نووسینی: ئومێد محەمەد ساڵح
ئێوارەی رۆژی ٦/١/٢٠٢٥ لە کتێبخانەی گشتی کۆیە مەراسیمێک بۆ ناساندنی کۆبەرهەمە شیعریەکانی تەمەنی (دکتۆر ئەکرەم خامۆش) رێکخراو منیش بانگهێشت کرابووم، بۆ شەوەکەی (کاک رابەری سەید برایم) میوانی کردین، لەکاتی قسەو باسدا منیش باسی یادگارییەکم لەگەڵ عبداللە دڵسۆز گێڕایەوە، دکتۆر ئازاد احمد محمود پێیگوتم یادگارییەکی جوانە لە یادەوەرییەکانی خۆت بینووسەوە با بزر نەبێت منیش بەڵێنم پێیدا بەڵام پێشی یادەوەریەکانم وا لێرەدا بڵاوی دەکەمەوە.
لە ساڵی ١٩٩٣ بوومە بەڕێوەبەری رادیۆی رێگای کوردستانی حیزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر ئەدیب و نووسەرو هونەرمەندێکی زۆر سەردانیان دەکردین و خزمەتێکی زۆری بەرهەمەکانیانمان دەکرد، منیش پرسیاری هونەرمەند عبداللە دڵسۆزم کرد تا توانیم ئەدرێسەکەی بدۆزمەوە و چوومە سەردانی ماڵەکەی لە گەڕەکی ئیسکان، کە چووم چیمدیت? ماڵێکی سادەو ساکار و ساردو سڕ بێجامەیەکی موقەللەمی قرێژی لەبەردابوو، منیش پرسیارم لێیکرد من دەناسێت? لەوەڵامدا گوتی نەخێر(من مەبەستم بوو ئایا دەمناسێت یان نا چونکە لە هەشتایەکان شەوێک تازە سروودی سبعە نیسانەی گوتبو لە یانەی مامۆستایان زۆر بێزارم کرد) گوتم مامۆستا وەرە بارەگای رادیۆی ڕێگا با چاوپێکەوتنەکت لەگەڵ بکەین، گوتی ئینجا سودی چیە وا خەڵک لەبرسان دەمرێت حاڵی من دەبینی بەبێ ئاگر بەو زستانە شەو دەگوزەرێنم لە وەڵامدا وتم بەڵام تۆ هونەرمەندێکی ڕەسەنی کوردی و بەتایبەتی هەولێر گوتی منیش شانازی پێوە دەکەم ئیتر قەناعەتی هات و لەسەر کاتێک رێککەوتین و هاتە رادیۆو چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ئەنجامدا هەروەها لە پێشینەی رادیۆ سەد دینارم پێیدا شەویش لەیانەی راگەیاندن میوانم کردو زۆر کەیفخۆش بوو.
رۆژێک تەلەفۆنم بۆ کۆچکردوو(فلک الدین کاکەیی) کرد کە ئەوسا وەزیری رۆشنبیری بوو دەردەدڵ و حاڵی دڵسۆزم تێگەیاندو پێشنیارم بۆی کرد چاوی پێبکەوێت و ئەگەریش بکرێت یارمەتی دارایی بدات ئەویش بە خۆشحاڵیەوە پێشنیارەکەی قەبوڵکردو کاتی بۆ دیارکرد، ئەوەبو دڵسۆز لەکاتی دیاریکراودا چووە لای فلک الدین، دوای چاوپێکەوتنەکە یەکسەر بە رووێکی گەش لە بارەگای رادیۆ هاتە لام یەکسەر گوتی تۆ ئەوشۆ میوانی منی، منیش بە زەردەخەنەیەکەوە گوتم باسی چاوپێکەوتنەکەم بۆ بکە، گوتی مامۆستا فەلەک زۆر ڕێزی گرتم و بە پێنج سەد دیناریش هاوکاری کردم و گوتیشی مانگانە وەرە لە ژمێریاری وەزارەت پێنج سەد دینارم بۆت بریتەوە وەربگرە، هەروەها فەرمانی دا ئامێرێکی(عود) م بۆ بکڕن و لە مەراسیمێک پێشکەشم دەکات. هەرواشبو دواتر بەفەرمی لە پێش چاوی کامیرا ئامێری عودەکەی پێشکەشی عبداللە دلسۆز کرد.
بەڵام نازانم هاوکارییەکە ماوەی چەند وەریگرت.
یادی هەردوو کۆچکردوو بەخێر