نووسین و ئامادەكردنی : هاوڕێ پێشڕەو
ڕۆژانی (٥ ٫ ٦ ٫ ۷ /۱۰ / ١٩٩١ ) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی ڕۆژانێكی ئاسایی نەبوون. ڕۆژانی وەرچەرخانی سەركەوتنی ئیرادەی پۆڵایینی هێزی پێشمەرگە و جەماوەری سەربەرزی گەرمیان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان بوو بەسەر سوپا دڕندە و چنگ بەخوێنەكەی ڕژێمی بەعسدا .
ئەم داستانە پڕلەسەروەرییە گورزێكی گەورە و كەمەرشكێن بوو لەو سوپا داگیركەرەی كە تاوانی ئەنفال و كیمیاباران و كۆڕەوە یەك ملیۆنییەكەی بەسەر گەلەكەماندا هێنا. هێزی پێشمەرگە و جەماوەری بریندار و ڕقئەستووری گەرمیان لەدەرفەتێك دەگەڕان تۆڵەی تاوانی ئەنفال و كۆڕەو و بەتاڵانبردنی موڵك و ماڵی هاووڵاتییان لەو سوپا دڕندەیەی ڕژێمی ڕوخاوی بەعس بكەنەوە.
زۆرێك لەهاوڕێكانم لە بەتالیۆنەكانی (٤ ٫ ٥ ٫ ٦)ی حزبمان دواتریش بەشێك لە هاوڕێیانی بەتالیۆنەكانی (٧ ی هەورامان ، ١٥ ی قەرەداغ ، ٩ ی سلێمانی) شانبەشانی لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەكانمان لەگەرمیان، شەرەفی بەشداریكردنی ئەم داستانە مەزنەیان پێبەخشرا. جگە لە ناوهێنانی هەندێك لە فەرماندەكان نەبێت، بەداوای لێبوردنەوە ناوی پێشمەرگە بەشداربووەكان ناهێنم لەبەرئەوەی ناكرێت لەبابەتێكی ئاوهادا ناوی هەموو ئەو قارەمانانە بهێنیت كە خوێنی خۆیان كردبووە كاسە بۆ بەرگری لە نیشتمان. هەندێك لە فەرماندە بەشداربووەكانی داستانەكە بریتیبوون لە هاوڕێیان (ئەبوكاروان، بەكری مام عەباس، مەلا ئیدریس، ئیسماعیل ئاوباریكی، هێرش، بەندە، نەهرۆ ). فەرماندەكانی یەكێتی بەڕێزان (عوسمانی حاجی محمود، احمد حاجی ڕەشید، مەلا سەعید، مەلاكەریم بورهان لەكی، جەلیل كۆكزی، نازم وەستا شەریف، علی سوور حەمە پاریاولڵەیی).
هەرچەندە بەرەی كوردستانی ئەوكات لە وتوێژدابوون لەگەڵ ڕژێمی بەعس تەنها حزبی شیوعی عێراق ئامادەنەبوو بچێتە وتوێژەوە، بەڵام بەعسییەكان وەك پیشەی هەمیشەییان دەیانویست لەڕێگای وتوێژ و دانوستانەكانەوە سەركردایەتیی كورد غافڵگیر بكەن و لەڕێگای سوپا داگیركەرەكەیەوە لەپلاندابوو بۆ گرتنەوەی سەرجەم شار و شارۆچكە ئازادكراوەكان.
ڕۆژی دەستپێكردنی داستانەكە
بەرەبەیانی ٥ / ١٠ / ١٩٩١ ڕژێمی بەعس بازگەی كارێزی بەسەر هاووڵاتییاندا داخست و قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند و هێزێكی بێشوماری پڕچەكی لەدەوروبەری شاری كفری مۆڵدا.
بەرەی كوردستانی ئەوكات كەوتنە خۆو هێزە ناوخۆییەكانی شاری كفریان دابەشی پێنج بەرەكرد:
بەرەی یەكەم : قاتعەكە درایە برادەرانی یەكێتی.
بەرەی دووەم : بەشە ناوخۆیی درایە برادەرانی پارتی گەل و پاسۆك.
بەرەی سێیەم : زنجیرە چیای باوە شاسوار درایە برادەرانی پارتی.
بەرەی چوارەم : بەرزاییەكانی حەوت مغارە درایە برادەرانی سۆشیالیست.
بەرەی پێنجەم : گەڕەكی ئیشتراكی و ئیمام محمەد درایە هێزەكانی بەتالیۆنی شەشی حزب بە سەرپەرشتی هاوڕێیان (ئەبوكاروان ، مەلا ئیدریس ، بەكری مام عەباس) .
هێزەكەی دوژمن بریتیبوو لە چەندین لیوا و فەوج و هێزی پیادە و چەندین یەكەی تانك و زرێپۆش، كە مەزەندەدەكرێت پتر لە (٦٠) تانك و زرێپۆش بەشداری شەڕەكەیان كردبێت بە پاڵپشتی دەیان یەكەی تۆپی جۆراوجۆری دوورهاوێژ و ڕاجیمە.
سوپا بەدوو ئاراستە كاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەی دا، ئاراستەی یەكەم بۆ بەرزاییەكانی باوەشاسوار، ئاراستەی دووەم بۆ بەرزاییەكانی حەوت مخارە. لەگەڵ دەستپێكردنی پەلامارەكاندا بەچڕی تۆپبارانی ناو شار و دەوروبەری دەستپێكرد. شەڕ تا درەنگانێكی شەوی خایاند، هێزی پێشمەرگە لەناوشارەوە بەرگرییەكی قارەمانانە و كەموێنەیان كرد بەجۆرێك دوژمن نەیتوانی بستێك بێتەپێش، جگە لە بەرزاییەكانی باوەشاسوار نەبێت هەندێك پێشڕەوییان كرد. ئێمە هێزێك لە بەتالیۆنی چوار و بەتالیۆنی شەشی حزب بەسەرپەرشتی شەهید هێرش و بەندە بۆ پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە لە كەلار و ڕزگارییەوە خۆمان گەیاندە پشتی بەرزاییەكانی باوە شاسوار. لەڕێگەدا لەناو قاتەكانی كفری سەیارەیەكی حزب بەرەوڕوومان هات هەردوو هاوڕێ موكەڕەم ڕەشید سەیدە و هاوڕێ حەیدەر دەروێش برایم ناسراو بە هێمن بریندار بوون بۆ كەلار دەگوێزرانەوە. بەگەیشتنمان بە سنووری شەڕەكەـ، لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگەی برادەرانی یەكێتی و پارتی گەل هێرشمان بردە سەر ئەو هێزەی كە لەبەرزاییەكانی باوە شاسوارەوە پێشڕەویان كردبوو. بەهۆی چڕی بۆردومانی پشتی بەرزاییەكانی باوەشاسوار كە ڕژێم مەبەستی بوو هێڵی ئاگرین دروستبكات لەنێوان سوپاكەی خۆی و هێزی پێشمەرگەدا و لەهەمان كاتدا ڕێگای هاوكاری ببڕێت بۆ ناو شاری كفری، ئاستەنگمان زۆر بۆ دروستبوو تا خۆمان گەیاندە بناری بەرزاییەكان. لەكاتی چوونە پێشەوە برادەرێكی پارتی گەل بەتەنیشتمەوە بریندار بوو پێموابێت پاشگری (ئاوەختی بەناوەكەیەوە بوو)، دوای هەڵمەتبردنمان بۆ پاككردنەوەی زنجیرە بەرزاییەكانی باوەشاسوار لەماوەیەكی كەمدا بەرزاییەكانمان پاككردەوە و سەربازێكمان بەدیلی گرت و دوژمن ناچار بەپاشەكشە كرا. دوای دڵنیابوونەوەمان لەپاككردنەوەی بەرزاییەكانی باوەشاسوار گەڕاینەوە بۆ ناو شاری كفری. پێش ئەوەی بگەینە مزگەوتی باوە شاسوار بەسەر تەرمی شەهید ئاتیلادا تێپەڕین، تەرمەكەیمان لەگەڵ خۆمان بردە مزگەوتەكە و دواتر برادەرانی یەكێتیمان ئاگاداركردەوە هاتن تەرمەگەیان لێمان وەرگرت. لەهەموو بەرەكانەوە دوژمن تووشی شكستی گەورە هات و بۆ شوێنەكانی پێشووی پاشەكشەی كردبوو.
هاوڕێ ئەبوكاروان وەك بەرپرسی یەكەمی حزب لەگەرمیان لەگەڵ لایەنەكانی تر ڕێككەوتبوون خەڵك و هێزی پێشمەرگە شارەكە چۆڵبكەن نەوەك سبەی لەكۆنترۆڵ دەربچێت و خەڵكێكی زۆر ببنە قوربانی. كاتژمێر دووی شەو هێزەكەمان كشایەوە سەرقەڵا و ڕزگاری، بەڵام نەخشەی ڕۆژی دووەم واتا ٦ / ١٠ دانرا كە لە ملەی ناساڵحەوە هەتاوەكو ناحیەی سەرقەڵا لەهەموو ڕەبیە كۆنەكانی دوژمن كە دەكەوێتە سەر جادەی كفری سەرقەڵا هێزی پێشمەرگە بۆسە بۆ هێزەكەی دوژمن دابنێت لەكاتی پێشڕەویكردندا لێی بدرێتەوە. ڕۆژی دووەم تەنها هێزی ئێمە و برادەرانی یەكێتی مایەوە بۆ بەرگریكردن، هێزێكی برادەرانی یەكێتی بەفەرماندەیی كاك حەمە پاریاوڵەیی لە ملەی ناساڵحەوە بۆ نزیك برایم خان بۆسە دادەنێنەوە، لەبرایم خانەوە بۆ ناحیەی سەرقەڵا هێزێكی حزب بە فەرماندەیی شەهید هێرش لە بۆسەدادەبن. ڕژێم دوای تۆپبارانێكی چڕی ناوچەكە هەر بە شەقامە سەرەكییەكەی كفری سەرقەڵادا جووڵە بەهێزەكەی داكات و قۆناغ بەقۆناغ دێتە پێش تا دەگاتە نزیك هێزەكەی حزب بەرگرییەكی ئەوتۆی لێناكرێت، بۆیە هێزەكەی حزب لێیان دێتەدەست و دوای شەڕێكی قارەمانانە تا عەسرێكی درەنگ، هێزەكەی دوژمن ناچار بەوەستان و پاشەكشە دەكەن. شەهید دلێر وەلی لەو شەڕەدا شەهید بوو، شەوی كشانەوە لە شاری كفری هێزەكەی ئێمە بۆ پشوودان گەڕاینەوە بارەگای بەتالیۆنی چوار لە ڕزگاری. دوانیوەڕۆی ٦ / ١٠ هێزێكی گەورە بەفەرماندەیی هاوڕێ ئیسماعیل ئاوباریكی خۆمان گەیاندە ناحیەی سەرقەڵا، دوژمن پەلامارێكی زۆرچڕی دەستپێكرد بۆ سەر ناحیەی سەرقەڵا بەچڕی بۆردوومان دەستیپێكرد.
هێزی پێشمەرگە لەسێ قۆڵەوە هەڵمەتی پێچەوانەی بۆسەر دوژمن دەستپێكردەوە.
لەچەمی سەرقەڵا بۆ برایم خان هێزێكی هاوبەشی حزب و برادەرانی یەكێتی لێیان هاتنەدەست، لەناو سەرقەڵاوە ڕووبەڕوو هێزەكەی ئێمە بە هاوبەش لەگەڵ برادەرانی یەكێتی لەدوژمن هاتینەدەست، هێزێكی تری برادەرانی یەكێتی لە ئاوایی سەی جەژنیەوە لە دوژمن هاتنەدەست، لەماوەیەكی كورتدا گورزێكی كەمەرشكێن لە هێزەكەی دوژمن درا، سوپا بەزیوەكەی دوژمن بەجۆرێك تێكشكا پتر لە (٤٥) تانك و زرێپۆشی لە گۆڕەپانی شەڕەكە بەجێهێشت، بەشێك لە تانك و زرێپۆشەكان فریای كوژاندنەوەیان نەكەوتبوون هەر لە كاردابوون.
بۆئەوەی لەڕێگای تەنسیقی بەرەی كوردستانییەوە تانك و زرێپۆشە گیراوەكان نەدرێنەوە ڕژێم، هێزی پێشمەرگە بە بەتانی سەربازەكان و جلیكانە گازی تانكەكان كە هەموو تانكەكان چەندین جلیكانە گازی یەدەكیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، بەتانییەكان دەخرانە ناو تانك و زرێپۆشەكان و گازەكە دەكرایە سەریان و ئاگریان لێبەردەدرا و دوای ماوەیەك گڕگرتن گوللەتۆپەكان لەناویا دەتەقینەوە و بورجەكەی هەڵدەدا و لە تانك و زرێپۆشەكانی دەكردەوە و هەرچی گوللەتۆپ و فیشەكی دۆشكا و بەگەتە و بیكەیسی هەبوو لەناوخۆیاندا دەتەقینەوە و تانك و زرێپۆشەكانیان دەكردە قەقنەس.
دوابەدوای ئەو شكستە گەورەیە، دوژمن دەستی بە تۆببارانێكی چڕی گۆڕەپانی شەڕەكە كرد بەتۆپی دوورهاوێژ و نەمساوی و ڕاجیمە، بۆ ئەوەی بەر بە هێرشی پێشمەرگە بگرێت بۆ گرتنەوەی شاری كفری دەستیكرد بە هەڵدانی تەنویرێكی زۆر بۆ سەر ئاسمانی شەڕەكە. هێزی پێشمەرگە بۆ ماوەیەكی كورت لەبەر چڕی تۆپبارانەكە پاشەكشەی كردەوە بۆ ناحیەی سەرقەڵا، لەكاتی پاشەكشەكردنەكەدا هاتینە ژێر پردەكەی سەرقەڵا، كاك جەبار مەلاعەلی برینداربوو هێنابوویانە ژێر پردەكە لەگەڵ شەهید فەتاح مەجید نەقالەیەكمان پێبوو لەگەڵ ئەو برادەرانەی لەگەڵیابوون خستمانە سەر نەقالەكە و پێكەوە هەڵمانگرت و بردمانەوە سەرقەڵا. هەر ئەو شەوە بۆردومانەكە كۆتاییپێهات و گەڕاینەوە گۆڕەپانی شەڕەكە و بەشێك لە دەسكەوتەكانمان چنییەوە. كاتژمێر دووی شەو گەڕاینەوە بارەگای بەتالیۆنی چوار بۆ پشوودان. ڕۆژی سێیەمی شەڕەكە ٧ / ١٠ / ١٩٩١ دوژمن جارێكی تر پەلاماری ناحیەی سەرقەڵای دایەوە بۆ بردنەوەی تانك و زرێپۆشە شكاوەكانی، جارێكی تر لەڕزگارییەوە هێزێكی تۆكمە خۆمان گەیاندە شارۆچكەی سەرقەڵا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە پەلاماردەرەكەی دوژمن. دوای بۆردومانێكی چڕی سەرقەڵا، دوژمن دەستی بەپەلاماردان كرد هێزی پێشمەرگە لێی هاتینەدەست و هێرشبرایە سەر دوژمن و ناچار بەپاشەكشە كرا. بەداخەوە لەكاتی هەڵمەتبردن بۆ سەر سوپا بەزیوەكەی دوژمن لەئەنجامی چڕی بۆردومانكردنی گۆڕەپانی شەڕەكە، شەهید فەتاحی خاڵۆزام دەپێكرێت و دوای ئەوەی دەیگەینینەوە ناو سەرقەڵا، گیان لەدەستدەدا و دەگاتە كاروانی نەمران. لە چەمی سەرقەڵاوە بەرەو برایم خان هێزەكەی لای هاوڕێ ئەبوكاروان هەڵمەت دەبەنە سەر دوژمن و ٧ سەرباز بەدیلی دەگرن و دوژمن ناچار بەپاشەكشە دەكەن. دوژمن تاكو دوانیوەڕۆ چەند جارێكی تر پەلامار دەهێنێتەوە بۆ سەر شارۆچكەی سەرقەڵا، بەڵام بەتوندی بەرپەرچدەدرێتەوە و ناچاردەبێت لەڕێگای تەنسیقەوە داوای ڕاگرتنی شەڕەكە دەكات بۆ بردنەوەی كەلاكی تانك و زرێپۆشە شكاوەكانی. لەو كاتەدا لە ئەنجامی بۆردومانێكی چڕی دوژمن بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، هاوڕێ ناسیح محمد پارچەی تۆپ بەری دەكەوێت و بەسەختی بریندار دەبێت دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید دەبێت و هەر لەو تۆپبارانەدا هاوڕێ ئیسماعیل ئاوباریكی و شێركۆ ڕەشید سەیدە بریندار دەبن. دوای نیوەڕۆ لێژنەی تەنسیق هاتنە سەرقەڵا ئەفسەرێك بە پلەی عەمید لەگەڵیان بوو ئەم ڕستەیەی دووبارە دەكردەوە (بەشداریم لەزۆربەی شەڕی عێراق ئێراندا كردووە بە شەڕی موعەمەرەیشەوە شكستی وام بەخۆمەوە نەبینیوە زۆر سەرسامم بەو باوەڕە پتەوەی هێزی پێشمەرگە). هەر ئەو ڕۆژە بەبیستنی تێكشكاندنی ئەو هەموو تان كو زرێپۆشە، دوای تەنسیقكردنەكە خەڵك بەلێشاو دەهاتن بۆ سەیری دیمەنی بردنەوەی دەبابە سووتاوەكان. لەكاتی كشانەوەی كەلاكی تانك و زرێپۆشە شكاوەكانی سوپا بەناو شاری كفریدا خەڵكی شاری كفری لەسەر شۆستەی شەقامەكان ڕاوەستابوون و بەردبارانی سوپا بەزیوەكەی دوژمنیان دەكرد.
ئەم داستانە مەزنە بە خوێنی (13) ڕۆڵەی قارەمانی هێزی پێشمەرگە تۆماركرا.
ناوەی شەهیدەكان
١ - حوسێن محەمەد سەمكە : یەكێتی نیشتمانی
٢ - زۆراب ئۆمەربلی : یەكێتی نیشتمانی
٣ - دكتۆر ئاتیلا : یەكێتی نیشتمانی
٤ - سەردار حەمە غەریب: یەكێتی نیشتمانی
٥ - كاوە سەمین : یەكێتی نیشتمانی
٦ - ئیبراهیم عباس : یەكێتی نیشتمانی
٧ - عەدنان جمعە : یەكێتی نیشتمانی
٨ - ئاسۆ: یەكێتی نیشتمانی
٩ - فەتاح مەجید : بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
١٠ - دلێر وەلی : بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
١١ - بورهان محمد فارس: بەتالیۆنی شەشی حزبی شیوعی
١٢ - ناسح محەمەد : بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
٣١ - شوكر نەجم: سۆشیالیست
بەشێك لە پێشمەرگە بریندارەكانی داستانی كفری سەرقەڵا:
١ - حەیدەر محمد ابراهیم ناسراو بە هێمن: بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
٢ - موكەڕەم ڕەشید سەیدە: بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
٣ - ئیسماعیل ئاوباریكی : فەرماندەی بەتالیۆنی چواری حزبی شیوعی
٤ - شێركۆ ڕەشید سەیدە : بەتالیۆنی ی چواری حزبی شیوعی
٥ - جەبار مەلا عەلی : یەكێتی نیشتمانی
٦ - جەلیل كۆكزی : یەكێتی نیشتمانی
٧ - عوسمان تلیشانی: یەكێتی نیشتمانی
٨ - هاشم خروەلی: یەكێتی یەكێتی نیشتمانی
زیانەكانی دوژمن:
- تێكشكاندنی (٤٥) تانك و زرێپۆش .
ـ دوو زریپۆش وەك نمونەی دەسكەوت هێنرا بۆ ناحیەی ڕزگاری .
ـ كۆمەڵێك سەرباز بەدیلی كەوتنە دەستی هێزی پێشمەرگە
كومەڵێك چەكو تەقەمەنی دەسكەوتی هێزی پێشمەرگەبوو.
لە وانەكانی داستانەمەزنەكەی كفری سەرقەڵادا:
پیشمەرگە وانەی یەكڕیزی هێزی پێشمەرگە و گەلی بە دوژمن دادایەوە و ئەو سەركەوتنە مەزنەی تۆماركرد.
ئەم سەركەوتنە مەزنە بووە هۆی ئەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەكانی ڕژێم لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەدەرنرێن، بەعسییەكان هەر زوو لەم وانەیە گەیشتن بۆیە پلانی دووەمی خۆیان ئەنجامدا، ئەویش كشانەوەی هەموو دامودەزگاكانی میری بوو لەهەرسێ پارێزگای (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) بەمەبەستی دروستكردنی بۆشایی ئیداری لەكوردستان.
داستانی كفری سەرقەڵا زەمینەیەكی لەباری ڕەخساند بۆ بەرەی كوردستانی زیاتر بەخۆكەوێت و ئەو بۆشاییە ئیدارییە پڕكاتەوە كە ڕژێمی بەعس دروستیكردبوو.
یەكەم پەرلەمانی كوردستان لە ١٩ / ٥ / ١٩٩٢ و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردسنانی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بەرهەمی ئەو داستانە مەزنە بوو.
لەكۆتاییدا سەری ڕێز و وەفا دادەنەوێنم لەئاست گەورەیی شەهیدانی داستانە پڕ سەروەرییەكەی كفری سەرقەڵا.
ڕێز و سڵاوی بێپایانم بۆ هەموو بەشداربووانی داستانەكە ئەوانەی لە ژیاندا ماون.