سامی المالح
 
کە چالاکەوانی ناودارو ئازا و بوێر یەنار محمد لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ تیرۆرکرا، لە نووسینێکدا بۆ ڕسواکردنی تیرۆرستان و ئەو بیرو فیکرەی لە پشتیانەوەیە، من ئەوم دووپاتکردەوە: ئەمە یەکەم تیرۆر نیەو دوا تیرۆریش نابێ.
ناوچەکە بەگشتی و عیراق بە تایبەتی، لە ناو گێژەنی ئیسلامی سیاسیدا گیری خواردوە. وڵات لە دەریایێکی بێ بنی گەندەڵی و دزی و داڕوخانی بەهاکان و وێرانکردنی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری بنەرەتیدا دەژی، چونکە هێزە ئیسلامیە تایفەگەرییەکان و هاوپەیمانانیان لە هێزە ناسیۆنالستیەکانی عەرەب و کورد، دەوڵەت و دامودەزگاکانیان کردۆتە مۆڵگەی دابەشکردن و تاڵانکردنی سامان و سەروەتی گشتی و، خۆیان بە بوونی چەک و میلیشیا و پارەوەی دزراو، خستۆتە سەرووی دەوڵەت و یاسا و، بنیاتنانی ژێرخان و خزمەتکردنی گەل و ئاوەدانی و ئاسودەیی خەلک وپێکەوەژیانیان لە لا گرنگ نیەو، تەنانەت لێشی دەترسێن و ڕێگری لێدەکەن.
نزیکەی سی ساڵە، ژینگەیێکی بۆگەن دروستدەکرێ بۆ خنکاندنی بیرکردنەوە و بڕاو بە مەعریفە و زانست و ئایندە. ئەو هێزانەی حوکمڕانن، دەخوازن فکری سەدەکانی ناوەڕاست وجەهل و نەخوێندەواری وموڕالی نزم تەشەنە بکات و، کۆمەڵگا ببێتە مێگەلێکی گوێڕایەل و بێتوانا و بێ ڕێکخستن و بێهێز. بۆ ئەوەش دەسەڵات دامەزراوە ئایینی و شێخ و سەیدو مەلاکان بەکار دێنێ و بەشداریشیان دەکات لە گەندەڵی و دزین و چەواشەکاری و هەلخەڵەتاندن و پەکخستنی هەموو جۆرە بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن و داهێنان و نوێخوازی.
ینار محمدیی شەهید و بەهار علی، ئەو ئافرەتە بوێرو ئازایانە تەنیا نیین. تەنیا نین بە دوو جۆر:
یەکەم – هەموو ئافرەتە چاڵاکەکان، بە شێوەیێک لە شێوەکان، دەکەونە بە هێرش و گرتن و ڕاونان و دادگایی کردن. ئافرەتانیش لێرەدا، لە قوربانیدان و بەخشیندا تەنها نین، چونکە پیاوانیش لە هەمان سەنگەردا، قوبانیێکی زۆریان بەخشیوەو دەبەخشن. سەدان گەنجی ئەکادیمی و میدیا کار و هونەر مەند و نووسەر و چالاکەوانی مەدنی، شان بە شانی ئافرەتان قوربانی دەبەخشن و، دەیسەڵمێنن کە ئازادی ئافرەت بنەمای هەموو ئازادیێکە و بەردی بناغەی پێشکەوتن و بنیاتنان و ئاوەدانی و ئاسوودەیی و ئاسایش و ئایندەیێکی گەشە.
دووەم - ئافرەتان، وەک یەنار و بەهارو سەدان و هەزارانی دیکە، لە بەردەوامی خەباتدا تەنیا نین و کۆمەڵێک دام و دەسگا و ڕێکخستن و سەنتەری چالاکی و میدیا و میدیاکاران و نووسەر و ڕۆشنبیری پیاویان لەگەڵدایە. ڕەنگە هێزو تواناکانی هەم ئافرەتان و هەم پیاوان تا ڕادەیێک پەتەوازەیە و، لە ئاستی هێرشەکاندا یەکیان نەگرتبێ و پێکەوە یەکدەست و یەک ئامانج چالاکیان نە نواندبێ، لێ هێشتا دەرفەتێکی زۆر لە پێشدایەو، ئاڵنگاری زیاتریش ماوە و، ئەستەمە کۆمەڵگا تا هەتایە بێ هەڵوێست و بێ قسەو بێ کردار و لە چاوەڕوانیدا بمێنێت.
دیارە، ئافرەتانی هوشیارو ئازاو بوێر، مەترسیێکی گەورەن لەسەر سەلەفیەت و فیکری کۆنەپەرستی و بەکارهێنانی ئاین و توندڕەوی ئاینی و نەتەوییدا، هەر بۆیە پیاوانی ئایینی خزمەتکاری دەسەڵات، زیاتر و زیاتر هێڕشیان دەکەنە سەر و، پێیان بکرێ تیرۆریان دەکەن و کۆمەلگا هەمووی دەخەنە نێو زیندانی بیرکردنە و ڕوانینیان و ئارەزووەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان و بەهاکانیان و ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی ڕەهایان.
لە عیراقدا بە هەرێمی کودستانیشەوە و لە دەورو بەریشدا، تەوژمی ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە هەڵکشاندایە. بە داخەوە ئەو تەوژمە سوودێکی زۆ لە بێهێزی دەوڵەت و ژینگەی گەندەڵی و تووندڕەوی و تایفەگەری ودەسەڵاتی چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و پەرتەوازەیی هێزە مەدەنیەکان دەبینێ. داڕمانی پەروەردە و فێرکردن و سیستەمی تەندروستی و ژێرخانی وڵات و بێکاری و بێ هیوایی هاوڵاتیان پەکخستوە و کردۆتە پاشگەرێکی بێئیرادە و بێ توانا و بێ ئامانج. ئەمانە هەمووی ئەرکی مەدەنیەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەکان ئالؤز و قورستر دەکات.  
ئایندەی هەر وڵاتێک، هەر نەتەویێک و گەلێک، بەند بە ئازادی و مافی بیرکردنەوە و ، ڕادەڕبڕین و ڕەخنەگرتن و هەستکردن بە لێپرسینەوە. لە پێش هەمووشیانەوە ئازادی ئافرەتانە، بۆ ڕزگار کردنیان لە کۆیلایەتی و پاشکۆیی و، بۆ ئەوی دەست لەناو دەست بە یەکسانی لە گەڵ پیاواندا، ببنە بەشێکی چالاک و هێزێکی کۆمەڵایەتی و نموونەی ئەرێنی بۆ پەروەردەکردنی نەوەکان و بەخشینی هیوا و خۆشەویستی و ئارامی وئاشتی و ئاسایش.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا