ئایا وڵاتی شاخاویی بەڵایە؟!

سەرنجێك لە بارەی قسەیەكی محمەد مسعود محمەد_

سەدیق سەعید ڕواندزی

هەمیشە دەگوترێت: ( كوردەكان جگە لە چیاكان دۆستی تریان نییە ) ئەمە وەك گوزارشتێك لە پەیوەندی ڕوحی و سرووشتی نێوان مرۆڤی كورد و شاخ بەكار دێت. شاخەكان، كە وەك دۆستەكانی دیكەی كورد لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕۆژ دۆستایەتی كورد ناكەن و خاوەنی ئاكاری جێگیری خۆیانن و ناگۆڕێن، هەمیشە پەنا و لانەی ئێمە بوون و لە ڕۆژگارە هەرە سەخت و دژوارەكاندا، كە كەسێك داڵدەی نەداوین و هەستی مرۆییان بەرانبەرمان نەجوڵاوە، ئەوان پەنایان داوین و بە هانامانەوە هاتوون. مەگەر شاخی شنگال، هەزارەها ئێزیدی لە چڕنۆكی  ئیسلامییە داعشە بەربەری و تیرۆرستییەكان ڕزگار نەكردوو نەبووە فریادرەسیان؟ بۆیە شاخەكان، خۆشەویستییەكی تایبەتیان لای مرۆڤی كورد هەیە و لە سۆنگەی ئەو خۆشەویستییەشەوە، هەزاران كەس بە ناوی ( هەندرێن ، زاگرۆس ، ئارارات ،  سورێن ، شنڕوێ ، دابان ، زمناكۆ، مەتین ، گارە، شیرین، ئاگری، ئەلبۆرز، هەڵگۆرد ، كارۆخ، ژیلوان، سوركێو، ئاراسن، بەمۆ ، ئاسۆس ) كراون. بۆیە شاخ پانتایەكی گەورەی لە هزری مرۆڤی كور بە گشتی گرتووە و جۆرێك لە گەورەیی و پیرۆزیی و شكۆمەندی لای ئێمە هەیە. شاخەكان، ڕەمزی خۆڕاگریی و هێز و پە ناو وەستانەوە بوونە لە بەرانبەر نەیارەكان و وەك فیگەرێك هەمیشە لە دنیای شیعری شاعیراندا، وەك تیمەیەكی شیعری بەرجەستەكراوە. پەیوەندی مرۆڤی كورد و شاخ، پەیوەندییەكی دێرینە، بە پێی سەرچاوە مێژوویی و ئەریكۆلۆژییەكان، كوردەكان سەرەتا و بۆ یەكەم جار، لە بناری زنجیرە چیای زاگرۆس دەركەوتوون و ژیاون، بەمەش شاخ دەبێتە یەكەم لانكەی سەرهەڵدانی مرۆڤی كورد و مێژوو شوناسەكەی، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت، ئەو پەیوەندییە توندوو ڕوحیەی لە نێوان مرۆڤ و شاخەكاندا لە ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتووری ئێمە دروست كردبێت. هەمیشە و بە ئێستاشەوە، مرۆڤی كورد وەختێ ژینگەی ئالۆَز و جەنجاڵی شارەكان جێدێڵێت و دەچێتە شاخ، هەست بە حەسانەوەیەكی گەورەی دەروونی و ڕوحی دەكات و سوارە ئێلخانی زادەش، لە شیعرەكەیدا  كە دەڵێت بڕۆم لە شارەكەت، زۆر جوان گەڕاوەتەوە نێو سرووشت. مرۆڤی كورد، شاخی وەك هاوڕێ و هاودەمێكی خۆی بینیوە و هەمیشە وەك پەنایەك و پەسیوێك، فریادرەسێك سەیری كردووە، لێرەوەش شاخ لە پانتایەكی سرووشتییەوە، دێتە نێو ڕووبەری ئەدەبیات و هونەر و دەبێتە فیگەر و تیمەیەكی دیاری دەقی ئەدەبی. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، شاخ ئەو ڕەهەندە سرووشتییەی خۆی كە هێمای جوانی سرووشت و ژینگەیە، تا ڕادەیەكی زۆر لەدەست دەدات و شوناسێكی دیكەی سیاسی لە پاڵ ئەو شوناسە سرووشتییە پێ دەدرێت، كە ئەویش وەك ڕەمزی خۆڕاگری و مانەوەی گەلێكی بێ پشت و پەنا، لە ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی دەبینرێت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی كورد، لە پای ئەو ڕۆڵە سرووشتی و خۆپارێزیی و خۆڕاگریی و جوانییەی چیا لە ژیانی ئێمەدا هەیەتی، بەردەوام چیامان خۆشدەوێت و وەك سیمبولێكی بەرز و جوان و بە شكۆ سەیری دەكەین. بڕواناكەم لە كۆمەڵگەی كوردیدا، بە درێژایی مێژوو، كوردێك هەبووبێت ڕقی لە چیا بوو بێت، ئەم سرووشتە شاخاویی و ڕكییەی كوردستان هەیەتی، ئەم ئاوهەوا  بەستەڵەكی و ساردو سڕەی لە سرووشتی كوردستان هەیە، ئەم هەموو داخراویی و دابڕاوییەی بە هۆی ژینگەی شاخاوییەوە لە نێوان پارچەكانی دیكەی كوردستان هەنە، هەرگیز نەبوونەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە ڕقمان لە چیا بێت و وەك بەلاِیەك بیبینین، چونكە دەزانین مانەوەمان پەیوەستە بە چیاوە، بۆیە وەك كوردێك كاتێ لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە بەرنامەیەكی كەناڵی ڕووداو دا، گوێبیستی (محمەد مسعود محمەد) بووم كەوتی :_ ( وڵاتی شاخاوی بەڵایە ) بە ڕاستی تاسام و تووشی شۆك بووم، ئاخر یەكەم جارە، لە سەر زاری كوردێكەوە، وەك كوردێكیش گوێبیستی ئەوە دەبم، كەسێك ڕقی لە چیا بێت و وەك بەڵا بیبینێت. چیایەك كە چەند ساڵێكی كەم لەمەوپێش، بووە پەنایەكی ئارام و فریادرەسێك بۆ ڕزگاركردنی هەزارەها ژن و منداڵ و پیری ئێزیدی،  لە دەست تیرۆرستانی داعشی ئیسلامی. من كاتێ گوێبیستی ئەو قسەیە بووم، ژیلوان، كارۆخ، پیرە مەگروون، ئاگری و ئەلبورز، ئەزمەڕ و گۆیژە، قۆپی قەرەداغ، دابان و هەلاج، قەندیل، باواجی و خاڵاخاڵان و ئاسنگەران و چەكوچم هاتنە بەرچاو. محمەد مسعود، كە لە بەرنامەكەی ڕووداودا ئەم قسە سەیر و نامۆیەی بە مێژوو، كولتووری كورد كرد، پاساوی بۆ ئەو وەسفەی شاخ ئەوە بوو، كە گوایا وڵاتی شاخاویی دەیان نەتەوە و تیرە و هۆزی جیای هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش نموونەی بە وڵاتانی قەققاز هێنایەوە و گوتی:_ ( لە قەفقاز هەردۆڵە و تیرە و نەتەوەیەكە، هەر شاخێكە و هۆزێكە) بێگومان ڕاست دەكات، بەڵام ئەوەی خۆی لێ بواردوو وەڵامی نەدایەوە و زانیاریی لە سەر نەبوو ئەوە بوو، كە ئایا وڵاتانی قەفقاز سەد وڵاتن؟ سەد ئاڵا و وڵات و نەتەوەیان هەیە؟ بێگومان نەخێر، وڵاتانی قەفقاز، تەنێ جورجیا و شیشان و ئازەربایجان و ئەرمینیان، واتا تەنها چوار وڵات، بۆیە ئەو شڕۆڤەی ئەو كردی، لە پەراوێزیی مێژووناسی و زمانناسی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لەو دوو بوارە، چونكە ئەم سرووشتە شاخاوییە و ئەو پێكهاتە ئاڵۆز و ئەتنیكییە، نەبۆتە هۆی ئەوەی كە وڵاتانی قەفقاز پەرت و لێكدابڕاو بكات، ئەمە بۆ كوردستانیش هەر وایە. هەورامانی نێوان باشوور و باكوور، كوردستانی لێك جیا كردۆتەوە یاخود بوونەتە شوناسی كوردستان بە گشتی؟  چیاكانی شاناخشێ، سەفرە و زەروون، دلانپار، بوونەتە لە نێوبردنی ئینتمای كوردبوون، یاخود هەر كاتێك ناویان دەبیستین، كوردستانمان لا خۆشەویستر دەكەن؟ ئەم جۆرە بیركردنەوانە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان كورد و چیا، تێگەیشتنێكی نا لۆژیكی و نا سیاسی و نا مێژوویە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی كورد و چیاد،.ناوبراو هەر لەو بەرنامەیەدا، قسەی سەمەرەی دیكەی كرد، كاتێ گوتی زۆربەی ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە، لە ترسی سەربازی بوو، نەك  ئینتمای كوردایەتی و خەبات، گەرچی یەكێك لە ئامادەبووان بە توندی وەڵامی دایەوە كە ئەو كاتەی ئەو بۆتە پێشمەرگە، هەر ناویشی بۆ سەربازی نەهاتووە، بەڵام بەداخەوە محمەدمسعود بە جۆرێك شكاندییەوە و تووڕەبوو، كە دەرفەتی زیاتری پێ نەدا قسەی زیاتر بكات. جێگەی داخە، ئەم جۆرە بۆچوونانە، هیچ ئەرزشێكیان نییە، جگە لە بێ بەهاكردن و بێباك سەیركردنی خوێنی هەزارەها شەهید، كە ئەمڕۆ ئەو و هەزارانی وەك من و  ئەویش، لە سایەی خوێنی ئەوانەوە بە ئازادی دەتوانین قسە بكەین و ڕەخنە بگرین. 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا