'
جارێكی تر له ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ڕۆژئاڤای كوردستانه‌وه، تووشی ئه‌و دۆخه‌ی لای سه‌ره‌وه بووینه‌وه؛ ئه‌وه‌ی یان هه‌موو یان هیچ. واته خه‌ڵكی ئێمه به‌جۆرێك ڕاهاتووه كه شته‌كان به‌سه‌ر دووانه‌ی هه‌موو و هیچدا دابه‌ش بكات. یان هه‌موو دهسكهوتهكانم ده‌وێت به‌سه‌ریه‌كه‌وه، یان هیچم ناوێت و خۆی هیچه. به‌ڵام ئاشكرایه له‌نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا، پرۆسه‌یه‌كی به‌رزونزم هه‌یه. نه "هه‌موو"، به‌و موعجیزه بێنێوانگره به‌ده‌ستدێت و نه "هیچ"یش هێنده كه‌م و ناچالاكه. ڕیشه‌ی ئه‌م باسه، ده‌چێته‌وه سه‌ر زۆر گفتوگۆی فیكری كه به‌شی خۆیان ئاڵۆزن. لێره‌دا ته‌نیا ده‌مانه‌وێت ئه‌و ڕاستییه بیربخه‌ینه‌وه كه واقیع به‌ره‌نجامی پرۆسه‌یه، گه‌رچی بڕیار وایه به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات، به‌ڵام جاروبار ده‌چه‌قێت، یان پاشهكشهدهكات، یانژی خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه: به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه‌ش، له كۆی وێنه‌كه و گشتێتیی پرسه‌كه‌دا، جووڵه‌یه‌ك هه‌بووه بۆ پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی كه ده‌توانین ناویبنێین "كرده‌كیبوونه‌وه".
كرده‌كیبوونه‌وه، واته ئیمكانه‌كانی ئه‌م جیهانه دێنه‌دی، ده‌بنه واقیع، و له دۆخی خۆڵه‌مێشی یان هیچێتی ده‌رده‌چن. ئه‌مه بۆ كۆی ڕووداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گشتی ڕاسته. هیچ دیارده‌یه‌ك له هیچدا نامێنێته‌وه، و هیچ دیارده‌یه‌كیش له‌پڕدا كامڵنابێت. بازدان و پێشكه‌وتن و ڕێكه‌وتی گه‌وره هه‌ن، به‌ڵام هه‌مووده‌م ئه‌مه ڕوونادات و زۆرجاریش كه ڕووده‌دات له جێیه‌كی تر باجی خۆی ده‌دات و پرۆسه‌كه كه‌متازۆر خاوده‌بێته‌وه. پێموایه كاتێك كورد ده‌ڵێت له‌پڕ نابیته كوڕ، یان ئیسلام باسی بایه‌خی سه‌بر (ئارامگرتن) ده‌كات ئه‌وا له جێیه‌كه‌وه هه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان لۆژیك. بۆ نمونه سه‌بر، واته لێگه‌ڕێیت ڕێساكانی واقیع خۆیان كرده‌كی ببنه‌وه و به‌شێك له‌و ختووه زراڤانه ڕووبده‌ن كه گه‌شه‌ی ناوه‌كیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. لێره‌دا دینیش وه‌ك به‌شێك له ئه‌زموونی مرۆیی، ناچاربووه ئه‌و ڕاستییه به مرۆڤ بههرسێنێت كه جیهان پێویستیی به كرده‌كیبوونه‌وه هه‌یه و شته‌كان تێكڕا و به‌سه‌ریه‌كه‌وه ڕووناده‌ن. تاكه ئه‌كتی خودایی له‌و ڕووه‌وه هه‌ر بریتییه له "كن فیكون"، كه له ژیانی عهبددا دووباره‌نابێته‌وه.
ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه، شتێكه له كه‌س شاراوه نیه؛ بۆیه زۆرجار به‌پێی دۆخه‌كه‌وه چاوه‌ڕوانییه‌كی ئه‌بستراكت و بگره خه‌یاڵی له واقیع هه‌یه. ئه‌و هه‌نگاو كۆنكرێتییانه و ئه‌و میدیۆمه كارایانه له‌به‌رچاوناگیرێن كه ده‌شێت گرێیه‌ك بكه‌نه‌وه. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه خۆی به‌رهه‌می ئه‌و دۆخه‌یه كه‌وا ڕه‌نگه به تموحی "هه‌موو گۆڕان" بیه‌وێت "هیچ نه‌گۆڕێت". ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره نهبزۆكه، ناوه‌ندی پرۆسه‌كه له‌بیرده‌كات. بۆ وێنه، له ڕسكانی دیفاكتۆی ڕۆژئاڤادا سه‌رنج ناخرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك "مه‌زڵوم عه‌بدی" درووستبووه كه خۆی درووستبوونی هه‌ندێك پێوه‌ری نوێشه. تۆمه‌تباركردنی عه‌بدی، په‌لاماردانی ئه‌و پێوه‌رانه‌یه كه ده‌شێت ڕۆژێك ته‌واو بڕسكێن. به مانایه‌كی تر، ئه‌وه‌ی چاوی بینه‌ر ده‌یسه‌پێنێت، ئه‌وه نیه له‌ناو دۆخه‌كه‌دا ڕووده‌دات. هه‌ر دۆخێك سوبێكتێكی تایبه‌ت به خۆی به‌رهه‌مدێنێت كه ههڵبهزودابهزهكانی ناو ئه‌و دۆخه هه‌ڵده‌گرێت، ناكۆكی و ههڤدژییهكانی ده‌بێته ناكۆكی و هه‌ڤدژیی ئه‌ویش. ئه‌م دیده، ساده‌ترین ڕاستیی ماتریالیستییه بۆ ئه‌وه‌ی له ئیمكان و ته‌نانه‌ت سنورداریی ناو واقیعه جیاجیاكان تێبگه‌ین.
تا دۆخێك له‌ناو بزووتندا بێت، كۆتا ئه‌گه‌ریشی ده‌رنه‌كه‌وتووه. به‌تایبه‌ت دۆخێكی سیاسیی وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت سوریا. له دۆخی وادا، مانه‌وه خۆی به‌شێكه له گه‌شه. ئه‌ویش مه‌رج نیه به‌شێوه‌ی هاوكات، به‌ڵكو پاراستنی ئیمكانی ئه‌م ساته‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ساتێكی تردا كردهكیبێتهوه. له سوریا، ئیمكانهكه وه‌ك مانه‌وه‌یه له قوڕگی نه‌هه‌نگدا كه ده‌شێت هه‌ر چركه‌یه‌ك قووتت بدات. مانه‌وه له‌م دۆخه‌دا، هونه‌رێكی كۆنكرێتییه نه‌ك خۆزگه‌ی ئه‌بستراكت. دیاره مرۆڤ به‌بێ خۆزگه‌ی ئه‌بستراكت و گه‌وره‌ش ناژی، به‌ڵام ئه‌وه‌یان پێویستی به هه‌نگاوی بنیاتنه‌ر، زهمانساز، زه‌مینه‌ساز، و پشوودرێژانهیه. ئه‌و ساتانه‌شی كه ساتی ڕیسكن، ده‌بێت ڕیسك بكرێت. له ڕۆژئاڤا به‌شێك له‌و ڕیسكه كرا و باجه‌كه‌شی درا. ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا و گه‌ڕانه‌وه بۆ دیمه‌شق، هه‌نگاوی دوای ئه‌و ڕیسكانهیه. هه‌ڵبه‌ت كاربه‌ده‌ستانی خۆسهرییهكه به ئه‌وسا و ئێستاشه‌وه ده‌زانن ئیمكانهكان دانه‌خراون و واقیعه‌كه بۆ داهاتوو كراوه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه بینه‌ری دوورهوهستاوی ده‌ره‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه ڕیسكهكانی پێشوو نابینێت و ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووش داده‌خات. چاودێریی خه‌ڵك به‌سه‌ر دۆخی سیاسییه‌وه گرنگه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی سه‌رنه‌كێشێت بۆ بوغز و كینه. به‌تایبه‌ت ئه‌و بوغزه‌ی كه له قه‌یرانه‌كانی باشوری كوردستانه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه و له ڕۆژئاڤادا بۆ نوسخه خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت نه‌ك نوسخه‌یه‌كی ڕه‌مزیی تایبه‌ت به ئه‌وێ خۆی.
