سدیق سەعید رواندزی

سەرەتای چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز، بە پیت دەستپێدەكەن وەك (ن) و (ئەلف لام میم) و گەلێكی دیكەش. تا ئێستاش زانایانی قورئانناسی و شڕۆڤەكارانی قورئان نەیانتوانیوە مانای ئەو پیتانە لەڕووی واتاییەوە شڕۆڤەبكەن، بەڵكو تەنها خودا خۆی دەزانێت مەبەست لێی چییە؟. كەواتە پیت بەتەنها، مانایەكی دیاریكراوی نییە، كە مەبەستمان لێرەدا پیتەكانی نێو زمانە، جیاواز لەوەی لە قورئانی پیرۆزدا باسدەكرێت. پیت بچووكترین یەكەی پێكهێنەری وشەیە، لەڕووی نووسینەوە نەك دەنگەوە. واتا وشە لە چەند پیتێك و رستەش لە چەند وشەیەك پێكهاتووە، لەو روانگەیەوە ئەلفبێ، وشەیەكی لێكدراو نییە وەك ئەوەی كەسانێك لە بێئاگاییەوە لە زمان، لێكدانەوەی بۆ دەكەن، چونكە وشەی لێكدراو، لە دوو وشەی جیا پێكدێت و بە هەڵوەشانەوەیان لە مانا ناكەون، پێچەوانەی وشەی داڕێژراو. كەواتە ئەلفبێ، كە لە دوو پیت پێكهاتووە، بەهیچ شێوەیەك وشەیەكی لكێنراو نییە، چونكە ئەلفبێ بەتەنها هیچ مانایەكی نییە و ئەوەی لە بنەڕەتدا هەیە (ئەلف) و (بێ)یە، كە مەبەست لێی پیتەكانی ئەلف و بێ-ن بەجیا، كە هێمان بۆ بنەماكانی سەرەتای فێربوون و زانینی خوێندنەوە و نووسین. ئەم دوو پیتە، بە یاریدەی ئامرازی (و)ی لێكێندراو بەیەكەوە دەبەسترێنەوە و دەبنە ئەلف و بێ . 

گەر سەرنج لە چاپی یەكەمی كتێبەكەی مامۆستا باڵدار بدەین، دەبینین ئەلف و بێ نووسراوە، كەچی چەند ساڵێك دواتر، وەزارەتی پەروەردە پێیوابوو ئەمە هەڵەیە و ئەوان لە باڵدار شارەزاترن، بۆیە كردیان بە (ئەلفبێی نوێ) و بەداخەوە پاشانیش كتێبەكەیان، كە كتێبێكی فێركاری و پەروەردەیی یەكجار گرنگ بوو،  بەتەواوەتی لابرد و لە شوێنی ئەو، خوێندنەوەی كوردییان بۆ دوو وەرز دانا، كە چەندین هەڵەی تێدایە و ئێمە خۆمان وەك مامۆستایەك زۆرتر لە جارێك لە سەرمان نووسیوە. بە گەواهی هەموو ئەو مامۆستایانەی وانەی ئەلف و بێ-یان لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی پێشوو، لە ماوەی چەندین ساڵ گوتووەتەوە، ئەلف و بێ-یەكەی باڵدار، بۆ كرداری فێربوونی خوێندكارانی پۆلی یەك گونجاوتر و پەروەردەییتر و ئاسانتر بوو لەوەی ئێستا دەخوێندرێت، كە چەندین نەوە، سەرەتاكانی فێربوونیان لەو ئەلف و بێ-یەوە دەستیپێكرد و دواتر بوونە پسپۆڕ و داهێنەر و لێهاتوو، كە خزمەتی گەورەیان بە پیشەكانیان بە كۆمەڵگەی كوردی كرد. بۆیە ئەوەی هەیە ئەلف و بێ یە نەك ئەلف بێ، ئەگەر لە زمانانی دیكەشدا ئەلفبێ بنووسرێت، ئەوا رەنگە پەیوەندیی بە نەبوونی ئامرازەكانی بەستنەوە و پەیوەندییەوە هەبێت، كە زمانی كوردی لەم رووەوە زمانێكی دەوڵەمەندە و كێشەی نییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا