ئیدریس سدیق
کاتێ خیانەت ئەو ژەهرەی وەك تیۆر ، پڕاکتیك ، فەلسەفە دەبێتە کلتور لەنێو فەرهەنگی هەر گەلێك یا نەتەوەیەك ، رۆژ لە دوای رۆژ ژیان تاڵتر دەبێ ، نیشتیمانیش قەدەری لەدەست خیانەتکاران بێت ، هیچ پیرۆزی و بەهایەکی نامینێ ، دەبێ چاوەڕوانی کارەساتی جەرگبڕی تری لێبکرێتەوە !
پرسی خیانەت ( ناپاکی ) ، شێواز و جۆری زۆری لە خۆوە دەگری ، لە خیانەتی نیشتیمانی کە بە ( تاوانی مەزن ) ناسراوە ، ناپاکی خێزانی ، ناپاکی هاوڕێیایەتی ، ناپاکی لە هزر و بیروڕا و ....... .
لە سەرجەم دەستور و یاسا و رێساکانی گەلانی دنیا ، پرسی ئاسایشی نیشتیمانی و پارێزگاری خاك و نیشتیمان، ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە ، ناپاکیکردن و سنوور بەزاندنی هێڵی سوورە ، سزاکەی ملپەڕاندن ، لە سێدارەدان ، گوللە بارانکردن یا زیندانی هەمیشەییە. جگە بە لەکەدارکردنی خێزان یا بنەماڵەکەی و بە نەفرەتکردنیان ، ناویان دەخرێتە نێو زبڵدانی مێژو .
ئەوەی ئاشنا بێ بە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلانی سەر زەمین ، بەر لە دەستپێکی هەر بزووتنەوەیەك ، شۆڕشێك یا یاخیبوونێك بەڕەنگاربوونەوە دژی داگیرکاری و ستەم و زۆرداری ، سەرەتا پەرێزیان پاککردۆتەوە لە خائینەکان بە سزای خۆیان گەیەنراون ئینجا جاڕی شۆڕش دراوە .
دیرۆکی خەباتی ململانێ و بەڕەنگار بوونەوەی گەلان ، بەسەرهات و رووداو گەلێکن ، لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ، لە ڤێتنام ، لاوس ، کەمبۆدیا ، کوبا ، بۆ ئەمریکای لاتین و وڵاتانی ئەفریقیا و ...... . چینییەیەکان شوورای مەزنیان دروستکرد تا رێگری لە دزەکردنی هێڕش و پەلاماری داگیرکاری بگریت ، بەڵام ناپاکی یەکێ لە پاسەوانی دەرگاوانەکان ، خەونی سەروەری وڵاتەکەیان لەباربرد و پەلکێشی دوژمنانی وڵاتەکەیکرد ! ڤێتنامییەکان ، دوای بە سزاگەیاندنی ناپاکەکان ، لاشەکانیان فڕێدەدایە ناو دەریا تا خاکی پێرۆزی نیشتیمانیان پیس نەبێ و ژینگەیەکی وڵاتپارێزی یەکگرتوویی لە دایکبێ . هۆشی مینە ( Ho Chi Minh - 2/ 9 / 1969 -19 / 5 /1890 ) رابەڕیشیان هاوسەرگیری نەکرد ، نەوەك مناڵێك بنێتەوە لە نیشتیمانەکەی خۆشتر بوێت !
لە کۆتا سەدەی هەژدەم ، شۆڕشگێڕە فەڕەنسییەکان ملی پاشا لۆیس ( Louis XV1 / 21/ 1 / 1793 - 23 / 8 / 1754 ) ی شازدەمیان پەڕاند و لە لاشەکەیان لە سەری جیا کردەوە ! ناپلیۆن پۆناپارت( Napoleon Bonaparte - 15 / 8 / 1769 - 5 / 5 / 1821 ) ی ئیمپڕاتۆڕی فەڕەنسا ، ئامادە نەبوو دەست لەناو دەستی ئەو هاوڵاتییە نەمساویە ناپاکە بنێت کە کەواسووری بۆ کردن بۆ داگیرکرنی وڵاتی نەمسا ، وتی : " ئیمپڕاتۆڕ دەستی ناخاتە ناو دەستی خائینان ، ناپاکەکان وەك ئەوەوان دزی لەماڵی باوکیان بکەن بۆ دزەکان ، نە باوکی لێیدەبووری ، نە دزەکانیش ستایشی دەکەن " ئینجا جۆڕگیك پارەی بۆ فڕێدا !
بنیامین فڕانکلین ( Benjamin Franklin - 17 / 1 / 1706 - 17 / 4 / 1790 ) ی سەرۆکی ئەمریکا ، لە نامەکەیدا بۆ ( سیاتیل ) ی سەرۆکی هۆزی هیندییە سوورەکان ، کە داوایکردبوو زەوییەکانیان بە حکومەتی ئەمریکا بفرۆشن ، سەرۆك هۆزەکە لە وەڵامەکەیدا دەڵێ : " ئەم خاکە هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە ، خاك لە ناخی ئێمەدایە ، ئێمە بەشێك لە خاکین و خاکیش پارچەیەکە لە ئێمە ! " لە ناو عەرەبدا چیڕۆکی ناپاکی ئەبو رغاڵ بەربڵاو و شەرمهێنەرە ، کاتێ چاوساغی بۆ لەشکرەکەی ئەبڕەهەی حەبەشی فەرمانڕەوای یەمەن کرد بۆ تێکدانی کەعبەی پیرۆز بەر لە هاتنی ئاینی ئیسلام ، هەر بەو بۆنەوەشەوە ، ئەنوەر سادات ( Anwar El - Sadat - 25 / 12 / 1918 - 6 / 10 / 1981 ) ی سەرۆکی میسر لە ئەنجامی دانیشتنی لەگەڵ ئیسڕائیلییەکان لە کامپ دێڤید بۆ پرسی ئاشتی ، لەناو عەرەبەکان ناڕەزایەتییەکی توندی بەدوایخۆدا هێنا و بە ئەبو رغاڵ ناوزەدکرا !
ماڕیشاڵ ئەرڤین رۆمێڵ( Erwin Rommel - 15 / 11 / 1891 - 14 / 10 / 1944 ) ناسراو بە ( رێوی بیابان ) لە جەنگی جیهانی دووەم ، بەو تۆمەتەی خرایە پاڵ لە ناپاکی بەرامبەر هێتلەر خۆی کوشت !
مێژوو ، پەند و ئەزموون وەرگرتنە ، هەرگیز چاوپۆشی و پەردەپۆشکردن لە خیانەت و سازشکردن یا فرۆشتنی خاك نەکراوە ! خیانەتکاران وەك هەڕە ( مشار ) وان ، دانە تیژەکەیان لەناو جەستەی نیشتیمانەکەیە و دەسکیشیان لای دوژمنانە ، هەموو جوولەیەکیان بۆ سەر یا بۆ خوار بە فرمانی داگیرکەرانە .
پسپۆڕانی سایکۆڵۆژی و دەروونناسی ، خائینان وەك کەسانی لاواز ، دەروون ئاڵوز ، هەست بە بچووکیکردن ، بێ توانا ، شکستخواردوو ، هیچ لەبارانەبوو ....... ، پێناسە دەکەن ، ئاڵوودەبوان بە خیانەت ، بۆ پڕکردنەوەی گرێ ئاڵۆزە دەروونییەکانیان ، لە هەڵپەی چەمانەوە ، راڕایی ، خۆدەرخستن ، تۆڵە سەندنەوە ، خۆ فڕێدانە ناو باوەشی دوژمن ، چاندنی تۆی دووبەرەکی و ناکۆکی ، کارکردن لەسەر بێ ئەڕزشکردنی کۆمەڵگا ، لێدان لە هێزی شۆڕشگێڕی وڵاتپارێزی ، دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان و شکاندنی شکۆی نەتەوە و ....... دان .
لە کەلتوری ئاژەڵ و باڵندەکانیش خیانەت رەتکراوەتەوە ، لانە و هێلانەکانیان بە سەختی دەپارێزن .
شیشڕۆن ( Marcus Tullius Cicero - 3 / 1 / 106 - 7 / 12 / 43 BC ) ی راوێژکاری گەورەی میریی ئیمپڕاتۆڕییەتی رۆما وای بۆ دەچی کە : " هێز و دەسەڵات خۆشە ، بەڵام بە دەگمەن پەنجەکانی دەستی مرۆڤ بە خاوێنی لێی تێپەڕ دەبن ! " .
ئاڵوودەبوون بە خیانەت لە دیرۆکی گەلی کورد ، وەك دڵۆپە ئاوی( حەیا ) کەیە ، هەرکاتێ تکا دەتکێ ، خوێنبەربوونەکە ناوەستێ ، شێرپەنجەکە تەشەنە دەکات ، هەوری چڵکنی رەشە ، ئاسمانەکەی تەنیوە ، لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرشوبڵاوە پێکردن و کپکردنی بزووتنەوە و راپەڕینەکان ، دەستی دەرەکی و خیانەت بووە ، وەك خۆرە رەنجی بەباداوە ، هەر لەسەر دەمی ( ماد ) ە وە ناپاکی ( هارپاك ) ی گەورە سەر لەشکر و دەست تێکەڵاوکردنی لەگەڵ ( کۆڕش ) ی پادشای فارسەکان ، ئیمپڕاتۆرییەتە پانو پۆڕ و فراوانەکەی لەتوپەتکردووە ، تا ( هیڕودۆت پ ز 420 - Herodotus / 480 ) ی گەورە مێژوونووسی یۆنانی ، ئاماژە بەو ناپاکییە ئەکات و ئاماژە بەوەدا دەکات کە مرۆڤ دەبێ دۆڕان هەڵبژێرێ بەرامبەر سەرکەوتنێکی ئابڕووچوانە ، کاتێ دەست بۆ شکۆ و پیرۆزییەکانی نەتەوە دەبردرێت .
مێژووی کورد ، لاپەڕەکانی داستانی خوێناوی خیانەت ، کۆچ و مەرڴ بووە ، هەر لاپەڕەیەکی هەڵدەدەیتەوە ، ناپاکێك وەك خۆرە قووتبووەتەوە ، لە داستانی قەڵای دم دم ، لە سێدارەدانی هەر چوار ئەفسەرەکەی کۆماری مەهاباد کە لە وەسیەتنامەکەیان داوایانکرد چیتر بەدوای جەهالەت نەکەون ، ئەوە ئەو خیانەتە بوو بەرەی سەقزیان چۆلکرد و شکستی بە کۆماری مەهاباد و لە سێدارەدانی رابەرەکانی هێنا ، ئەو خیانەتە بوو کورد خەنجەری ژاراوی لە پشتی حکومەتە نیشتیمانییەکەی عەبدولکەریم قاسم وەشاند و گەلانی عێراقیان نوقمی خوێن و دۆزەخکرد ، شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند ، خۆیان خستە باوەشی شا و ئاشبەتاڵیانکرد ، پێش سوپای پاسداران کەوتن و کوردانی رۆژهەڵاتیان قەتل و عامکرد ، کارەساتی هەکاری ، قڕناقە و پشت ئاشان ، راوەدوونانی وڵاتپارێزانی هەر چوار پارچە ، تیرۆر و زیندانیکردنیان .
لە راپەڕینیش خیانەت رێگربوو لە یەکڕیزی نەتەوەیی ، یەك وتاری ، بنیادنان و ..... ، تۆی دووبەرەکی ، ناکۆکی ، سەنگەر لە یەکگرتن ، برسیکردنی خەڵك و بێ ئیڕادەکردنی و ..... جۆشدرا ، دەمامکە قێزەونەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاکڕەوی خێڵەکی خیانەتکار کەوتن ، روخسارە ناشیرنەکان دەرکەوتن ، نیشتیمانیش لە سەر مێزی بەرژەوەندی و دەستکەوت ، هەڕاج و ئەتککرا ، بۆ مانەوەی خۆیان دەستیان لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵکرد ، شەهیدانیش سەر لە نوێ شەهید بوونەوە .
لە سایەی دەسەڵاتی خیانەتکاری پتر لە سێ چارەکە سەدە ، شارەزایان و لێکۆڵەرەوانی بواری سیاسەت ، نیشتیمانپەروەران و ...... دەپرسن چ رۆژێك لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان ، ئاسایشی نەتەوەیی نیشتیمانی هاتوونەتە دەنگ ؟ کوا پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری ؟چیکرا بۆ بەیەکەوە ژیان ، لێبوردەیی و ..... ؟
لە ساڵنامە ، لە چوار وەرزەکەی ساڵ ، لە مانگەکان ، لە رۆژژمێر ، هەر 31 ی ئابی 1996 ی پڕۆسەی ( ێب المتوكل علی الله ) نییە نیشتیمان خوێنی لێنەچۆڕێ ، ساڵەهای ساڵە نیشتیمان زامدارە ، خاکە سوتماکەکەی دەکەوێتە ژێر زنجیری ژەنگاوی تانك و زرێپۆشەکان و پۆستاڵی رەشی داگیرکەران ! داکوتانی بنکە و بارەگای سەربازی و تەڕاتێنی هەواڵگرییەکان ، راوکردنی وڵاتپارێزان بە دڕۆنەکان و لە خوێن دەیانگەوزێنن ...... هەزار و یەك خیانەت بەبێ ئەوەی خوێنی چۆڵەکەیەکیان لە لووتی بێت !
لەو دەڤەرە ژەنگهەڵهێنەر و شێدارە ، خائینان ، خیانەت پیرۆز دەکەن ، خولی مەشق و راهێنان و پێگەیاندنی کۆیلەکانیان لەسەر ناپاکی ، خۆبەدەستەوەدان ، داشۆرین ، چەمانەوە و ....... رادێنن .
نووسینەوەی مێژوو ، بەرپرسیارێتی و ئەخلاقە ، کاتیەتی هەڵوێست وەرگرتن و دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان ونوقتەی سەردێڕ دابنێن .
لەسەردێڕێکی نوێ بپرسن چۆن هێڵی خیانەت بنبڕبکرێ و ئەو شێر پەنجەیە لە رەگەوە هەڵتەکێنرێ ؟
سوود لە google وەرگیراوە
4 / 9 / 2023