چەپ لەنێوان دۆخی چەقبەستوویی و كرانەوەدا

هیوا عومەر

مێژووی یەكی ئایار، مێژووی تێكۆشانی نەپساوەی چینی كرێكارانە لە پێناو هێنانەدیی جێهانێكی تر، جیهانی دادپەروەری و یەكسانی. ئەگەر داواكاریی یەكی ئایار لە مێژووی كۆندا چڕكرابێتەوە لە (هەشت كاتژمێر كار و هەشت كاتژمێر پشوودان و هەشت كاتژمێر نووستن) وەك دروشمی سەرەكی سەدان هەزار لە كرێكارانی مانگرتووی شاری (شیكاگۆ)ی ئەمریكا لەساڵی ١٨٨٦دا، پێشتریش بە سێ‌ دەیە لە ئوسترالیادا چەكەرەدەكات، ئەوە لەمڕۆدا و دوای نزیكەی سەدەیەك و نیو، واقیعی ژیانی ئەمڕۆ هەم داواكاری و هەمیش چینێكی فراوانتری پەراوێزخراوەكانی دروستكردووە لە زۆر لایەنەوە جیاوازە لە باری چەندایەتی و چۆنایەتی، بەڵام هەڵگری یەك جەوهەرە ئەویش بەردەوامی جیاوازی ژیانی چینایەتییە .

چەمكی كرێكار لەمڕۆدا بەمانا چینایەتییەكەی، دەكرێت هەموو ئەو كەسانە بگرێتەوە كە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و توندوتیژی دەبنەوە لە ئاستی جیاوازی هەلی كار و ژینگەی كاركردن، كاتژمێری كاركردن، مافی بیمە كۆمەڵایەتییەكان، نەبوونی دەرفەتی یەكسان لە ژیانی گشتی و تایبەتیدا، وەك مافی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان و پیسبوونی ژینگە هتد ...

دوای نزیكەی سەدەیەك و نیو لە مێژووی هاتنەمەیدان و قوربانیدانی كرێكارانی شیكاگۆ بۆ ژیانێكی شەرەفمەندانە، دەرئەنجام زۆر شت لە ژیانی كرێكاران و هاووڵاتییان لەسەر ئاستی جیهاندا گۆڕانكاری بەسەردا هات وەك دابینكردنی هەلی كار و بیمە كۆمەڵایەتییەكان و كەمكردنەوەی كاتژمێری كاركردن و زیادكردنی مووچە و مافە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی تر وەك دەرئەنجامی بەردەوامی ئەو تێكۆشانە. 

لەمڕۆدا هاتنەسەرشەقامی مامۆستایەك و فەرمانبەرێك بۆ وەرگرتنی مووچەكەی و هاواری خانەنشینێك و خەمی دایك و باوكێك بۆ مافی خوێندن و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی بۆ نەوەكانیان، ئاوات و هەناسەی ساردی كچێكی سەروو سی ساڵان بۆ دروستكردنی ژیانێكی هاوبەش و یەكسانی خێزانی، هەموو ئەوانە و زۆری تر، بەشێكن لە تێكۆشانی چینایەتی و كۆمەڵایەتی بۆ بەدیهێنانی كوردستانێكی تر، كوردستانی یەكسانی و دادپەروەری .

هەنووكە لە كورستانەكەی لەمەڕ خۆماندا جیاوازییە چینایەتییەكان لەگەڵ هەڵكشانی رۆژەكانی ساڵ زیاتر هەڵدەكشێت، سیستەمی سیاسی كەمینەیەكی هەڵتۆقیوی كردۆتە خاوەن سەرمایەیەكی بێشومار لە هێز و پارە.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەهۆی فەرزكردنی ڕەچەتەكانی نیولیبراڵیزم، جیاوازییەكان هەر تەنها بواری كاركردن ناگرێتەوە!

سیستەمێكی سیاسی و ئابووری وەها بەگەڕخراوە، ناوەندەكانی خوێندن و تەندروستی و ژینگەی كاركردن بەجۆرێك بەكاڵا و ڕادەستی بازاڕ و كەرتی تایبەتكراوە، هەموو بەها و پیرۆزییەكان، وردەكاری ژیانی كلتووری و كۆمەڵایەتیشی گرتۆتەوە.

لەوەش ترسناكتر بێئاگایی گشتییە، لە رێگەی بەگەڕخستنی سیستەمێكی میدیا و تەكنیكی تازەی  كۆنترۆڵكردن و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری، كەم نین ژمارەی ئەوانەی بێئاگان لە فۆڕمە تازەكانی ستەمكاری و توندوتیژی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بەتایبەتی لە بارەی لێكەوتەكانی لیبڕاڵییەتی نوێ‌ .

لە پەرەگرافی كۆتایی نوسینی ئەم وتارەدا بووم، زەنگی دەرگای ماڵەوە بچڕاندمی، كاتێك دەرگام كردەوە كچێكی گەنج لەبەردەم دەرگا وەستابوو یەكێكی تریش لە بەردەم دەرگای ماڵەكەی بەرامبەرمان بوو، سڵاوێكی كرد، بە هەناسەیەكی سارد و قوڕگێكی نووساو وتی: مامۆستا ئێمە خەڵكی گەڕەكەكەی خۆتانین براكەم تووشی نەخۆشی بووە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، ئەوەش بەڵگەكانی فڵانە نەخۆشخانەیە، تكایە دەتوانیت هاوكارییەكمان بكەیت؟ ئێمە سواڵكەرنین، ئەوە وێنەی براكەمە!؟

لەمڕۆدا، توندوتیژی یەك فۆڕم و یەك وێنە و یەك پێناسەی هەڵنەگرتووە، كاتێك دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەكانی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هەمووان وەك یەك نابێت، لێرەدا توندوتیژی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی بەرهەمدەهێنێت.

بەبێ‌ دەستكاریكردنی ئایدیۆلۆژیای بەچینایەتیكردنی كۆمەڵگە، نە بوارێك بۆ مافەكانی مرۆڤ دەمێنێتەوە، نە دەرفەتێكیش بۆ سەقامیگری و گەشەپێدان دروستدەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە