا ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبینەوە ئایا خودی تۆلستۆی هەڵوێستی چۆن بووە بەرامبەر کەسایەتی ئەننا، ئایا ئەننای بە قوربانییەکی کۆمەڵگە داناوە و دژی ئەو مامەڵە دوو فاقییە بووە کە کۆمەڵگە بەرامبەر ئەننایان کردووە. هەرچەندە  تۆلستۆی ئەم مامەڵە جیاکارییە زۆر بە ڕوونی نیشان دەدات کە چۆن کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دووفاقی  مامەڵە لەگەڵ هەڵەکانی ژن و پیاودا دەکات.  لە کاتێکدا  بە خوێندنەوەی فێمێنیستی خودی تۆلستۆی وەک نووسەرێک تێڕوانینێکی ئاڵۆز و جاروبار کۆنەپارێزانەی بەرامبەر بە "پرسی ژن هەبووە. 

هەندێ لە ڕەوتە فێمێنستەکان شیکردنەوە بۆ کەسایەتی و چارەنووسی ئەننا دەکەن، کە پاڵەوانێکە دژی کۆتوبەندەکان وەستایەوە و داوای ئازادی سۆزداری کرد.  ئەننا سیمبولی ململانێی نێوان سروشتی مرۆڤ و یاسای کۆمەڵگەیە. سەرەڕای تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ چارەنووسی، ئانا کارێنینا بەردەوام دەبێت لە وروژاندنی پرسی ماف، ئازادی، و پێگەی ژن لەناو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکاندا، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەر و قسەلەسەرکراوەکانی مێژووی ئەدەب.
 
لە کۆتاییدا دەمەوێت بەراوردێک بکەم لە بێوان وینەی ژن لە ڕۆمانی ئەننا کەرێنینا و شانۆگەری باهۆزی ئەلێکسێی ئۆسترۆڤسکی. 
تۆلستۆی لە ناخیدا ململانێیەکی قووڵی هەبوو لەگەڵ پرسی ژن و ئارەزووی سێکسی. ئەو کاتێک وێنای ئەننا کەرێنینا دەکات، هاوسۆزییەکی زۆری بۆ دەردەبڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا وەک «لە دیدگای ئەخلاقی کۆمەڵایەیدا' وای دەبینی کە ئەننا لە دژی دامەزراوەی خێزان گوناە و هەڵەیەکی گەورەی کردووە و دواجار دەبێت سزای کۆتایی وەربگرێت (خۆکوشتن). تۆلستۆی مۆدێلی بەختەوەریی ژن تەنها لە چوارچێوەی دایکایەتی، ملکەچی و گوندنشینیدا دەبینی (وەک کەسایەتی کیتی)
بەڵام ئۆسترۆڤسکی لەگەڵ ئەوەی لەهەمان سەردەمدا ژیاوە و ئەو شانۆگەرییەی لە ساڵی ١٨٥٩ نووسیوە،  ژنی وەک قوربانییەکی بێتاوانی سیستەمی باوکسالاری وێناکردووە. کەسایەتی 'کاتێرینا' لە شانۆگەری باهۆزدا، هاوشێوەی ئەننا کەرێنینا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی پیاوێکی ترەوە و لە کۆتاییدا خۆی دەکوژێت. بەڵام ئۆسترۆڤسکی خۆکوشتنی کاتێرینا وەک "سزای گوناهەکەی" پیشان نادات، بەڵکو وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاربوونی ڕۆحێکی پاک لە ناو جیهانێکی تاریک و چەوسانەوەی خێزانیدا وێنای دەکات.
تۆلستۆی لە ڕووی دەربڕینی هەستەکانەوە هاوسۆزی ژنان بوو، بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە نەیدەتوانی لە چوارچێوەی نەریتی خێزانی پیاوسالاری بێتە دەرەوە؛ لە کاتێکدا ئۆسترۆڤسکی زۆر بوێرانەتر وەک داکۆکیکارێکی پێشکەوتنخوازی مافەکانی ژنان دەردەکەوت و کێشەکەی لە ناو جەرگەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەدا دەبینی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا