
سیستەمی فەرمانڕوایی لە بەغدا مێژوویەکی خراپی لە ناکۆکی و قەیرانی یەک لەدوای یەک تۆمار کردووە، بەڵام ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا دەگوزەرێت، تەنیا داڕووخانی ئاساییی دامەزراوەکان نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی شێواندنی تەواوی ڕەوشتی فەرمانڕوایی و بەها کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان. کاتێک بنەمای دەسەڵاتێک لەسەر دابەشکاریی تاقمگەری، پشک پشکێنەی حیزبی و بەرژەوەندیی لایەنە باڵادەستەکان دابمەزرێت، ناکرێت دەرەنجامێکی باشتری لەم بارودۆخە شێواو و پڕ لە قەیرانەی ئێستا هەبێت کە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتوویی و نەهامەتییەکانی خەڵکە. ئەو دیمەنانەی کە ناوە ناوە لە نێو جومگەکانی دەسەڵات، ئەنجومەنی نوێنەران و تەنانەت نێو وەزارەتەکانی بەغدا دەیانبینین، کە تێیدا ململانێ و پێکدادانی جەستەیی لە نێوان بەرپرساندا ڕوودەدات، تەنیا کێشەیەکی کەسیی کاتی یان ڕووداوێکی دەگمەن نین، بەڵکوو نیشانەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکران بۆ نەبوونی هیچ جۆرە ڕێزگرتنێک لە یاسا، پێگەی فەرمی و شکۆی نیشتمان. کاتێک بەرزترین لوتکەی دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیاردان دەبنە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ پیشەیی و کەسییەکان بە زمانی هێز، هێرشی جەستەیی، کێشانی قژ و هاوارکردن، ئیتر چۆن دەکرێت هاوڵاتیی ئاسایی متمانەی بە سەروەریی یاسا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبێت...؟
ئەم دیمەنە قێزەونانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەن کە ناکۆکیی ڕاستەقینەی ناوخۆی ئەو دەسەڵاتە هەرگیز لەسەر چۆنیەتیی خزمەتکردنی گەل و دابینکردنی بژێویی خەڵک نییە، بەڵکوو تەنیا لە پێناو پاراستنی پێگە، دەسەڵات و بەرژەوەندییە دارایییە تەسکەکانە کە وڵاتیان بەرەو هەڵدێر بردووە.
شانبەشانی ئەم پشێوی و داڕووخانە ڕەوشتییەی نێو کایەی بەڕێوەبردن، دیاردەی تاڵانی و گەندەڵی وەک گەورەترین مۆتەکە و نەخۆشی جەستەی ئەم دەسەڵاتەی کڵۆڵ کردووە و ئێستا ئەمانە تەنیا دیاردەیەکی پەراوێزی نین، بەڵکو بوونەتە ناسنامە و بیرکردنەوەی بەڕێوەبردنی وڵات. دزینی ئاشکرای داهاتی گشتی، قۆرخکاریی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزبەکانەوە، و بەهەدەردانی ملیاران لقی دراوی سامانی ئەم نیشتمانە لە ژێر ناوی جۆراوجۆری ساختەدا، وڵاتێکی ئێجگار دەوڵەمەندی وەک عێراقی گەیاندووەتە لێواری هەژارییەکی کوشندە و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان. خەڵکی ڕەشووڕوت لەناو تینی گەرمای هاویندا بێ ڕووناکی کارەبا و ئاوی خاوێن و خزمەتگوزاریی پزیشکیی شایستە دەتلێنەوە، لە کاتێکدا سامانی سەر زەوی و ژێر زەویی ئەم خاکە لە جیاتی ئەوەی ببێتە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، ڕاستەوخۆ دەچێتە باخەڵی چەند گرووپ و دەستەیەکی بەرژەوەندخواز کە هیچ جۆرە هاوسۆزی و ئەوینێکیان بۆ خاک و مرۆڤی ئەم وڵاتە نییە. ئەم دزیە ڕێکخراوە نەک هەر ئابووریی وڵاتی پەکخستووە، بەڵکوو هیوای نەوەکانی داهاتووشیان بە تەواوی لەباربردووە و گەنجانی ناچاری کۆچی بەکۆمەڵ کردووە.
کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی ئەم تاقمە دەسەڵاتدارانە لە بەغدا، لەسەر بنەمای دروستکردنی بەردەوامی ئاژاوە، نانەوەی کێشەو تۆقاندنی کۆمەڵگە وەستاوە. هەر کاتێک لایەنێک یان گروپێکی ناو دەسەڵات هەست بە مەترسیی ڕاستەقینە بکات لەسەر پێگە، کورسی یان بەرژەوەندییەکانی، یەکسەر پەنا بۆ نانەوەی ئاژاوە، توندوتیژیی چەکداری و گواستنەوەی کێشەکان بۆ ناو شەقام دەبات. چەکدارکردنی گرووپە جیاوازەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و زاڵکردنی زمانی هەڕەشە و هێز بەسەر زمانی دیالۆگ و لۆژیکدا، بووەتە ڕاستییەکی تاڵی ڕۆژانە لەو ناوچانەدا. لەم نێوەندەشدا، هەمیشە خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەبنە سوتەمەنیی سەرەکیی ئەو ململانێ چەکداری و رامیارییانەی کە تەنیا ئامانجیان پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی لایەنە باڵادەستەکانە لەسەر تەختی فەرمانڕوایی. ئەو دۆخە نەشیاو و پڕ لە شەرمەزارییەی کە لە ناوەندو نێو جومگەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەبینرێت، دەرەنجامی حەتمیی سیستەمێکی تەواو شکستخواردووە کە بە هیچ شێوەیەک توانای چاکسازی و خۆڕاستکردنەوەی نییە. کاتێک بەرپرسانی باڵا و جێگرانی وەزارەتەکان کە دەبێت نموونەی یاسایی و کارگێڕی بن، کار و پیشەی ڕۆژانەیان ببێتە شەڕی ناوخۆیی، پشێوی و پێکدادانی جەستەیی، کۆمەڵگە بە تەواوی بڕوای بە دامەزراوەکان نامێنێت و ئەم دۆخە بەرەو تاریکی و داڕووخانی زیاتر هەنگاو دەنێت، ئەمەش پێویستیی بە هۆشیارییەکی ڕاستەقینەو ڕیشەکێشکردنی ئەم بیرکردنەوەیە هەیە بۆ ڕزگارکردنی وڵات لەم پشێوییانە .
