هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بۆشایی دەسەڵات دۆخێكە كە كۆمەڵگا لە نێوان  ئیدارەدانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیدا توشی جۆرێك لە بێسەروبەری و سەرگەردانی دەكات و دەسەڵات كۆنترۆڵی گشتی لەدەست دەدات و  بۆشایەكی فراوان جێگەی دەگرێتەوە و ناتوانێ  بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی مامەڵەبەیاسا و ڕێسا بەركارەكان بكات ، ئەمەش لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێتە هۆكاری بەرجەستە بوونی ئاڵۆزی سیاسی  و ئابوری و كۆمەڵایەتی و حكومەت دەسەڵاتی ناوەندیی دیاریكراوی خۆی لەدەست دەدات

بۆشایی دەسەڵات، وەك هەر بۆشایییەكی فیزیكی تر كاردەكاتە سەر پەرش و بڵاوی گوتاری سیاسی و سەرهەڵدانی دەیان دیاردە و حاڵەتی نەخوازرا و تاڕادەیەكی زۆریش كاریگەری دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و وادەكات لایەنی دەرەكی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بێتە شوێنگرەوەو بۆشایەكە پڕبكاتەوە، زۆرجارپڕكردنەوەی ئەم بۆشایەش لە ڕێگەی میلیشیایەكی چەكدار، یان ڕەوت وگروپی جواراوجۆر ، و كودەتای سەربازیەوە دەكرێت و ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كاریگەریە دەرەكیەكان و ئەوان هەڵی دەسووڕێنن ، لە نموونەی بۆشای دەسەڵات لە عێراق و سوریا كە دەستی دەرەكی و وڵاتانی ناوچەكە بە پێیی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی دەكەن و هەرچۆنیان بوێت ئاوا لە ڕووداو پێشهاتەكانی هەڵدەژەنن ، ئەمە بەدەر لەوەی كە لە بۆشای دەسەڵاتدا ئیدارەدانی كۆمەڵگا دەكەوێتە دەستی گەورە مافیاكانی بازرگانی مادە هۆشبەرەكان و قاچاخچێتی چەك و ڕووتانەوەی سەروەت و سامانی نیشتمانی و سەرهەڵدانی توندوتیژی و  گەشەكردنی گەندەڵی و زۆر دیاردە و حاڵەتی تر كە دەبنە مەترسی بۆ سەر ڕەوشی كۆمەڵایەتی و شێواندنی ژینگەی سیاسی و ئابوری كۆمەڵگا، واتا لەم جۆرە سێستەمە نادیموكراتیانەدا ئەوەندەی مەیلی چەواشەكاری و ستەم لەپێشە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات ، چارەكی ئەوە پرۆژەی چاكسازی و میكانیزمی نوێی گۆڕانكاری ئاشتیانە لە ئارادانیە، هەربۆیە دەبینی بۆشاییەكی مەترسییدار لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگادا دروستدەبێت و ململانێ و كێشمەكێشەكان لەبری ئاسای بوونەوە توندر و قوڵتر دەبنەوە و كاردەكەنە سەر جومگە گرنگەكانی دەوڵەت و ئایندەی كۆمەڵگا

هەرچەندە زۆرجارلەپانتای پرۆسەی سیاسی ئەم جۆرە سێستەمانەدا بۆشای دەسەڵات ڕێگەخۆشكەرە بۆ بەرجەستەبوونی هێزگەلێكی  ئۆپۆزیسیۆن كە بتوانن بەشێوەیەكی بابەتیانە و لەڕێگەی پرۆژەی سیاسی خۆیانەوە كار لەسەر گۆڕینی دەسەڵات و سێستەمی سیاسی بكەن و ببنە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دۆخە، بەڵام بەوردبوونەوە لە دۆخی میژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی ناوچەكە و كوردستان بە تایبەتی، تاڕادەیەكی زۆر ئەم خەسڵەتە سیاسیە نابینرێت و نەبووەتە ڕێچكەیەكی وا كە مەترسی ململانێ خوێناویەكان تێپەڕێنێ و بە شێوەیەكی دیموكراتیانە و لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە دەستاودەستی دەسەڵات بكرێ ، چونكە لێرە شكستی سیاسیی و ئیفلیج بوونی ژێرخانی ئابووری كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی دروست بوونی بۆشای دەسەڵات ، لە گەڵ خۆیشیدا پووكانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی هەڵگرتوە و وای لێهاتوە بە پێچەوانەی تەواوی ئەو سێستەمانەی كە دەكەونە بازنەی بۆشای دەسەڵاتەوە  ئۆپۆزسیۆنیش كەوتۆتە باری لێژی و تەنها پشت بە دروشمی پۆپۆلیستیی و چەواشەكاری دەبەستێ و خەریكە دەبێتە كۆپی ئەحزابی حوكمڕان و نەیتوانیوە پشت بە بوونی هێزی كۆمەڵایەتیی كاریگەر ببەستێ كە توانای گۆڕانكاری ڕیشەی هەیە 

بەكورتی ئۆپۆزیسیۆنی كوردیی لە ئاستێكدایە لەبری ئەوەی ڕۆڵی سیاسیی دژ بە دەسەڵات بگێڕێت، دەسەڵات ڕۆڵی پێدەگێڕێت و لە زۆر شوێن هەست بە جیاوازی ناكرێت لە نێوان ئەودووەدا ،  واتا لێرە ئەحزابی حوكمڕان لە بۆشای دەسەڵاتدا و بە چاوساغی نەیارانی كورد یاری بە ئۆپۆزیسیۆن و نوخبەی سیاسی دەرەوەی خۆیان دەكەن و وایان لێكردوون هیچ پڕۆژەیەكی سیاسیی كۆمەڵایەتیان پێنەماوەو ناتوانن بە ستراتیژێكی سیاسیی نوێوە دەركەون لەو هەڵومەرجەدا كە بۆشای دەسەڵاتی لێكەوتۆتەوە ، ئەمانە نەك گۆڕانكاریان پێناكرێ بگرە بوونەتە بەشێكی خراپ لە هیشتنەوەی دۆخەكە و قوڵتركردنەوەی تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكانی كوردستان و نەیانتوانیوە لەو بۆشایەدا بە دروشی گۆڕانكاریی لە مۆدێلی حوكمڕانیی و ئیدارەدانی كۆمەڵگا تێپەڕن و بەشێوازێكی تر ئیدارەی ململانێكان بدەن ، ئەمەش بۆخۆی گەورەترین مەترسیە لە سەر بەرفراوان بوونەوەی فەزای سیاسی ئەو بۆشایە و دواجار دەرچەكانی ڕزگاربوون و گۆڕانكاری بە ئاراستەی سەركەوتنی خواستی كۆمەڵگا تێكدەشكێت و شتێك نامێنێتەوە بەناوی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات و پرۆسەی گۆڕانكاری ڕیشەی كە زۆر هێزو ڕەوتی سیاسی بە ناوی جۆراوجۆر بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێ‌ دۆخێكی نوێ بەرهەمبێنێ 

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا