بێگومان ئەگەر یەکەی نیشتەجی بوون دابەش بکەین ئەوە گوندو شاروچکەو شارەدێ و شارمان هەن، هەر شوێنێک لەمانە (احداثیات المکان) یان هەیە لەسەر لاپەڕەی گەردوون، لێرەدا ئەگەر یەکەی نیشتەجێ بوون وەک شوناس و یادەوەریی وەرگرین، ئەوە هەر شوێنێکی نیشتەجێ بوون، سێ سیمبۆلی تیایە، سیمبۆلی ئاینی وەک مزگەوت، دووەم سیمبۆلی خیڵ، سی یەم سیمبۆلی سیاسی وەک ئیش کردنی پارتە سیاسیەکان لە شوێنی نیشتەجێ بوون وەک گوند و شاروچکەو شار.
دیارە یادەوەریی هەر شوێنێکی نیشتەجێ بوون تایبەتە، ئاسمانی ئاسۆی دیاریکراوە. بێگومان گوند یان دێ کویخای هەیە، دەسەڵاتی کویخا دەسەڵاتێکی بۆ ماوەیی یە، هەندێ جار دەسەڵاتێکی زاڵم و دیکتاتۆرانەیە.
یەکی لە دەستکەوتەکانی شوڕشی نوێ گەلەکەمان دانانی ئەنجومەن بوو لە گوندەکان، ئەنجومەن پێکهاتبوو لە چەندین کەس بە شێوەی دیمۆکراسی هەڵدەبێژران، لە کاتی شوڕش و پێشمەرگایەتی کاروباری خەڵک و شوڕشیان هەڵدەسوڕاند. ئیش کردنی پارتە سیاسیەکان وەک شیوعی و یەکیتی و پارتی وەک پارتی عەلمانی و سیکۆلار ئیش کردنە لەسەر یادەوەریی بەشێوەیەکی رێژەیی، بۆ نموونە یادەوەرییەکی دیاریکراو ڕادەکێشن، پەیتا پەیتا ئیشی لەسەر دەکەن، کایە دەکەن بە سیمبۆلی شوێن لە یادەوەریی کەسی دیاریکراو دا، گوند و شارەکانی کوردستان لە مێشکی دا تێکەڵ دەکەن، بەم شێوەیە خوشەویستی خاک و نیشتمان لە یادەوەریی کەسی دیاریکراودا دەچەسپێنن. لیرەدا دەوڵەت و حکومەت دوو کایەی بەرجەستەیان هەیە لە بواری پراکتیکی دا، یەکەم بەسەربازگرتنی لاوان و گەنجان، هەروا دووەم دابەشکردنی ناوەندیی یە لە بواری وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەم دوو کایە، مەبەست لێیان تێکەڵکردنی یادەوەرییەکانە، هەر شوێن و نیشتەجی بوونێک وێنەو کەسایەتی خۆی پێشکەش دەکات. لێرەدا کێشمەکێشە سایکۆلۆژیەکان دەست پێ ئەکا، کاتێ هەژارو دەوڵەمەند تێکەڵ دەکرێن، لە کاتێکدا تەرزی ژیانیان بە هۆی باری ئابورییەوە جیاوازە، ئەم لێک نەچوونە بەرکەوتن دروست ئەکا لەسەر مێشک و یادەوەریی خەڵکی هەژار لەرووی جل و بەرگ پوشین و خواردن و خواردنەوە. لێرەدا ئەگەر بشی بەشێوەیەکی میتافوری باسی قازانجی شەری براکوژی بکەین لە نێوان پارتی و یەکیتی، تێکەڵکردنی یادەوەریی شارو شاروچکەکانی کوردستان بوو، خەڵکی هەولیرو دهۆک سەر بە یەکیتی ڕایانکرد بۆ شاری سولەیمانی، هەروا خەڵکی کەلارو دەربەنیخان و چەمچەماڵ و سولەیمانی ڕایانکرد بۆ هەولیرو دهۆک، لەڕاستی دا کایەکانی دەسەڵات چەند هەنگاوێک پێش یادەوەریی خەڵک کەوتووە، جەماوەر دوای چەند ساڵێک لە قازانج و زیانەکانی ئەگا، ئازاری دەسەڵات لە دوایی دا نەشئەو خۆشی تیایە، ئەگەر لێ تێ بگەی. لێرەدا ئەگەر باسی پروسەی بەسەرباز گرتن بکەین، خەڵکی کەنارو پەراوێز لەگەڵ خەڵکی شارە گەورەکان و ناوەند تێکەڵ دەکا، یادەوەریی تاکەکان ئاوێتەی یەک ئەبن، سەرلەنوێ مێشکیان دادەڕێژڕێتەوە بە خوشەویستی خاک و نیشتمان.
ئاخۆ خوشەویستی خاک و نیشتمان و ئاڵا گرنگە ؟ بێگومان بەڵی، بەشێکن لە کەسایەتی نەتەوایەتی هەر گەل و نیشتمانێک. ئێمە ئەگەر نیشتمانی پتەومان هەبێ، دەبێ لە ئاکام دا کەسایەتی توکمەمان هەبێ، لە کەسایەتی توکمە دا دەبێ هەموو ڕایەڵەکانی ئینتما ئامادەبوونی هەبێ، ئێمە دەبێ لە ڕایەڵ و ئینتمای بچوکەوە هەنگاو هەڵهێنین بۆ ڕایەڵ و ئینتمای گەورە، لەڕاستی دا ڕایەڵ و ئینتماکان یەکتر تەواو دەکەن، ڕایەڵی خێزان و خێڵ و شارو شاروچکەو گوند تەواو کەری ڕایەڵی حزبی چینایەتی و نیشتمانی و نەتەوایەتی یە، ئێمە ئەگەر دەوڵەتی کوردستانیمان دەوێ لەسەر ئاستی چوار پارچەکە یان دەوڵەتی بچوک لەسەر ئاستی هەر بەشێک دا، دەبێ ڕایەڵی کەسایەتیەکان فەراهەم و ئامادەبێ، دەبێ بارگاوی بکرێن بە بیروباوەری نەتەوایەتی و چینایەتی، دەبێ خوشەویستی خاک و نەتەوە لەسەر هەموو خوشەویستی یەکانەوە بێ، ئەوەی گەل و نەتەوەی خۆی خۆش نەوێ ناپاکە بەمانای وشە، دوژمنی گەلە، ئەوەی رۆژی لە رۆژان دوژمنایەتی ئەم گەلەی کرد بێ، بێگومان دەبێ باجەکەی بدا، چ لە رووی جەستەییەوە یان لە رووی ماددییەوە، ڤیتنامیەکان لە کاتی سەرکەوتنی شوڕشەکەیان بەڕابەری هوشی مەنە ناپاکەکانیان فڕی دایە دەریاوە، بەڵام ئێمەی میللەتی کورد لە رووی مەعنەوی و سیاسی یەوە لە سێدارەیان دەدەین، تا وەکو نەوەێکیان مابێ پەڵەی ناپاکی بە ناوچاوانیانەوە دەبێ.
دەبێ خوشەویستی نێوان گوندو شاروچکەکانی کەنارو ناوەند وەک شارە گەورەکان تێکەڵ بکرێن لەسەر ئاستی پارچەیەکی دیاریکراودا یان لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەکە، لێرەدا شیعرەکەی کۆچکردوو جەلال مەلکشا بە نموونە دێنمەوە کاتێ دەڵێی> ئاخۆ دەبێ ئەو رۆژە بێ، کاوەی کوڕم، جانتای سەفەر کاتە شانی، دەڵاڵانی بەر کراج شاری سنە، هاوار بکەن> عەفرین، ئامەد، سولەیمانی. دەبێ ئێمە خوشەویستی تێکرای شارەکانی چوارپارچەکە لای مرۆڤ و کەسایەتی کورد خوشەویست وخوشەویستر بکەین. هەرچۆن لەسەر ئاستی ڕایەڵی تایبەتی و لۆکاڵی کوردستانی گەورە پەرە بە ڕایەڵی ئینتمای کەسایەتی بدەین، دەبێ لەسەر ئاستی نێو نەتەوەیی دا بە هەمان شێوە ئیش لەسەر یادەوەریی تاکی کوردی بکەین، دەبێ لە پاڵ کوردییەکی پاراو زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی خوشەویست بن لای یادەوەریی و کەسایەتی کورد، ئەوە ئەوان نیین دژایەتی میللەتی کورد دەکەن، لێرەدا دەبێ نەفرەت لەو هێزانە بکەین کە ئاراستەی یادەوەریی ئەوان بەو شێوە وێنا دەکەن. گەلان هیچ کاتێک دوژمنی یەکتر نیین بگرە گەلان یەکتریان خۆش دەوێ، ئێمە کە لە نەرویج دەژین، گەلی نەرویجمان سەراپا خۆش دەوێ، ئەوانیش بە هەمان شێوە ئێمەیان خۆش دەوێ، ئێمەی کورد ڕەوەندی گەلی پاکستانی و سوماڵی وعەرەب و فارس و تورک مان خۆش دەوێ، ئێمە هیچ کاتێک ئەوان بە تەگەرەو کوسپ نازانیین لە رێگای سەرکەوتنی کێشەی کورد و میللەتی ئێمە.
ئێمە کاتێ هاتین بۆ کیشوەری ئەوروپا وەک ئەمانەت بەسەر دەستی تورک و یونانی و ئەڵمانی و فەرەنسی تێپەڕبووین، ئێمە هیچ کاتێک خۆمان بە جیا نازانین لە میللەتانی دیکەی گەردوون بە مردووو زیندووەوە، گیانی شەهیدانی ئێمە بەشێکن لە شەهیدانی جیهان بەدرێژایی مێژوو، ئێمە بۆ ئەوانین، ئەوانیش بۆ ئێمەن بەشێوەیەکی ڕێژەیی. لێرەدا ئەگەر لە قووڵایی یادەوەریی قووڵ بینەوە، ئەوە دژایەتی کۆن لە نێوان خیڵەکانی کوردستان ئامادەبوونی هەیە، بەهۆی بەرەی شوڕش و بەرەی دژە شوڕش یان شوڕشی چەواشە، دەبێ گیانی لێبوردەیی جێگای گیانی توڵە بگرێتەوە، دەبێ پروسەی هاوسەرگیری لە نێوان خیڵە جیاوازەکان بوونی هەبێ چ لەسەر ئاستی پارچەیەکی کوردستان یان لەسەر ئاستی چوار پارچەکە دا، دەبێ میللەتی کوردستان وەک یەک خێزانی لێبێ بە ئاراستەی جیاوازەوە، دەبێ کەسایەتی و یادەوەریی میللەتی کورد نموونەیی بێ لەسەر ئاستی دراوسێ یەکان یان لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی، ئێمە وەک میللەتی کورد هیچ کاتێ گیانی توڵەمان زاڵ نییە بەسەر گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.
ئێمە پانتاییمان ڕەخساندووە بۆ غەوارەو پەڕوپاگەندەکانی جیهان، ئەمرۆ لە کوردستان بەنگلادیشی و ئەمریکی وتایلەندی بوونی هەیە، لە کوردستانی بریندار کراو ئەمرۆ ڕێز لە تێکرای شوناسە بیانیەکان دەگیری، ئێمە گەلێکی ئینسان دوستین، خاوەن قوربانی بێ شومارو خەباتین، ئەم گەنجینە بە پیتە خراوەتە خزمەتی گەلانی دیکەوە.
لە کوتایی ئەم باسەدا دەڵێم دەبێ سیمبۆلی شوێن و شارچیتی کەم بکرێتەوە، دایکی و باوکی مەعنەوی ئێمە کوردستانن کە لە پێناوی دا گیانمان بەخشێوەو گیان دەبەخشین، ئێمە هەموو گوند و شارێکی کوردستانی گەورە بە هی خۆمان دەزانین، ئێمە سۆزمان بۆ کرمانج و خەڵکی رۆژئاوا و رۆژهەڵات وەکو یەک هەیە بە کردەوەش سەڵماندوومانە.
کەسایەتی کورد دەبێ وەک بوتڵێکی شەراب بێ لە هەموو مێوەو ڕەنگەکان دروست کرا بێ کە خواردتەوە، نەشئەی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری لات بە هێزو بەهێزتر بکا !
نووسینی / هاوڕی نەهرۆ – ئۆسلۆ
٢ / ١ / ٢٠٢٥