( ٦ )
ووتاری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، کە لە لایەن (هاوڕێ عەزیز محەمەد)ەوە پێشکەشکرا.*
میوانە بەڕێزەکان
خوشک و برایانی نوێنەر…
لە سایەی ئەو دیموکراسی یەدا کە ڕاپەرینە پیرۆزەکەی ئازاری ١٩٩١ و تێکۆشانە جەماوەرییەکانی دوا بە دوای هێنایانە دی ، هەروەها لەسایەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەجێ متمانەی جەماوەری گەلی کوردستان، یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان دەبەسترێ کە دەیەوێ بەشێوەیەک پەرە بەهەیکەلی ئەو ڕێکخراوەیە بدات کە لەئاستی ئەرکە مێژووییەکانی خۆیدابێت و ئەم پەرەپێدانەش پشت ئەستور بە شەرعیەتی حزبی و بەپشت بەستن لەسەر خواست و ویستی هەموو شیوعی یەکانی لەڕێگای کۆنگرەی پێنجەمی حزبەوە بینێتەدی.
ئەوە بەهاری سیاسی کوردستانە، کە هیواکانمان دەبوژێنێتەوە و بەرەو فراوانترین ئاسۆمان ڕادەکێشێ و ئەمەش دیموکراسی یە ساواکەی کوردستانە کە داوسێی دیکتاتۆرێکە کە لەهەموو ئان و ساتێکدا خۆی بۆ لێدان و زیندە بەچاڵ کردنی ئامادە دەکات .
هەر بۆچونێکی هەڵە کە دوژمنانی ئاوات و هیوای گەلی عێڕاقمان و دوژمنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان، دەیخەنە گەڕ بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەرەرای هەرچی یەکیش کە کاربکاتە سەر هاوپەیمانان و دۆستانمان لە دونیای عەرەب دا ڕێگای ئێمە هەر چەسپاندنی ئەم ئەزمونە دیموکراسی یە و سەرخستنیەتی لەڕێگای ڕزگارکردنی لەهەموو ئەو شێواندنانەی کە توشی هاتووە و زامنکردنی جێگربونی لەڕێگای خۆشکردنی ئاگری خەباتە دژی دیکتاتۆری، کە باشترین ڕێگا چارەیە بۆ پشتگیری لە ئەزمونەکە و پاراستن و گەشەپێدانی.
ئێمە باش دەزانین کە دیموکراسی کوردستان و سەرجەمی دەستکەوتەکانی بۆی هەیە ڕەشەبای بەرژەوەندی نێودەوڵەتی هەڵیپێچێ ، کە لەم ڕۆژانەدا دیکتاتۆری بە شێوازێک هەوڵدەدات ئەو بارەی بداتێ ، بۆ ئەوەی متمانەی پێبکرێتەوە و لەوڵاتەکەمان دا بەری بۆ بەرەڵلا بکرێتەوە، ئەمەش مەترسیەکە کە پێویستە بە وشیارییەکی تەواوەوە دەرکی پێبکەین بۆ خۆ لێ دەربازکردنی تێبکۆشین، لەبەرامبەریشماندا تەنها ڕێگایەک هەیە کە جێگری نیە ئەویش بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم دیموکراسی یە و بەهێزکردنی نێوانیەتی لەگەڵ تێکۆشانی گەلی عێڕاقمان دا لەپێناو ڕاماڵینی دیکتاتۆری و هێنانی جێگرێکی دیموکراسی فیدراڵی فرە حزبی لەعێراقی یەکگرتوودا بە دیهێنانی و ئەمەش پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە :
- ڕەخسانی یەکگرتنی هەموو هێزەکانی بەرەی کوردستانی عێراق و دابینکردنی بەشداری چالاکانەیان لەهەموو دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا.
- بەشداری کردنی کۆمەڵایەتی خەڵک لە پتەوکردنی ئەزمونی حکومکردندا بەدیهێنانی داواکاریەکانی و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی و سازدانی هێزەکانی و بەدەسهێنانی بڕوای تەواوی لە ڕێگای کار و کردەوە و چارەسەری وەهاوە کە وەڵامدانەوەی خواستەکانینان بێبو هەستیارانە لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانیدا کارلێکی هەبێ و لە دڵە ڕاوکێ ڕزگاریان بکات، سوککردنی بارگرای ژیانی ڕۆژانە و زامنکردنی ئاسایش و ئازادییەکانی دواڕۆژی ڕۆڵەکانی لەسەرەتای ئەم چارەسەرییانەدان.
- ڕاگرتنی دڵی ناوچەی عەرەبی و هەرێمی دەوروبەرمان و دورکەوتنەوە لەهەر هەڵوێستێک کە ببێتە هۆی نیگەرانی یان ، ئەویش بەپێ داگرتن لەسەر ئەوەی کە پێگەیشتوو و بابەتی یەو لەتوانادایە بکرێ ،گرنگی دانی تایبەتیش بە دەوروبەری عەرەبی کە دەتوانی ببێتە پەرژینێکی سیاسی بۆ خەباتی گەلی کورد و ئامانجە نەتەوەییەکانی هەر چۆنێکیش بێ لەنێوانی هۆکارە هاوتاکانی خۆیدا نزیکترین و بەربڵاوترین و نفوزیترین دەوروبەرە، بێ ئەوەی کە لە گرنگی و وەدەسهێنانی دڵی گەلانی ئێران و تورکیا بۆ پشتگیری لە مەسەلە ڕەواکەی گەلی کورد لە عێڕاقدا و لەمەسەلەی گەلی عێڕاق بە گشتی کەم بکەینەوە.
- بەهێزکردنی پەیوەندی کاری هاوبەش لەگەڵ لایەن و هێزە سیاسی و دیموکراتی و نەتەوەییەکانی عێڕاقدا لەسەر بنچینەی تێکۆشان لە پێناو عێراقێکی دیموکراتی یەکگرتووی سەربەخۆی فیدڕاڵی دا.
شیوعییەکانی عێڕاق ، بەو هاوڕێ یانەشەوە کە لە کوردستاندا تێ دەکۆشن ، پێشتر و ئێستاش لەسەرجەمی چالاکی یەکان و بۆچوون و هەنگاو هەڵهێنانەکانیاندا لەو پێگەیەوە دەستپێدەکەن کە گەلی کورد مافی دیاریکردنی چارەنوسی تەنانەت بە مافی جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆشیەوە هەیە ،و لەم پێگەیەشەوە بوو کە کاتێک لە ٤ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دا ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان شێوەی فیدڕاڵی هەڵبژارد، پشتگیری یان لێکرد و بانگیان بەرزیان بۆدا، چونکە لەم هەل و مەرجە مێژووییەی ئێستامان بۆ پاراستنی عێڕاقێکی دیموکراتی و یەکگرتوو ، بەشێوەیەکی لەباری دەزانین.
ڕێک هەر لەم پێگەیەشەوە بوو کە سەرکردایەتی حزب ساڵی ١٩٩١ لە بابەتەکانی کۆمیتەی ناوەدی دا شێوازێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی شیوعییەکانی کوردستان پێشکەشکرد کە وەڵامدانەوەیەک بێ بۆ گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایی یە و بەپیرەوە چونی ئەو ئاسۆ مێژووی یانە بێ کە لەبەردەم گەلی کورد دا کراونەتەوە و خواستی پەرەسەندنی ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان و بۆ حزبی شیوعی کوردستان-عێڕاق زامن بکات و تەنها شێوازێکی ڕوکەشانە نەبێت بەڵکو وەکو قەوارەیەک بێ لە قەوارەکانی حزبی شیوعی عێڕاق کە سەربەخۆ دەبێ لە داڕشتنی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و لە سیاسەت و پلاندانان و بەجێگەیاندنی لە بوارە جۆراوجۆرە کوردستانییەکاندا و هەڵبژاردنی سەرکردەکانی دا سەربەخۆیی هەبێ و پشت بە پێگە گشتییەکانی بەڵگەنامە بەرنامەی یەکانی حزبی شیوعی عێڕاق ببەستێ .
بە پەرۆشەوە بوون بۆ ئەم مەسەلەیە لەلایەن حزبی شیوعی عێڕاقەوە ، بۆ ڕێکخستنی شیوعییەکانی کوردستان ، لە پەرەسەندنی مەسەلەی کورد لەعێڕاق و لەوەی لە ئەرزی واقیعدا هاتۆتەدی سەرچاوە دەگرێ ، لەوەی کە گەلی کورد پێویستی بە لێکتێگەیشتن و پاڵپشتی بزووتنەوەی دیموکراتی عێراقە بۆ هێنانەدی دیموکراسی کە ئەو چوارچێوە هەرە بەهێزەیە بۆ وەڵامدانەوەی مافی گەلی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسیدا و پێویستی گەلی کورد بۆ ڕەچاوەکردنی بنیات نانی چاکترین شێوازی هاوپەیمانێتی و خەباتی ناوخۆیی لەگەڵ گەلانی عەرەب و وڵاتەکانیاندا و لەگەڵ گەلانی وڵاتە دراوسێکانی دیکە بە تایبەی تورکیا و ئێران دا.
میوانە بەڕێزەکان!
حزبمان لە کاتێکدا هەندێک لە بەرهەمی قوربانیدانی لەسەر خاکی کوردستان دەچنێتەوە(کە ئەویش قوربانی دانە بە خۆشەویسترین و هێژاترین تێکۆشەرانی شیوعی لە ڕۆڵەکانی عێراق و دەیان هەزار زیندانی و دەربەدەر و ئازاردراو)ئەوە دەزانین کە هەلومەرجی تێکۆشان وەکو ساڵانی پێشوو نەماوە و پاش ئەو بومەلەرزە گەورەیەی کە بووە هۆی ڕوخانی یەکیەتی سۆڤێت و وڵاتە سۆسیالیستەکانی دیکە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی تووشی شکستی و پاشەکشێی ترسناک کرد و تیوریەکی ڕێباز و ڕێکخستنەکان و شێوازی کارکردنی خستە بەر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە .
ئێمەش لە کاتێکدا ئاگاداری هەموو ئەمانە بین ناترسێین لەوەی دان بەوەدا بنێین کە ئەو شکستیانە ئێمەشی هەژاند و سەرکردایەتی و ڕێکخراوەکانی خوارەوەمانی خستە بەردەم ڕوبەرووبونەوەی تیۆری و سیاسی و ڕێکخراوەیی کە بەگرخستنەوەی فکر و چاوپێداخشاندنەوەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیانی حزبی دەوێ بۆ نوێکردنەوەی و بەتواناتر بێ بۆ وەڵامدانەوەی ژیان و ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی دەیانخاتە بەردەمی.
ئێمە وا لە نوێخوازی ناگەین بەو شێوە سڕینەوەیەی پێوەیلکێنراوە یان نمونە ناهەموار و داتەپیوەکانی وەرگرین بەڵکو بە پرۆسەیەکی بابەتیانەی داهێنەری دەزانین کە بیر و ئامراز و شێوازی کارکردنمان بگەیەنێتە ئاستێکی باڵاو باوەڕمان پتەوتر بکات بە مەسەلەی گۆڕانی جیهانمان و پاکتاوکردنی چەوساندەوە و زۆرداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان کە تیایدا چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە نەمێنێ و چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی و ئایینی و تایفەگەری نەهێڵێ و پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکان باڵی بەسەردا بکێشێ . ئەویش کۆمەڵگای سۆسیالیستی یە کە ڕێگا و ئامانجمانە و لە پێناویدا تێدەکۆشین.
ئێمە وا لەنوێخوازی تێدەگەین کە ئامرازی هێنانەدی ڕێگای سۆسیالیسزممانە. ئەم ڕیگایەش خەیاڵی نی یە.هەرواش ڕەچیتەیەکی ئامادەکراو یان دووبارەکردنەوەی نمونە ڕووخاوەکان نی یە، بەڵکو شێوازێکی باڵایە پەیوەستە بەکاری بێ وچان بۆ هێنانەدی ئاستێکی باڵاتر لە پەرەگرتنی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری لە چوارچێوەی ڕژێمێکی دیموکراسی بە توانا بۆ دابینکردن و مەیسەرکردنی پێویستیە مادی گیانیەکانی گەلەکەمان.
ئەم ڕێگای سۆسیالیستیەش پێویستی بە داڕشتنی نیشانەکانی و ئامرازەکانێتی.. ئێمەش وەک حزبێک وا دەبینین کە مارکسیزم وەکو ڕێباز و وشە بەندیی فەلسەفە و دەستکەوتی فیکریی داهێنەرانە لە بوارەکانی مێژوو و کۆمەڵگا و ئابوری و ، لینینزم وەکو چەمکێکی گشتی، بنچینەیەک پێشکەش دەکەن بەوەی هاتۆتە دی دەوڵەمەند دەبێ و دێتە دی بە هەنگاونانی مەزن لەبوارە جیا جیاکانی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆژی و زانستە مرۆڤایەتیەکانی دیکە.
ئێمە لە کاتێکدا دەست بەم ڕێگە تیۆریەوە دەگرین بەو پێ یەی ڕێبەری کارمانە، بێ ئاگا نین لەو گۆڕانکاریە مەزنانە یان لەو وێرانبونە ماددی و گیانیەی لە دەوروبەرماندا ڕودەدەن و ، ئەم خۆبەستنەوەیەشمان بە دەمارگیری بۆ بیر و باوەڕەکەمان دەرنابڕین بەڵکو ئێمە لە کاتێکدا کە ڕەشەبای تەم و مژ کە داڕمانی نمونەی سۆسیالیستی و یەکێتی سۆڤێت و وروژاندنی کپ بووە و ، بۆ دەوروبەری خۆمان دەڕوانین دەبینین سەرمایەداری کە هەموو تواناکانی بۆ هێنانەدی سەروەری خۆی بەسەر جیهاندا خستە کار ، ڕێگای مرۆڤایەتی نی یە بۆ زاڵبوون بەسەر مەینەتی و گیر و گرفتەکانی و ئەو مەترسیانەی تەنیوێتی بەڵکو پێشکەوتوترین وڵاتانی سەرمایەداری چووە قۆناغێکی نوێی کێشمەکێشی ناوخۆییەوە و دیاردەکانی تەنها لە چوارچێوەی ملیۆنەها بێ کار و یان گەندەڵی ڕەوشت و پاشەکشەی بەها مرۆڤایەتیەکاند نی یە، بەڵکو پێکهاتووە کۆمەڵایەتیەکەی بە بەردەوامی دوچاری هەڵوەشێنەوە دەبێ و ئەگەر بێتو سنوور بەند نەکرێت ئەو کاتەش، هەروەکو سەرۆکی ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا(بیل کلنتون) وتی کەوا بەجۆرێکی وەها هەڕەشە دەکات کەوا گەلی ئەمریکا تەنها پاش دە ساڵی تر وێنەی خۆی ناناسێتەوە.
ئێستاش ئەوەتا پەشێوی و نا ئارامی لەجیهاندا پتر تر دەبێ ، ململانێی خوێناوی و گیروگرفتی قەرز و پیسبونی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوای جیهان و وشکبون و بە بیابان بوون و برسێتی و نەمانی سامانی سروشتی و ئیتر،هەموو ئەمانە لە زیادبوندان بەڵکو وڵاتە پیشەسازیە گەورەکان کەوتونەتە کێشەی گومرگ و لەنێو خۆیاندا کێشەیانە لەسەر دابەشکردنی بازاڕەکانی جیهان.
هەرچی لە بواری تیۆر و فیکرە ، سەرمایەداری و تیوری زانەکانی هیچ شتێکیان پێشکەش نەکرد جگە لە سروش دان و مژدە دان بەکۆتای هاتینی مێژوو لە سنورەکانی سەرمایەداریدا ، واتە لە بەردەم مرۆڤدا تەنها ڕێگەیەک هەیە ئەویش قایل بوونێتی بە چەوسانەوە و جیاوازیی کۆمەڵایەتی و بەپیرۆز زانینی نمونەی ئەمریکی و وێرانکردنی سروشت و شێواندنی وێنەی گەردوونە جوانەکەمان.
مارکسیزم باوەڕێکی بەستەڵۆک نیە و ئەو دەرەنجامانەش نییە جوڵەی واقیعی لە ئاستدا ڕاوەستابێ ، بەڵکو لایەن و ڕەگەزەکانی تیایدا چووە حوکمی ڕابردووە، بەم جۆرە ئەو لایەن و ڕەگەزانە دەرەنجامی بەشداریە داهێنەرەکانی لینین بوون، هەڵەی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەی مان کرد لەبەرئەوەی دیالیکتێکی داهێنەرانی مارکس و کرۆکی چالاکیە شۆڕشگێرانەکانیمان وەرنەگرت، لەهەمان کاتدا لینینزیمشمان وەرنەگرت بەو پێیەی بەشدارییەکی شێوازی مێژووی هەستپێکراوە لە تێگەیشتن و دەوڵەمەندکردنی مارکسیزم ، لەوانەش پتر تا ئەو ڕادە ڕەگەزە پێشکەوتەکانی کەلەپوری شارستانیمان لە بوارە جیاجیاکاندا پشگوێ خست، دەبوایە بزووتنەوەکەمان بەشیوەیەکی قوڵتر بە تایبەتمەندیە نیشتمانی و نەتەوەییەکان ڕەنگڕێژ بکرایە ، ئێستاش کاتی ئەوەیە هەموو ئەو شتانە ئەنجامدەین ، نەک بە حوکمی چاولێکەری بەڵکو لە ڕوانگەی تێڕوانین و باوەڕ بە پێویستی نوێکاری.
پێویستە دان بەوەدا بنێین کە نوێکاری پێویستی بە تێڕوانینێکی سەرانسەری هەیە و فیکر و سیاسەت و دروشمەکانی هەڕەمی ڕێکخستن بگرێتەوە و وزە و توانی لاوی دەوێ کە حزب و سەکردایەتیەکەی بە خوێنی تازە و توانای داهێنەرانە پاراو بدات، هەر بەو تێروانینە ڕەخنەگرانەیەشەوە بەرەو کۆنگرەی نیشتیمانی پێنجەمی حزب دەچین .
ئەو تێڕوانینانەمان بۆ نوێکاری بەندە بە بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لە ژیانی حزب و هەڵسوکەوتەکانی لەم بوارە وە لە ژیانی ڕێکخراوەکانی حزبدا وەرچەرخانێکی تەواو مان هێنایەدی ، ئەگەر چیش لەمەدا نەمانتوانی لە بەشیکی گرنگ و زیندووی حزب لە ناوچانەی کە لەژێر سەرکوتکردنی خوێناوی دیکتاتۆردایە ، بگەینە مەبەست.
ئەم وەرچەرخانە حزبی گواستەوە بۆ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی دیموکراتیانەی لێپرسراوان و نوێنەرانی ئەمەش بە نسبەت ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان ڕووی دا، ئەوەتا نوێنەرانی کۆنگرەی ئێستای هەرێم ڕاستەوخۆ لە بنکە حزبیەکانیانەوە هەڵبژێردراون و سەرپشک کراوە لە چۆنێتی سودوەرگرتن لە وزە و تواناکانی ئەو هاوڕێیانەیان،کە لەبەر هەر هۆیەک بێ هەڵنەبژێراون ، بۆ کاری کۆنگرە و بۆ کاری داهاتووی حزب بە گشتی.
ئەم وەرچەرخانەش وەک هەر وەرچەرخانێکی چلۆنایەتی لەگەڵ کۆسپ و تەگەرەکان لێک دەدات و مەترسی و ڕووە سلبیەکان لە دوو توێی خۆیدا دێنێ ، بەڵام هەموو ئەمانە تەنها پێویستی بەردەوامبوونی دەخوازی بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم ئەزموونە بەڵام هاوڕێ یان دیموکراتیەت بە هیچ شێوەیەک تەنها هەڵبژاردن ناگەیەنێ ، بەڵکو سیستەمێکی تەواوە لە بیر و باوەڕ و نەرێت کە دەبێ لەژیانی حزبی و سیاسیدا بچەسپێنرێ و بەشداربوونێکی بەرپرسانەیە لە هەردوو چالاکی حزبی و سیاسی لە ئەرک و مافەکاندا، هەروەها بەرجەستە دەبێ لە پشت بەستن بە پێودانگە مەبدەئیەکان لە کە لەهەستکردنی بەرز بە لێپرسراوێتی بەرامبەر چارەنووسی حزب و گەل سەرچاوە دەگرێ ، ئەمەش چ بە بەشداری کردن لە داڕشتنی پرۆگرام و سیاسەتەکان و دروشمەکان بێ ، یان هەڵبژاردنی باشترین تواناکان بێ کە شوێنە سەرکردایەتیەکان بگرنە ئەستۆ ……
میوانە خۆشەویستەکان !
هاوڕێ یان !
حزبمان بایەخ دەدات بە تێپەڕاندنی ئەم واقیعە خوێناویەی ئێستا گەلی عێراقمان و نیشتیمانەکەمانی تێدا دەژێ و هەست بەو مەترسیانە دەکات کە کۆمەڵگاکەمان ، چ لە بواری تێکڕای کۆمەڵگای عێڕاق یان کۆمەڵگای کوردستان دا دوچاری دەبێتەوە و بەراشکاوی دەزانێ کە بنیادنانی عێڕاقێکی دیموکراتی فیدڕاڵی فرە لایەنی بەکارخستنی هەموو وزە خێرخوازەکانی دەوێ بۆ ڕزگارکردنی نیشتیمانەکەمان و گەلەکەمان لە شوێنەوارەکانی حوکمی دیکتاتۆری و جێماوەکانی لە هەموو ڕوویەکی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتیداو ڕاوەستان بەڕووی هەست و خولیای تاریک و خێڵایەتی دواکەوتوو کە ڕژێم دەیەوێ زیندووی بکاتەوەو یان بە کردەوە بە ڕێبازی تایفەگەریانەی شۆڤینیستانەی دژ بە بەرژەوەندیەکانی گەل ببوژێنێتەوە .
لەبەر ئەوە حزب بایەخێکی تایبەتی دەدا بە پتەوکردنی بناغەی پەیوەندییە دیموکراتی یەکان لە نێوان هێزە بەرهەڵستکارەکانی لە ژیانی سیاسی ئێستا و داهاتوودا و دامەزراندنی هاوپەیمانێتی چینایەتی و سیاسی پتەو کە سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەت و بنیادنانی عێڕاقی دیموکراتی فیدراڵی یەکگرتووی داواکراو و پەرەسەندنی بەردەوامی مسۆگەر بکات.
حزب وای دەبینێ کە هەر هاوپەیمانیەتیەک مەبەستی وەدەسهێنانی ئەم ئامانجە بێ ، دەبێ تەوژمە فیکری و سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان و بەشداری کردنێکی چالاکانە و شوێننگرتنی گونجاوی بۆ مسۆگەر بکرێ، ئۆپۆزسیۆنی عێڕاقی ناتوانێ لە وەدەسهێنانی ئەرکەکانی سەرکەوێ ئەگەر ئەم ڕاستی یە تێنەگا و تەواوی چالاکیەکانی نەگوێزێتەوە نێو ڕیزەکانی جەماوەری گەل ، هەروەها بێ ئەنجامدانی چالاکیەکانی بە پشت بەستن بە موڵدانی وزەکانی گەل ، بەو پێ یەی بنچینەی گۆڕانکاریی دیموکراتی داواکراوە نەک بەپشت بەستن بە دەرەوە کە هەرگیز شوێنی کارکردنی ناوەوە ناگرێتەوە هەرچەندیش پلەی گرنگێتی بەرز بێت هەروەک هۆکارێکی یارمەتی دەر دەمێنێتەوە .
هاوڕێیان !
سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان پشت بە ئیرادە و چاکی بەڕێوەبردن و بەشداری کردنتان لەگفتوگۆ کردنێکی قوڵ و لێپرسراوانەی بڕوانامەکان دەبەستێ ، هەروەها وەدی هێنانی ئامانجەکانی کۆنگرەکەتان دەوەستێتە سەر نوێ کردنەوەی سەرکردایەتیەکەتان بەپێی پێوەرە مەبدەئیەکانی و خەسڵەتی حزبیانەو نەرێتی شۆڕشگێڕانە .
نوێکردنەوەی خوێنی حزب و خێراکردنی چالاکیەکانی لە هەموو بوارەکاندا ، پێویستی بە وزەی داهێنەرانەی لاوان و زرینگێتی بەرز و توانای فیکری و زانستی و ئامادەبوون بۆ بەردەوامبون و قوربانیدان و گیانفیدای و هەنگاو هەڵهێنان بەردەوامی نێوان کۆن و نوێ لە چەندێتی جدێتیتان بۆ پەیڕەوکردنی ئەم پێوەرانە سەرچاوە دەگرێ ، دوور لەهەڵچونی خۆی و کاردانەوەی ناوەخت و لەناکاو ، دە با سەرکەوتنەکانتان لەم بوارەدا بەشداری کردن بێ لە سەرکەوتنی کۆنگرەی نیشتیمانی پێنجەمی حزب و ڕاپەرین بێ بۆ هێنانە دی دروشمی کۆنگرەکەتان کە ( لەپێناوی پاراستن و پتەوکردنی ئەزموونی دیموکراسی لە کوردستان دا و لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و چاودێری بەرژەوەندییەکانی زەحمەتکێشان )ە .
ئاواتەخوازین لە کارەکانی داهاتوو تاندا پتر بایەخ بە بەرزکردنەوەی ئاستی فیکری و سیاسی ڕێکخراوەکانتان بدەن و زیاتر خۆ بە کێشەکانی جەماوەر و بە تایبەتیش جەماوەری کرێکار و جوتیار ببەستنەوە و ڕێکخراوە سەندیکایی و پیشەیی یە سەربەخۆکانیان بەهێز بکرێت و لەگەڵیاندا بەشداری بکرێت لە خەبات لە پێناو سوککردنی ئەندێشە و ئێش و ئازارە سەختەکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا ، لەبەرئەوەی داکۆکیکردن لە بەرژەوەندیەکانی زەحمەتکێشان ئەوسا و ئێستاش جەوهەری خەباتی شیوعیەکانە لە هەموو جێگایەکدا .
هاوڕێ یانی خۆشەویستمان هیوادارین زۆرترین کاربکرێ لەپێناو پتەوکردنی پێگەکانی بەرەی کوردستانی وە سەکردایەتیەکی سیاسی گەلی کوردستان و پاڵپشتی دەسەڵاتەکانی بکرێ بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو بارە قورسەی کوردستان تێیدا دەژێ و ئەو ئەزموونە دیموکراسیە تازە لەدایکبووەی ناوی پتە بکرێت و داکۆکی لەدەسکەوتە وەدەسهێنراوەکان بکرێت و پێش بخرێن .
لەگەڵ سڵاوی گەرمی هاوڕێ یانە و ئاواتخوازتنی دڵسۆزانەمان بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان .
بۆ پێشەوە……
*ئەم وتارە دەبوایە لەئەڵقەکانی سەرەتا دابنرێ،لەبەر ئەوەی فریای نوسینەوەی نەکەوتین، وائێستا بڵاوی دەکەینەوە.