مەلا تەحسین گەرمیانی

جیا لە بابەتەکانی تر، ئەمجارە قسە لە سەر بابەتێکی تر دەکەم چونکە ئەنفال و جینۆسایدی کورد زۆر بوار لەخۆدەگرێ و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە ھەر شتێ لە بارەی چینێکی تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردی قسە دەکەین، ئەویش قسەکردنە لەسەر سەرمایەدارەکانی کورد لەبارەی ئەنفالەوە لەگەڵ ئەوەیش جۆرە بەراودکارییەکە لەگەڵ تاکی جوولەکە و سەرمایەدارەکانیان و کارکردنیان بۆ ھۆلۆکۆست.

بەگشتی ئەوە روون و ئاشکرایە کە دوای لەناوبردنی سەدان ھەزار جوولەکە ناسراو بە ھۆلۆکۆست و جیۆسایدکردنی جووەکانی ئەوروپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی لەسەر دەستی ھیتلەر و نازییەکانی ئەڵمانیا، جووەکانی ئەوروپا کەوتنە بەر کۆمەڵکوژییەکی مەترسیدار بەمەبەستی قڕکردنیان لەچوارچێوەی جینۆسایدی گەلێکدا. ئەوەی جێمەبەستی منە لێرەدا، دەمەوێ ئەوە بڵێم رۆڵی ئابووری لە بەجینۆسایدناساندنی جوولەکە بوو بەناوی ھۆلۆکۆست، کە دواتر بووە ھۆی قەوارەیەکی بەھێزی دەوڵەتی ئیسرائیل و لە قوربانییەوە بوونە خاوەن ھێز و پێگە و مەکانەتی قورس و لێرەوە نرخ و بەها بۆ تاک و خوێنی جوولەکە گەڕایەوە و جوولەکە بووە خاوەن شکۆی خۆی و ئیرادەی خۆی.

دیارە ئەم دەستکەوتە مێژووییە ھەروا بەئاسانی بەدەستنەھاتووە، یەکەم شت یەکگرتوویی، دواتر پلان، ئینجا رۆڵی ئابووری لەسەر ئاستی تاکی جوو بەتایبەتیتر پارەدار و سەرمایەدارەکانیان. وەک زانراوە سەرمایەش کۆڵەگەی پشتی ھەر جووڵە و کارێکە و ڕۆڵی کاریگەری هەیە،  بۆ ئەمەش یەکەم ھەنگاو کە جوولەکە دەستیپێکرد لۆبی دروستکردن بوو، لۆبیش واتا پشت بە داھات دەبەستێ و کارەکانی تا ئاستی گەورە ھەنگاودەنێ و کاریگەری خۆی دەگەیەنێتە لوتکەی باڵا .

جوولەکە لە دوای دووەم شەڕی جیھانییەوە بەتایبەتی، بێوچان نەوەستان تا خۆیان گەیاندە لوتکە ، ئەوەی سەنتێکی پێدرابێ کردوویەتی بەپاڵپشتی ئەو لوبیکردنە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، سەرمایەدارەکانیان بە سەرمایە و کاڵاکانیان ھاوکار و پشتیوان بوون تا بتوانن لە رێگای بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی گەلەکەیان لەسەر ئاستی ھەموو دونیا بناسێنن و دانی پێدابنرێت، ئایە ئەم کارە ھەر لە خۆڕا بوو یان پرۆژەیەک بوو بۆ سەلماندنی ئەو هەنگاوەی کە دەستیان بۆ برد ؟ بێگومان نەخێر وەک ئاماژەم پێدا کۆمەک و ئابووری بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گرنگە گەیشتە لوتکە بۆ ئەمەیش پارەدار و سەرمایەدارەکانیان لە پشت پڕۆژەی لۆبیکردنەکەوە وەستان و ئەمەش رۆڵێکی گەورەی گێڕا و بووە هۆکارێکی بەهێز بۆ بابەتە چارەنووسسازەکان لەسەر ئاستی دونیادا و وایکرد جوولەکە بەم ئاراستەیە بەئێستایشەوە خاوەنی ھێزێکی گەورەی دیسپۆران و بە چەکی لۆبی ئامانج و ستراتیجییەکانی خۆیان دەپێکن و سەرمایەدارەکانیان پشکی شێریان بەردەکەوێ لە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی گەلەکەیان و گێڕانەوەی رێز و شکۆ بۆ تاکی جوو.

بەڵام گەر لەم دەروازەیەوە لە کورد و پرۆسەی جینۆسایدی گەلەکەی بڕوانین و بەراوردێکی ئەم پڕۆژەیەی جوو بە کورد بکەین چیمان دەستدەکەوێت و چی دەچنینەوە، بەتایبەت لە پرسی ئەنفالدا، ئایە کورد پارەدار و سەرمایەداری لەو ئاستەی نییە ؟  ئایە تەنھا لە باشووری کوردستان چەند ھەزار پارەدار و  سەرمایەداری  کورد ھەیە ؟ لەو چەند ھەزارە ئایە لە نێو خۆیاندا توانیویانە رێکخراوێک یان سندوقێکی کۆمەکییان ھەبێ بۆ ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەیان کە بەو سندوقە ببنە پشتیوانێکی  گرنگی ئابووری بۆ ھەڵسوڕاندنی بەشێکی کەم لە کەیسی ئەنفال بەئاراستەی بەجینۆسایدناساندنی لە سەر ئاستی دونیا و لەپێناو گێڕانەوەی شکۆی تاکی کور دو  سنووردانان بۆ نەڕشتنی خوێنی کورد وەک ھاوشێوەی تاکی جوولەکە ؟

ئایە لە سەدا پەنجای سەرمایەداری کورد گرووپێکیان پێکھێناوە بە ھەریەک لە بەشێکی کەم لە داھات و سەرمایەکانیان خۆبەخشانە بێنە مەیدان و کار لەسەر کەیسی ئەنفال بکەن، یان ھەر ھیچ نەبێ بە ھەندێک لە سەرمایەکانیان لە پشتی رێکخراوەکان و گرووپ و چالاکوانانی بواری ئەنفالەوە بن بۆ ئەم بوارە گرنگە ؟ یان سەرمایەداری کورد چەند خەمی پڕۆژە و بەدەستھێنانی سەرمایەی زیاترە، چارەکی ئەوە خەمی کورد و نەتەوە و نیشتمان و ئەنفال و جینۆسایدیان ھەیە ؟ ئەگەر ھەیە چۆنە و کێن و چییان کردووە ؟ ئایە سەرمایەداری کورد چەند کتێبیان لەسەر ئەنفال بەچاپگەیاندووە و دواتر وەریانگێڕاوەتە سەر زمانە بیانییەکانی تر ؟ ئایە سەرمایەداری کورد لەپشتی چەند شانۆ و فیلمی سینەماییەوە بوون لەسەر پرسی ئەنفال پیشانی دونیا بدرێت ؟ ئایە سەرمایەداری کورد لە سەر ئاستی دونیا لەپشتی چەند کۆڕ و سیمینار و کۆنفراسەوە بوون لەسەر پرسی ئەنفال؟ ئایە سەرمایەداری کورد لەپشتی چەند کەسی نووسەر و چالاکوانانی بواری ئەنفالەوەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان لەسەر پرسی ئەنفال؟ ئایە سەرمایەداری کورد چەند خۆبەخشانە شانیان داوەتە بەر جادە و رێگا و بان و پرد و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، یان دابینکردنی ئاو و کارەبا و ھەر خزمەتگوزارییەکی تر ؟ ئایە ئەو روحیەتەی لە پارەدار و سەرمایەدارێکی جوولەکەدا ھەبووە و ھەیە لەلای سەرمایەدارێکی کوردیش وایە، ئەگەر ھەیە لە کوێیە ؟ مەگەر ھەمووان ناڵێن ئەمڕۆی ھەرێم بەرھەمی خوێنی شەھید و ئەنفالە، مەگەر سەرمایەداری کورد کۆکردنەوەی سەرمایەکانیان لە سایەی ئەم ھەرێمەوە نییە  ؟ خۆ لەسەر ھەسارەیەکی ترەوە بۆی نایە ؟ بۆچی ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی تەنھا و تەنھا دەبێ بەشی خەڵکی ھەژار و بێ پارە بێت ؟ وا وتمان خەڵکی ھەژار خۆی دەکاتە قوربانی، ئەی ناکرێ خەڵکی سەرمایەداریش ھەندێک قوربانی لە داھاتەکەی بدات لەپێناو ئەو خاکەی تێیدا دەژی، لەپێناو ئەو کلتوورەی کە ھەیەتی، لەپێناو ئەو زمانەی قسەی پێدەکات، لەپێناو ئەو خوێنەی لەنێو دەمارەکانیدایە؟ واتا تۆی سەرمایەداریش کوردی کورد. چما ھیچ شتێ ویژدانت نەجووڵێنێ واخۆت نادەی بەکوشت وا کوڕ و کچت خوێن لە پەنچەیان نایە و فوول ژیان دەکەن، لەبەرانبەردا فەرموو دەستی چوار ئیش بۆ نەتەوەکەت بگرە و وەک جوولەکەیەک خۆت بەخاوەنی ھەموو شت بزانە؟ فەرموو لەپشتی چوار کاری باشەوە بە بۆ ئەنفال و بەجینۆسایدناساندنی؟ فەرموون سەرمایەداری کورد کە سبەی دەمری ھیچ لەگەڵ خۆت نابەی ھیچ نەبێ مێژوویەک بۆ خۆت تۆماربکە ؟ ئەنفال زۆر گەورەیە ئەوەی بەبێ مەرام کاری بۆ بکات بەگەورەیی دەمێنێتەوە. جوولەکە بەگەورەییەوە کاریان بۆ ھۆلۆکۆست کرد بزانە چۆن لە رابووردوو، و لە ئێستا و لە داھاتوویشدا بەگەورەیی دەمێننەوە؟ ئەی تۆی کورد چیترت ھەیە لە ئەنفال گەورەتر؟ ئەگەر بەتەمان دەسەڵاتی کوردی شت بکات ئەوە ھەڵەن، من بۆیە رووی دەمم لە تاک و چین و توێژەکانە، چونکە من شتێک نابینم ناوی حکومەت بێت وەک سراتیژ کار بۆ ئەنفال بکات. باشووری کوردستان دەبێ بەدەر لە دەسەڵات وەک تاک، وەک گرووپ، وەک رێکخراو لە بوارەکانی ھونەر و فیلم و سینەما و گۆرانی و سروود و چاپکردنی کتێب و وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی دونیا و لەگەڵ کۆڕ و سیمینار و لۆبیکردن لەسەر ئاستی دونیادا، ئەمانەش بە ئابووری و داھات دەکرێ. وا بەم رێگایانە جوولەکە گەیشتنە لوتکەی دەوڵەتی بەھێزی ناوچەکە، تاکە ھۆکاریش کۆمەڵکوژکردنیان بوو لەسوتاندیان و بەخۆڵەمیشکردنی سەدان ھەزار مرۆڤی جوولەکە ئەمڕۆیان بنیاتنا، باخەڵی خۆیان تەکاند تا گەیشتن بە ئامانج، بەڵام یەک خاڵی بەھێز سیاسییەکانیان دز نەبوون و ئەوانەی لای خۆمان دز و وڵات تاڵانکەرن. لەگەڵ ئەوەیشدا دوور لە دەسەڵات دەکرێ خەمی ئەنفال خەمی ھەمووان بێت. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە لەو ھەزاران سەرمایەدار و پارەدارە چەندیان ئەم بابەتە دەخوێننەوە؟ لانیکەم ببێتە ھەنگاوی دروستبوونی سندوقێکی کۆمەک لەپێناو پڕۆژەیەکی تایبەت بە ئەنفال ؟

ھەتا ئێستا ئاراستەی تێڕوانینمان بۆ کارکردن ھەر زیاتر فۆکسمان لەسەر دەسەڵاتێکێ بێباک بووە بەرانبەر بە ئەنفال، دەکرێ ئەم جارە بە رێگای جیاوازتر بیر لە کارکردن بکەینەوە، دەکرێ دەسەڵات لە خەوی غەفڵەتی خۆیدا بێت و ئێمەمانانیش ھەناومان بێ قەرار و ئەوداڵی کارکردن بێت ؟ لەوەیش گرنگتر ئەوەیە لەو ھەزاران پارەدار و سەرمایەدارەی کورد چەندیان ئەم بابەتە دەبینن و پرسی ئەنفال بە ھی خۆیان دەزانن و چەندیان دەکەونە ژێر کاریگەری وێژدانەوە و چاو لە سەرمایەدارێکی جوولەکە دەکەن و خەمی نەتەوەیەک بە خەمی خۆیان دەزانن ؟ یان کام سەرمایەداری کورد دێت و مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار دەکات؟ لەوەیش تێدەگەم ئەم بابەتە بە قورس وەربگیرێ، بەڵام ھیچ شتێ بەبێ ھەوڵ و تێکۆشان بەدینایە .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە